سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » پەیوەندییەکانی یەكێتیی ئەوروپا و توركیا بەکوێ دەگات؟

پەیوەندییەکانی یەكێتیی ئەوروپا و توركیا بەکوێ دەگات؟

هەینی رابردوو، پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە كێشەی توركیا لەگەڵ قوبرس و یۆناندا كۆبۆوە و ئەو پڕۆژەیەیان تاوتوێكرد، كە سزا بەسەر حكومەتی توركیادا دەسەپێنێت، لە بەرامبەر جموجۆڵە فراوانخوازییەكان و گەڕانی بەردەوامی بە دوای سەرچاوەكانی وزەدا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سەردانەكەی ئەمدواییەی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ باكووری قوبرس، كە ناڕەزایی یۆنانی لێكەوتەوە بەوەی ئەردۆغان وتبووی «دەسەڵاتمان بەسەر تەواوی قوبرسدا دەشكێنینەوە».

ئەم لێدوانە، بارەكەی هێندەی تر ئاڵۆزكرد، ئەو وڵاتە تۆمەتی ئەوەشی لەسەرە، كە گوایە بانگەشەی بۆ «ئەرسین تەتەر» كاندیدی سەرۆكایەتیی كۆماری قوبرسی باكوور كردووە و دەستی لە هەڵبژاردنەكەیان وەرداوە.

زۆرینە دەنگیان بۆ دا
دۆسێی سزادانەكەی توركیا خرایە دەنگدانەوە و لە كۆی 705 پەرلەمانتار، 631 كەسیان دەنگیان بە بەڵی بۆ دا و سێ ئەندام بێلایەنییان هەڵبژارد. بەپێی لێدوانی چاودێرانی سیاسی: ئەو دەنگە زۆرە لە دژی توركیا، ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو وڵاتە لە ناو یەكێتیی ئەوروپادا نەیاری زۆری هەیە و لە سیاسەتەكانی رازی نین، بەتایبەتیش لە بەرامبەر وڵاتانی ئەندام لەناو یەكێتییەكەدا.

توركیا ئیدانەی دەكات
لەكاردانەوەی ئەمەدا، حامی ئەقسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا، بەتوندی لە دژی ئەم بڕیارە وەستایەوە و رایگەیاند: بەستنەوەی كێشەی قوبرس بە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و ئەوروپا، ژیری و واقیعی نییە و دەبێت ئەوروپییەكان پابەندبن بەو پەیمانانەی كە لە ساڵی 2004ەوە بە بەشە توركییەكەی قوبرسیان داوە و ئیمزایان كردوە. هەروەك پشتیوانیی وڵاتەكەشی دووپاتكردەوە لەسەر ئەو بەیانەی كە حكومەتی بەشە توركییەكی قوبرس لەسەر هەڵوێستی ئەوروپا بڵاویكردۆتەوە و ناڕەزایی بەرامبەر هەڵوێستەكەی ئەوروپا دەربڕیوە.

ئایا سزا دەدرێت؟
ئەو دەنگدان و هەڵویستەی پەرلەمانی ئەوروپا، بڕیارەكە بەسەر یەكێتیی ئەوروپادا ناسەپێنێت، بەڵكو داواكاری و راسپاردەی پەرلەمانە و پێشنیارەكە دەخرێتە بەردەم كۆبوونەوەی باڵای یەكێتییەكە. لە چەند هەفتەی داهاتووشدا كۆبوونەوەی لوتكەی یەكێتییەكە سازدەدرێ و لەوێ بڕیار لەو راسپاردە و داواكارییەی پەرلەمان دەدرێت.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە، كە توركیا كێشە و ململانێی لەگەڵ هەریەك لە ئەرمینیا و یۆنان و قوبروسدا هەیە، كە سەرجەمیان ئەندامی یەكێتیی ئەوروپان و یەكێك لەو وڵاتانەی كە پێداگریی دەكات لەسەر سزادانی توركیا، فەرەنسایە، كە لەمدواییەدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزی بەخۆوە بینیوە. بەهەمان شێوە، یۆنانیش لەمێژە كێشەی لەسەر زۆر دۆسێ لەگەڵ توركیادا هەیە و چاوی لەوەیە كە ئەوروپا سنوورێكی بۆ دابنێت. جگەلەوە، لەسەر ئاستی نێوەندی سیاسیدا، زۆربەی نوێنەرانی ئەو وڵاتانە، گلەیی و گازندە لە توركیا دەكەن، بەڵام لەسەر ئاستی پراكتیكدا، خوازیاری سزادانی نین، بەتایبەتیش ئەڵمانیا كە سەركردایەتیی ئەم خولەی ئێستای یەكێتییەكە دەكا و بەرژەوەندیی باڵای لەگەڵیدا هەیە، لە فرۆشتنی چەك و جبەخانە و هەناردە و هاوردەی بازرگانی و بوونی رەوەندێكی چەند ملیۆنی توركی، رەنگدانەوەیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە هەیە. جگەلەوەش، پشتیوانی هەر سزادانێك لەلایەن ئەڵمانیاوە، لەوانەیە كاردانەوەی نێوخۆیی لێبكەوێتەوە و بارودۆخی ئەمنیی وڵات تێكبدات، بۆیە بەرلین زیاتر هەوڵی دیپلۆماسی دەدات تاكو توركیا بخاتە سەر هێڵی ئارامی و خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەر، بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی ناو یەكێتیی ئەوروپا.

بەگشتی، وڵاتانی تری ئەوروپاش هەریەكەو بەشێوەیەک بەرژەوەندییان لەگەڵ توركیا هەیە و نایانەوێت تێكی بدەن، لەهەمان كاتدا دەخوازن توركیا واز لەسیاسەتی ئێستای بهێنێت و لەجیاتی سزادان، فشاری بخەنە سەر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵیدا.

دەرفەت هەیە؟
بەپێی لێدوانی شارەزایان، پەرلەمانی ئەوروپا لە پڕۆژەكەیدا داوای سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو تورکیادا دەكات، بەڵام داواش لە ئەنقەرە دەكات كە بە پاشگەزبوونەوە لە كردەوە و هەڵوێستەكانی، بۆی هەیە ئەستۆپاكی خۆی دەربخا و خۆی لەسزاكان رزگار بكات، بۆیە داوای لێدەكەن كە ئەوە بكات و خۆی لەگەڵ ئەوروپیەكاندا بگونجێنێت، ئەم بڕگەیەش دەرفەتدانێكە بۆ توركیا كە دەست لەو سیاسەتەی ئێستای هەڵبگرێ و لاپەڕەیەكی تازە لە پەیوەندییەكان بكاتەوە.بەپێی لێكدانەوەی چاودێرانیش، پێدەچێت توركیا چەند هەنگاوێك بێتە پێشەوە بۆ رێگرتن لە سزاكان و دەستكردن بە دانوستان.

سەرچاوە: دی ڤێلت، دۆیچەڤێلا

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*