سەرەکی » مانشێت » یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عیراق

شرۆڤەی رۆژ

یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عیراق

هەواڵ و بەدواداچوون

لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر خۆپیشاندانەكانی 25ی ئۆكتۆبەری 2019دا، خۆپیشاندەرانی عیراق سوورن لەسەر جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانیان، ئەمەش وایكردووە كە حكومەتی نوێی عیراق، دووپاتی بكاتەوە كە خۆی بە نوێنەری خۆپیشاندەران دەزانێت و داواكاریی خۆپیشاندەرانیش لە ئەولەویەتی كارەكانی دەبێت.

سەرۆك وەزیرانی عیراق شەوی شەممە لە وتارێكدا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی خۆیدا كردەوە و دڵنیایی دا كە «هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد دەبێت و حكومەت بەرپرس دەبێت لە سندوقەكانی دەنگدان». هەر تایبەت بەو پرسە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی شەممە بازنەكانی هەڵبژاردنی چەند پارێزگایەكی بە هەرێمی كوردستانیشەوە یەكلاكردەوە.

یەكێك لە خواست و داواكاریی خۆپیشاندەرانی ساڵی رابردووی عیراق، هەڵبژاردنی پێشوەختە و هاوكات گۆڕانكاریی بوو لە یاسای هەڵبژاردندا.

بازنەكانی هەڵبژاردن ئێستا تا ئاستێك یەكلابوونەتەوە، كە لە رابردوودا یەكێك بوو لە كێشەکانی نێوان فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكان، بەمەش خەریكە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عیراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

یاسایەك هەندێك ئومێدێكی زۆریان لەسەر هەڵچنیووە، هەندێكیش پێیانوایە «ئەو یاسایە هیچ لە دۆخەكە و پێگە و كاریگەریی حزبەكان ناگۆڕێت»، ئەمە بە تایبەت بۆ حزبە كاریگەرەكان رەنگە دۆخەكە ئەوەندە نەگۆڕێت.

ئێستا لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی 25ی ئۆكتۆبەردا، خۆپیشاندەران جەخت لە خواست و داواكارییەكانیان و لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە بە یاسای نوێی هەڵبژاردن دەكەنەوە، پرسیار ئەوەیە یاسای نوێی هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت؟.

 76 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*