سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » له‌باره‌ی خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵییه‌وه‌

له‌باره‌ی خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵییه‌وه‌

قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كێ به‌پله‌ی یه‌كه‌م تاوانباره‌ له‌و دۆخه‌ی هاتۆته‌ كایه‌وه‌، دۆخێك هاتۆته‌ ئاراوه‌ كه‌ هاووڵاتییان به‌گشتی ‌و فه‌رمانبه‌ران ‌و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌تایبه‌تی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستی بنبه‌ست له‌ به‌ده‌ستهێنانی بژێویی رۆژانه‌ و ئیدی كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونی نان ‌و قووتی منداڵ ‌و رۆڵه‌كانیدا بێده‌نگیی دادی نادات، بۆیه‌ ده‌شێت گومانی ئه‌وه‌ش سه‌رهه‌ڵبدات كه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی بێته‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه‌، جا له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ بێت، یاخود له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان بێت، یان له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی، چونكه‌ وه‌ك ده‌ڵێن هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت و ئه‌وه‌ی نه‌یاران ‌و دوژمنانی قه‌واره‌ی هه‌رێم چه‌ند ساڵه‌ ده‌یخوازن و هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌یان پێنادات بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بیكه‌ن، ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ چاره‌سه‌ری هه‌نوكه‌یی بۆ نه‌دۆرێته‌وه‌ و ماف بۆ هاووڵاتیی خاوه‌ن ماف نه‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و دوژمن ‌و نه‌یارانه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ریزه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ به‌ئاقارێكدا ببه‌ن كه‌ چاره‌سه‌ركردن ‌و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی گونجاو له‌ زه‌حمه‌ته‌وه‌ ببێته‌ مه‌حاڵ.

ئێستا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی ‌و سێ قۆڵی حزبه‌كانی به‌شدار له‌ حوكمڕانی ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌گه‌رچی زۆر دره‌نگ كه‌وت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كۆبوونه‌وه‌ بێت بۆ چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌و عه‌مه‌لیی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك كارێكی باشه‌، چونكه‌ ده‌كرا له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌به‌رده‌وامی بكرانایه‌ به‌ به‌شداریی نوێنه‌ره‌كانی ئه‌و سێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ (یه‌كێتی، پارتی، گۆڕان) بۆ ئه‌وه‌ی گرفت ‌و ساردوسڕیی نێوانیان نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی یه‌كتریی، یان به‌جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان شانی خۆی له‌ كه‌موكوڕییه‌كان خاڵی بكاته‌وه‌ و ئۆباڵه‌كه‌ی بسوێت به‌شانی ئه‌وانی دیكه‌دا.

خه‌ڵك چاوه‌ڕێی بڕیارو كرداری ده‌ستبه‌جێیه‌ به‌جۆرێك كه‌ ئه‌نجامی فیعلیی بڕیاره‌كان گیرفان و سفره‌ خاڵییه‌كه‌ی گه‌رم بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی ئه‌و سێ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ نه‌كه‌نه‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ گله‌یی ‌و گازانده‌ له‌سه‌ر پشكی پۆست و ئه‌وه‌ی كێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ ‌و كێ نییه‌تی، كێ به‌رپرسه‌ له‌ دۆخه‌كه‌ و كێ له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی دارایی ‌و كارگێڕیی بێ خه‌تایه‌ له‌ دۆخه‌كه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی ناڕازیی كه‌ ئه‌مڕۆ رژاوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام داوای موچه‌ و بژێویی ‌و سوته‌مه‌نی ‌و خزمه‌تگوزاریی ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌كان چ له‌به‌غدا و چ له‌ هه‌ولێریش و چ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چن بۆ ده‌ربازكردنی دۆخه‌كه‌ بێت له‌م ته‌ڵەزگه‌یه‌ی كه‌ ئیتر به‌ره‌و قه‌یرانی فیعلی ده‌چێت، بۆیه‌ ده‌شێت ئه‌و گله‌یی ‌و گازاندانه‌ دوابخه‌ن بۆ دۆخێكی هێمن و ئارامتر.

هاووڵاتیانیش كه‌ خاوه‌نی مافی ره‌وان ‌و ناڕه‌زاییان له‌ دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت نه‌هێڵن خه‌ڵكانێك و ئاراسته‌یه‌ك له‌ ریزه‌كانیاندا بره‌و په‌یدابكات كه‌ ئاراسته‌ی داخوازییه‌ ره‌واكانیان به‌لاڕێدا ببات، چونكه‌ نابێت ئه‌وه‌یان له‌بیر بچێت كه‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن كاتێك فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ، دادگا، بنكه‌ی پۆلیس، و…هتد ده‌سووتێنن، مامه‌ڵه‌ی ئۆتۆمبێلێكی دزراویان هه‌یه‌ یان كێشه‌ی جۆربه‌جۆری هه‌یه‌ ‌و به‌ سووتاندنی فه‌رمانگه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ دوورنییه‌ ئۆتۆمبێلی دزراوی هاووڵاتییه‌كی وه‌ك خۆیان بكاته‌ هی خۆی و به‌ڵگه‌یه‌كیش نه‌مێنێت كه‌ خاوه‌ن ماف بتوانێت سبه‌ی رۆژ مافه‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌، چه‌ند بكوژ یان دز، یان ساخته‌كار، یاخود تلیاك فرۆش له‌ زینداندایه‌ و به‌هۆی شكاندنی زیندانێكه‌وه‌ ئازاد ده‌بێت ‌و چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌.

بۆیه‌ ده‌بێت هه‌م حزبه‌ به‌شداره‌كانی حوكمڕانی حسابی ورد بۆ ده‌رهاویشته‌و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، هه‌م خۆپیشانده‌ران ‌و هاووڵاتیانی ناڕازییش بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ دروستبوونی پشێویی مافه‌كانیان ده‌بێت به‌ژێر حه‌زو خولیای چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت بازرگانیی به‌ داوا ره‌واكانیانه‌وه‌ بكه‌ن ‌و ته‌نها ده‌بنه‌ كۆمبارسی قه‌ره‌باڵغبوونی خۆپیشاندانه‌كان ‌و خه‌ڵكانێك كه‌ هێشتا دیارنییه‌ كێن به‌ری ماندووبوون ‌و خوێن ‌و ئاره‌قه‌و خۆڕاگریی ئه‌وان ده‌چننه‌وه‌.

 268 جار بینراوە