سەرەکی » وتار » قەناتی کوردۆ

کڵاوڕۆژنە

قەناتی کوردۆ

گۆشەیەکی هەفتانەیە راپەڕ عوسمان عوزێری ئامادەی دەکات

لەڕۆژی 1909.09.21 لەگوندی «سوسز»ی ناوچەی «قانزمان»ی هەرێمی قارس لە باکوری کوردستان لە دایکبووه، ناوی تەواوی «قەنات کوڕی کوردۆ کوڕی کەلەش کوڕی خدر»ە.

لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەساڵی 1918دا کە تورکەکان بەسەر ئەرمەندا زاڵبوون، بنەماڵەی قەنات و خەڵکی ئاواییەکەیان خۆیان لەچنگی تورکەکان رزگار کردو بەرەو ناوچەی «ئاپاران»ی ئەرمەنستانی ژێر دەستی رووسیا کەوتنەڕێ و لەو ناوە لە گوندی «کۆربلاخ» نیشتەجێبوون، کە خەڵکی گوندەکە هەموویان کورد بوون، هەر لەو ساڵەدا تورکەکان ناوچەی ئاپارانیان داگیرکرد، بەتایبەتی گوندە کوردییەکان، بۆیە ماڵی قەنات ماوەیەک دەربەدەربوون و لە دواییدا گەڕانەوە»ئاپاران» و باوکی بە کرێکاری گوزەرانی دەکردو لەساڵی 1920دا روویان کردە گورجستان و لەشاری «تفلیس» نیشتەجێبوون و ملیان دایەڕەنجبەری و باوکی لە1921دا کۆچی دوایکرد و پەروەردەکردنی ئەو کوڕە12 ساڵییە کەوتە ئەستۆی دایکی و هەر لەو ساڵەدا لەقوتابخانەی «هاگۆب گازاریانی»ی ئەرمەنی ناسراو بە»لازۆ» دەستی بەخوێندنکرد و ئەو زانایە بەپیتی لاتینی ئەرمەنی فێری کورد و ژنەکەشی زمانی ئەرمەنی فێرکرد.

قەناتی کوردۆ لەساڵی 1928دا خوێندنی سەرەتایی لەو قوتابخانە تایبەتیە تەواوکردو لە کۆلیژی کارگەران لەشاری لینینگراد وەرگیراو. لەساڵی 1931دا ئەو کۆلیژەی تەواوکرد، کە بەرامبەر قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بووەو لە کۆتایی ئەو ساڵەدا قەنات و دوو هاوڕێی کوردی کۆلیژی زمانەوانەی زانکۆی لینینگراد وەرگیران و لەساڵی 1936دا خوێندنی تەواوکرد و بڕوانامەی دیبلۆمی وەرگرت و هەر ئەو ساڵە لە دکتۆرا وەرگیراو لە ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای تەواوکرد و بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت و لەپەیمانگای ئەسنۆگرافیای ئەکادیمیای زانستی سۆڤیەت دامەزراوه، دوای ماوەیەکی کەم نێردایە»فابریقەی شەفەقی سوو» تا مانگی شوباتی 1942.

دکتۆر قەناتی کوردۆ لەساڵی 1945دا بووە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی رووسیا و لەپاش جەنگیش زمانی کوردی بەخوێندکارانی بەشی ئێرانی دەوتەوه.

لەساڵی 1947، تاکو1960 سکرتێری لیژنەی ناوچەی پارتی کۆمۆنیستی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی بووە لەو شارەی لینینگراد، تاکو ساڵی 1958. قەناتی کوردۆ و ئیسحاق تسوکەرمان و مارگریت رودینکۆ خەریکی کوردناسی بوون لە بەشی ئێرانی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی و لەساڵی 1958دا بەشی کوردی بەیارمەتی یوسف ئۆربێلی سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتناس جیاکرایەوەو بووە بەشێکی سەربەخۆ.

لەسەرەتادا ئۆربێلی خۆی بووە سەرۆکی، بەڵام لەدواییدا دکتۆر قەناتی کوردۆ بە سەرۆکی بەشەکە هەڵبژێردرا. دکتۆر قەنات لەساڵی 1968دا بڕوانامەی دکتۆرای «ناووک» واتە دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت و پلەی زانستی بووەتە پڕۆفیسۆر.

تاکو رۆژی کۆچی دوایی لە1985.10.31دا وەک سەرۆکی بەشی کوردی و زانایەکی مەزنی کورد و کوردناسێکی دڵسۆز و لێهاتووی نەتەوەکەی خزمەتی زمان و وێژەی و مێژووی کوردی کرد.
لە پەرتوکی(گۆرانی و بەندی میللی کوردی) کوردۆیڤ لەو پەرتوکەدا دەڵێت؛ کە زۆربەی تێکست و گۆرانییەکانی ئەم پەرتووکە کە لە کوردییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ڕووسی، سەرچاوەکەیان(ا. ژێندی) و(ا.سۆنتسینا) کە لەڕۆژنامەی(خاڤار)و(ڕووناخی) بڵاوبوونەتەوە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا زۆربەی نووسەرە کوردە ئەرمەنەکان ئەوانەی کە گۆرانی و ئاوازی کوردیان نووسیوە، لە رۆژنامە ئەرمەنییەکان کارە هونەرییەکانیان بڵاوکردۆتەوە، وەکو داهێنەرانێکی چالاك و بە ئەزموون گۆرانی میللی و سروودی کوردیان پێشکەشکردووە، کە ئەکتەرەکانیان دەوری پاڵەوانییەتی یان خۆشەویستی یان بەدبەختی و ناخۆشی بەخۆیەوە بینیوەو داهێنەری گۆرانی و سروودی کوردی ئەکتەرە سەرەکییەکانیان زیاتر روویان کردۆتە سروشت تا خۆشەویستی.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا لە نووسین و داهێنانی گۆرانی کوردی چەند نوسەرێکی پایە بەرز کۆدەبنەوەو دواڕۆژێکی پرشنگدار بە گۆرانی و کەلتووری کوردی دەبەخشن، لەوانە (لێرخ) و (سۆتسین) و(نیگیازارۆڤ).

لە هەمووی گرنگتر لە ساڵی1899 داهێنەرێکی ئاواز و مۆسیڤای کلاسیکی ئەرمەنی بە ناوی (کۆمیتاس) کە لە[بەرلین] خوێندنی باڵای ئەنجامدا لە مۆسیقای کلاسیکی و لە کۆتایی خوێندنەکەیدا و کاتی دیپڵۆم وەرگرتنەکەی لە بەردەم مامۆستا و پرۆفیسۆرە ئەڵمانییەکانیدا، گشت کارە هونەرییەکانی و دیپڵۆم و بڕوانامە باڵاکانی پێشکەشی مۆزەخانەی کوردی دەکات لە ئەڵمانیا، ئەو هەنگاوە مامۆستا و پڕۆفیسۆرە ئەوروپییەکانی سەرسام دەکات. لێرەدا(کۆمیتاس) دانی بەوە دانا کە گشت مۆسیقا و کارە هونەرییەکانی کوردین و لە گۆرانی و ئاوازە کوردیە کۆنەکان وەریگرتوون .

ئەم پەرتووکە بەهای نەتەوەیی کوردمان پێ نیشان دەدات کە چۆن رێز لە کورد و مۆسیقا و هونەر و کەلتووری کوردی گیراوە.

پڕۆفیسۆت قەناتی کوردۆ گەلێک بەرهەمی بە نرخی نووسیوەو بڵاوکردۆتەوەلەوانه:

1. تەحویری مێژووی کورد لە زانستی مێژوویی بۆ رجوازیی فارس- ساڵی 1954

2. خەپاتۆر ئابۆڤیان وەکو کوردناس و ئەسنۆگراف-ساڵی 1955

3. بیروباوەڕی ناڕاست لەبارەی زمانی کوردییەوە- ساڵی 1955

4. کورد لەپەرتووکی «نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»- ساڵی 1957

5. فەرهەنگی کوردی – رووسی «شێوەی کرمانجی باشوو» – ساڵی 1983

6. پەرتووکی رێزمانی کوردی- رەوان- ساڵی 1956

7. ئەحمەدی خانی و بەرهەمی وێژەیی

8. دروستبوونی وشە لە زمانی کوردیدا

9. کوردی سۆڤیەت لەوێژەیی کوردی دەرەوەدا

10. بیروباوەڕی قارەمانیەتی لەبەرهەمی وێژەی ئەحمەدی خانیدا

 120 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*