سەرەکی » زانست » چیرۆكی سەرەتاكانی خەڵاتی نۆبڵ

چیرۆكی سەرەتاكانی خەڵاتی نۆبڵ

بەشی چوارەم

ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك ئەكادیمیای شاهانەی سوید بۆ زانستەكان ناوی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا و كیمیا و زانستی ئابوریی ڕادەگەیەنێت‌و لیژنەی نۆبڵی پەیمانگەی (كارۆلینسكا) لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكیی ڕادەگەیەنێت، لە كاتێكدا ئەكادیمیای سویدی لە ستۆكهۆڵم خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب ئاشكرادەكات، هەروەها لیژنەی نەرویژی خەڵاتی نۆبڵ ناوی براوەی نۆبڵی ئاشتیی ڕادەگەیەنێت.

ئەم خەڵاتەو بەخشینەكەشی لەهەندێك ڕووداو و حاڵەتی سەیر و نامۆ بەدەر نییە لەوانەش:

١- شاعیری فەرەنسیی ( رێنیە سولی) یەكەمین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی (١٩٠١)ەیە و بەوەش وەرزی ڕەخنەگرتنەكان لە ئەكادیمیای بەخشینی ئەو خەڵاتە دەستی پێكرد، چونكە زۆربەی چاودێرانی بواری ئەدەب و نووسەرانی ئەو سەردەمە ڕایانگەیاند كە پێشتر(لیو تۆلستۆی) نووسەری بە ناوبانگی ڕوسیی كاندیدی بە هێز بووە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.

٢- لیژنەی خەڵاتی نۆبل (٣) خەڵات تەرخان دەكات بوارەكانی زانستی كیمیا وفیزیا و پزیشكیی ڕەنگە هەر خەڵاتە و بە تەنها بدرێتە یەك كەس وەك ئەو یاسایەی كە (ئەلفرێد نۆبڵ)خۆی دایناوە، زۆر جاریش دەكرێت خەڵاتەكە بكرێتە دووبەش یان بە یەكسانی بدرێتە (٣) كەس لە یەك بواردا، هەندێك جاریش خەڵاتەكە دەكرێتە دووبەش و لە نێوان سێ كەسدا دابەش دەكرێت كە یەكێكیان نیوەی دەبات و دوو كەسەكەی تر یەكی چارەكێكی خەڵاتەكەیان بەردەكەوێت.

٣- لیژنەی ڕاسپێراوی بەخشینی خەڵاتەكە داوا لەو كەسانە دەكات كە ناویان ڕادەگەیەنرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە وتارێك ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لەبەردەم لیژنەكەدا پێشكەشی بكەن و پێویستە بەر لە (٢٤) سەعات ئەو وتارە بنێردرێت تاكو بكرێتە سویدیی بۆ لیژنەكە و بۆ ئەوەی دەقی وتارەكەش هەڵبسەنگێنرێت، هەروەها چەندین یاسای توند هەیە بۆ چۆنییەتی هەڵبژاردنی جلوبەرگی براوەكان و ڕێوشوێنی ئاهەنگەكە كە ئێوارە خوانێكی مۆزیكئامێز لە خۆ دەگرێت.

٤- لەساڵی (١٩٨٨)دا (لیۆن لیدرمان)ی زانای ئەمریكی براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا، لە ڕێگەی كەسێكی نەناسراوەوە خەڵاتەكەی بە (٧٦٥ ) هەزار دۆلار فرۆشتەوە بە خانەیەكی زیادكردنی ئاشكرا بۆ ئەوەی خەرجیی چارەسەرەكەی دابین بكات، چونكە خەریكبوو تووشی نەخۆشیی زهایمەر دەبوو ، ئەم هەواڵەش ناوەنە زانستییەكانی تووشی خەمباریی و شۆك كرد.

٥- بە پێچەوانەی بیركردنەوەی هەندێك كەسەوە، ئەو خەڵاتانەی بواری زانست كە دەبەخشرێن مەرج نییە بە شێوەیەكی ساڵانە بێت و ببەخشرێتە داهێنان و دەستكەوتە زانستییەكانی هەمان ساڵ، بەڵكو كەسێكی وەك (پیتون روس) كە ڤایرۆلۆژییەكی ئەمریكی بووە ماوەی(٥٠) ساڵ چاوەڕوان بووە بۆ ئەوەی ئەو خەڵاتەی پێشكەش بكرێت لە پای دۆزینەوەی ئەو ڤایرۆسانەی كە دەبنە هۆی دروستكردنی(لووەكان) و لە ساڵی(١٩٦٦) دا خەڵاتی نۆبڵی پزیشكیی پێبەخشراوە.

٦- لەساڵی ( ١٩٥٣) دا لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ناوی ( وینستۆن چەرچڵ) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای وەك كاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ڕاگەیاند، لەپای ئەوەی لە (١٢) بەرگدا یادداشتەكانی لەبارەی ( جەنگی دووەمی جیهانیی)نوسیبووەوە، ئەم بڕیارەش دیسان ئەدیبان و ڕەخنەگرانی ئەدەبی تووشیی سەرسوڕمان كرد و ئاشكرایانكرد، نووسینەكانی هیچ بەهایەكی ئەدەبیی نییە تا بچێتە كێبەركێوە لەگەڵ ئەدیبان و نووسەرانی دیكە، ئەوەی هەیە، لیژنەی نۆبڵ ویستوویانە قەرەبووی بكەنەوە، چونكە پێشترو بەر لە(٨)ساڵ كاندیدێكی بەهێز بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و پێینەدراوە.

٧- لەساڵی (١٩٩٧)دا نۆبڵی ئابووری بە هاوبەشی درایە(ڕۆبەرت میرتۆن و میبرون سكولس)ی ئابوری ناسانی ئەمریكیی، وەك بەرزنرخاندنی هەوڵەكانیان بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لە بواری هەڵسەنگاندنی ئابوریدا، خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشرا، بەڵام هەموو ئەو سندوق و كۆمپانیا داراییانەی كە تیۆرەكانی ئەو دوو كەسەیان پەیڕەو كرد بە ملیارەها دۆلار زیانیان پێگەیشت ، ئێستاش ئەو تیۆرانەیان لەلای هەندێك لەپسپۆڕان جێگەی ڕەخنەیە.

٨- لەساڵی (٢٠٠٩) دا باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوتری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تووشی سەرسوڕمان بوو كاتێك ناوی وەك كاندیدی بەهێزی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕاگەیەندرا، نەك هەر ئەو، بەڵكو زۆر كەسی تریش تووشی سەرسوڕمان بوون، چونكە ئەو لەو كاتەدا ماوەی كەمتر لە ساڵێك بوو ببووە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هیچ شتێكی ئەوتۆی نەكردبوو كە جێگەی سەرنج بێت و مایەی ئەوەبێت خەڵاتێكی وا گەورەی پێبدرێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*