سەرەکی » راپۆرت » دانیشتنی (نوێنەران) دواخرا

دانیشتنی (نوێنەران) دواخرا

پەیوەست بە دۆخی عیراق، بڕیاربوو لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكانی عیراق بدرێت، بەڵام بەهۆی بایكۆتی سوننە و بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە، رێژەی یاسایی تەواونەكرا و دانیشتنەکە دواخرا بۆ رۆژی دووشەممە.

سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز: بەر لە هەڵبژاردن بارودۆخ ئاسایی بكرێتەوە
ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە لەڕووی پرەنسیپەوە لەگەڵ ئەوەداین كە هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا بكرێن، بەڵام دەبێ رەچاوی بارودۆخی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و ئەنبار و چەند شوێنێكی تر بكرێت، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت و بارودۆخی ئەو پارێزگایانە ئاسایی نەكرێنەوە، زۆر قورس دەبێت، بۆیە فشارمان خستۆتە سەر حكومەتی فیدرال لەوەی پێویستە بەر لە هەڵبژاردن بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێنەوە. وتیشی: ئێستا پێشنیازێك هەیە ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئێمەش ئەوەمان پێباشە.

پەرلەمانتارێكی پارتی: بە دەنگدانی نهێنی یەكلایی بكرێتەوە
شیرین عەبدولڕەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی پێیڕاگەیاندین: وەك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ دەنگدانی نهێنیداین بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەڕێوەچوون، یان دواخستنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق بدرێ كە بڕیارە لە 12/5/2018 بەڕێوەبچێت، وتیشی: ئێمە لەگەڵ پێكهاتەی سوننە هاوپەیمانین لەسەر ئەو كاتەی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری كراوە و پێمانوایە گونجاو نییە، چونكە ناوچە سوننەنشینەكان و بەشێكی زۆر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تایبەتی كەركوك بە بارودۆخێكی نائاساییدا تێپەڕیووە و خەڵكەكەی ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە پێمانباشە ئەو هەڵبژاردنانە دوابخرێت. ئاماژەی بەوەشكرد «هەرچەندە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەمكاتەدا یەكهەڵوێست نین و هەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵ بۆچوونێكی تریان هەیە، بەڵام هۆكاری هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ سوننەكان بۆ ئەوەیە كە كورد لە مەسەلەی بودجە تێبینی هەیە و ناڕازین بە كەمكردنەوەی بەشی هەرێم، بۆیە ئەگەر ئێمە لە مەسەلەی هەڵبژاردندا لەگەڵیان بین، ئەوانیش لە مەسەلەی یاسای بودجەدا لەگەڵ ئێمە دەبن.

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
زانا رۆستایی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی كۆمەڵیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا بەڕێوەبچن، چونكە پێمانوایە هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی، وتیشی: ئەگەر دەڵێن شوێنەكانی سوننە و ناوچە كوردستانییەكان كێشەیان هەیە و خەڵكەكەی ئاوارە و دەربەدەرن، ئەوا پێمانوایە ئەوان لە هەر شوێنێك بن دەتوانن دەنگ بدەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەنگاوەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەستپێدەكات

كوردستانی نوێ و عومەر غەریب یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی ...