سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا فشار دەخاتە سەر لایەنگرانی پەکەکە

ئەڵمانیا فشار دەخاتە سەر لایەنگرانی پەکەکە

بەو پێیەی لە ئەڵمانیا هاوڵاتیەکی بێشوماری تورکیا نیشتەجێیە و لەنێوانیشیاندا کوردێکی زۆر هەیە و بەپێی ئاماری دەزگای پاراستنی دەستور، ژمارەی کوردان زیاترە لە ٨٠٠ هەزار کەس کەبەشە زۆرەکەیان کوردی باکوورن، پارتی کرێکارانی کوردستان توانیویەتی پێگەی خۆی تێدا قایم بکاو لەنێو ڕەوەندی کوردی باکووردا لایەنگرو هەوادارێکی زۆر پەیدابکات، لەساڵانی نەوەدەکان بەپاساوی دۆستایەتی و تێکەڵاوی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ تورکیا، ئەو ڕێکخراوە چەند جموجۆڵێکی توندڕەویان لەئەڵمانیا جێبەجێکردو دەستیان کرد بەهەڵمەتێکی فشار بۆسەر حکومەت و ڕەوەندی تورکی لەهەرێمەکانی ئەڵمانیا.

لەبەرژەوەندیەکانی  ئەڵمانیایاندا
چالاکیەکانیانی په‌که‌که‌ لە خۆپیشاندانی مەدەنیانەوە گۆڕی بۆ کاری ڕفاندنی ژمارەیەک ئەڵمان وتورک وئازاردانیان وگرتنی شەقامە سەرەکی وئۆتۆبان و تێکدانی دەزگای خزمەتگوزاری و ئەزیەتدانی دەیان تورک و ئەڵمان و نانەوەی توندوتیژی لە ڕێپیوان و مانگرتنەکاندا، هاوکات لەکوردستانی تورکیاش ژمارەیەک ئەڵمانیان بەبارمتە دەستگیر کرد، کە بۆ کاری مرۆیی و ئیداری نێردرابونە ئەو وڵاتە،ئەم کارانەی لایەنگرانی پەکەکە حکومەتی ئەڵمانیای قەڵس کردو بڕیاریاندا ئیدی پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن و چالاکیەکانی لەوڵاتەکە قەدەغەبکەن.

ناوی لەلیستی تیرۆر دایە
هەر ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیاش بەسەر یەکێتی ئەوروپا ڕەنگی دایەوەو یەکێتیەکەش بڕیارێکی هاوشێوەی ئەڵمانیای دەرکردو لەوساوە پەکەکە لەناو لیستی تیرۆری ئەوروپادایە، هەرچەندە ئێستا پەکەکە سیاسەتی خۆی گۆڕیوە لەجۆری خەباتکردن لەئەوروپا، بەڵام مێژووی دروستبون و سەرەتاکانی سەرهەڵدانیان لەو وڵاتانە دیمەنی پارتێکی مۆدێرن و ئاشتیخوازیان نیشانی کۆمەڵگاکان و حکومەتەکانی ناو یەکێتیەکە نەدا، تورکیاش ئەو هەلەی قۆستۆتەوە کە بیکاتە بەڵگەی سەلماندنی ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە خەریکی کاری دوژمنکارانەیە بەرامبەر خەڵکو سیستەمی وڵاتەکەی.

لەپارەوە نێوانی تورکیاو ئەڵمانیا خراپ بووە
لەساڵی پارەوە بەهۆی زۆر کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوانیان پەیوەندی نێوان ئەڵمانیاو تورکیا تێکچوە، یەکێک لەو دۆسیانە لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستانن لەو وڵاتە کە بەهۆی کەشی دیموکراسی و ئازادی کاری سیاسی زەمینەیەکی ئارامیان بۆ ڕەخساوە، بۆ چالاکی کردن و لێدان لە بەرژەوەندیەکانی حکومەتی تورکیا،حکومەتی ئاکپارتی لەکۆبونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا، هەمیشە جەخت لەسەر قەدەغەکردنی کاری ڕێکخراوەیی وچالاکیەکانی ئەو ڕێکخراوەو ڕادەستکردنی بەرپرسانیان دەکاتەوە.

دۆستایەتیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەیە
بەڵام لەبەرئەوەی پەکەکە دۆستایەتی پتەوی لەگەڵ پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئەو وڵاتە هەیە بەتایبەتیش پارتی چەپ Die linke وپارتی سەوز Grüne و ژمارەیەک بەرپرسی پارتی سۆسیالدیموکرات لەلایەک و پاشان دەسەڵاتیش نایەوێت ڕەوەندی کوردی و تورکی لەخۆی بوروژێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات ئەو کەیسە بەداخراوی بهێڵێتەوەو تخونی نەکەوێت، بە بەردەوامی و لە زۆر ناوەند داوا دەکرێت ناوی ئەو ڕێکخراوە لەلیستی تیرۆر دەربهێندێ و بگرە بەرپرسانی هەدەپەش ئەم داوایەیان لەئەڵمانیا کردووە.

دەزگای دادوەریی فشاریان دەخاتەسەر
لەسەروبەندی ئاسایی بونەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەڵمانیاو هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا، بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و پەلاماردانی هێزەکانی پاراستنی گەل کە ئەنقەرە بە تیرۆریست و سێبەری پەکەکە تۆمەتباریان دەکات،بەپێی داواکارو فشاری تورکیا حکومەت و دەزگای دادوەری ئەڵمانیاش، واخەریکە فشاری زیاتر بۆسەر کادیرو کەسە دیارەکانی ئەو ڕێکخراوە لەناو ئەڵمانیا دەبەن.

دۆسێکان زۆربون
لەتازەترین پێشهاتدا لەمبارەیەوە کەئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوەکە کەیس و تۆمەت لەدژی کەس و لایەنگرانی پەکەکە لەدادگاکان لەماوەی ڕابردودا گەیشتۆتە ١٣٠ دۆسیەو تادێش زیاتر دەبێت،کەچی سێ ساڵ لەمەوبەر تەنها ١٥ دۆسیە چوبونە دادگاکان و لە ٢٠١٦ ش ببون بە ٤٠ دۆسیە و ئێستاش خەریکە ڕۆژانە دۆسیەیەک دەچێتە بەردەم دادگا، کە چالاکوانانی ڕەوەندی کوردی باکوور تۆمەتبار دەکرێن بەیارمەتیدان و باربۆکردنی پەکەکە و هەناردنی کاڵاو پێداویستی و پارەوشمەک بۆیان.

خاترانەی تورکیایە
پێگەی گۆڤاری فۆکۆس له‌ هه‌واڵێکدا ڕایگەیاندوە: کە ڕەنگە زۆربونی ئەو دۆسیانەو دادگایکردن و لێپرسینەوەی چالاکوان و هەوادارانی پەکەکە لەئەڵمانیا، پەیوەندی بە لێک نزیکبونەوەی ئەو دوو وڵاتەوە هەبێت و ئەڵمانیا بیەوێت هەندێک لە دواکاریەکانی حکومەتی ئەنقەرە بهێنێتەدی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ریفراندۆمی جیابوونەوەی بەریـتانیا لە ئەوروپا، لە قەیرانەوە بۆ قەیران!

شیکاریی، سۆران قەرەداغی دوای 13 ساڵ (2010-1997) لەگەڕانەوەی پارتی پارێزگاران ...