سەرەکی » کەلتوور » پێویستە ھەمیشە رووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت

سارا عومەر:

پێویستە ھەمیشە رووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت

سارا عومەر، نووسەر و رۆماننووسی کورد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری کۆپنھاگن لە دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“ی وەرگرت. لە ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی گەل (شەهید کەمال کوردی) تەواو کردووە و تا پۆلی دووی ناوەندی لە قوتابخانەی (هەوار)ی کچان خوێندوویەتی.

لە دانیمارک درێژەی بە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی بەشی زانستی داوە. لە دوو زانکۆی دانیمارک ئەم سێ کۆلیژەی خوێندووە: کۆلیژی زانستی ئەدەبی جیهانی، کۆلیژی پزیشکی، کۆلیژی یاسا. ماوەی 13 ساڵە لە دانیمارک دەژیت و خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری شیعر و رۆماندا.

سارا جگە لەوەی لەبواری نووسینی ئەدەبیدا چالاکە. لە بواری مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیشدا چالاکییەکی زۆری هەیە.

دۆستان و ئازیزان:

خۆشحاڵم پێتان رابگەیەنم، کە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری کۆپنھاگن لە دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel.م پێ بەخشرا.

ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێنراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە رەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی رەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا راکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

من کە ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەک چۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێ بەخشرابێت.

بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەک چۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسمکرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و رادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشان بدات سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە رێزی لێ بگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادی نووسین و رادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگ ببم. ئەگەر رۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە رێگرتن لە سووکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی را و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن.

ئەوە راستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی رۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لە دوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ رەوا نابینرێت.

من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە رووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، رووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە رۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیم نەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.

ڕێز و خۆشەویستیم

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*