سازدانی: مۆفه‌ق میراوده‌لی
1-2
مامۆستای خوالێخۆشبوو مسته‌فا ساڵح كه‌ریم له سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تاوه‌كو ساڵی شه‌ست له‌ناوچه‌ی پشده‌رو شاری قه‌ڵادزێ خزمه‌تی له‌بواری (په‌روه‌رده‌ی و سیاسی و ڕۆشنبیری) كردووه، دواتریش له حه‌فتاكان له‌ڕێگه‌ی ئیزاعه‌ی شۆڕشه‌وه درێخی له خزمه‌تكردنی ئه‌و ناوچه‌یه ناكات، له‌وماوه‌یه‌ی له شاری قه‌ڵادزێ ژیاوه، كۆمه‌ڵێ زانیاری و بیره‌وه‌ریی گرنگی له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره و بارودۆخی (سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری) قه‌ڵادزێ له‌لا گه‌ڵاڵه‌بوو، له‌میانی دیدارێكدا به‌شێكی زۆری مێژووی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی شهنوكهوكرد و خسته‌ڕوو، ئه‌م دیداره‌ی مامۆستا حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌مه‌كته‌بی ئیعلامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ژووره تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌نجامدراوه، هه‌ربۆیه له ساڵیادی كۆچی دواییدا، ویستم وه‌كو به‌شێك له‌مێژوو و ژیانی دۆستی خۆشه‌ویستم مسته‌فا ساڵح كه‌ریم بڵاویبكه‌مه‌وه:
*هۆكاری هاتنی تۆ بۆ ناوچه‌ی پشده‌ر و شاری قه‌ڵادزێ چی بوو؟
–ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ده‌مه‌وێ به‌نسبه‌ت خۆمه‌وه بۆ سه‌ره‌تایه‌كی مێژوویی بگه‌ڕێمه‌وه، من له‌به‌رئه‌وه‌ی له قوتابخانه‌ی سانه‌وی سلێمانی له‌ڕووی سیاسییه‌وه چالاكیم هه‌بوو، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه فه‌صڵ كرابووم، بۆیه ساڵی دوایی له سانه‌وی وهنهگیرامهوه، ئه‌مه ساڵی (1948)بوو، كه چووم بۆ دار ئەلمعەلمین (خانه‌ی مامۆستایان)، هه‌رچه‌نده ساڵی یه‌كه‌م و دووه‌میش گیرام، ساڵی (1951)گیرام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به پله‌ی باشه ده‌رچووم، ئه‌وانه‌ی له‌وكاته‌دا له‌گه‌ڵ مندا گیرابوون بریتی بوون له‌مانه (كاك كه‌مال فوئاد، عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ، كه‌ریم ئه‌حمه‌د) گیراوه‌كان كۆمه‌ڵێكی زۆربوون، به‌هه‌رحاڵ دوای ئه‌وه‌ی به‌ربووم له‌گه‌ڵ ئیكمالهكان دوباره تاقیكردنه‌وه‌م كرده‌وه، له پۆلی سێیه‌می دار ئەلمعەلمین (خانه‌ی مامۆستایان) ده‌رچووم، پله‌ی باشم به‌ده‌ستهێنابوو، ده‌بوو بۆ ئه‌ڵمانیا بچم بۆ خوێندن له بابه‌تی كیمیا، یان بۆ به‌یروت بۆ خوێندنی بیركاری، یان بۆ قاهیره بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی، به‌ڵام ئه‌منی ئه‌وساكه پێیان ده‌گووت (تەحقیقاتی جینائی) نه‌یهێشت بڕۆم، له‌به‌رئه‌وه ناچاربووم كه ( دار ئەلمعەلمین )م ته‌واوكردو بوومه مامۆستا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه سه‌ردانی مهعاریفم كرد، گووتیان: دامه‌زراندن تۆ ناگرێته‌وه، چونكه مه‌له‌فی تۆ خراپه، به‌ڵام هه‌ر كۆڵم نه‌دا، واسته‌م كرد لای پیاوێكی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزار، خه‌ڵكی سلێمانی ناوی «عه‌لی كه‌مال» بوو، ئه‌و كاته له بەغدا جێگر بوو، نامه‌م له حه‌مه‌ی ئه‌وڕه‌حمان ئاغا وه‌رگرت، نامه‌كه‌م بۆ برد به‌هۆی ئه‌وه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ مدیری )ئه‌منی عام( كرد، مدیری تەحقیقاتی جنائی یان پێده‌وت، ئه‌وه‌بوو به مامۆستا له ناوچه‌ی پشده‌ر و شاری قه‌ڵادزێ دامه‌زرام.
*سه‌ره‌تای ژیانی مامۆستایه‌تی له قه‌ڵادزێ چۆن بوو؟
–بۆ یه‌كه‌مجار ڕۆژی (4/2/1952) به‌ره‌و ناوچه‌ی پشده‌ر و شاری قه‌ڵادزێ حهرهكهتم كرد، كاتێ گه‌یشتم و چوومه قوتابخانه، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی قه‌ڵادزێ ناوی مامۆستا «ره‌فیق» بوو، ته‌نها ئه‌و قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌ی لێ‌بوو، ئه‌وكاته ته‌مه‌نم بیست ساڵی ته‌واو نه‌كردبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لادێ دره‌نگ قوتابی ده‌چێته قوتابخانه، قوتابیه‌كانی پۆلی شه‌ش زۆریان هاوڕێم بوون، زۆربه‌ی كاتی خۆم بۆ قوتابییه‌كان ته‌رخان كردبوو، ئێواران وانه‌ی زیاده‌م پێ ده‌گووتن، ئه‌و كاته له وانه‌كان به‌هێزبووم به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی، له هه‌مان كاتدا هه‌وڵم ده‌دا جورئه‌تی ئه‌ده‌بیان بده‌مێ، خیتابی ئه‌ده‌بی و بڵاوكراوه‌ی سهردیوارو نووسین و ئه‌وانه‌م پێ ده‌كردن، له‌به‌هاری ئه‌و ساڵه شانۆگهرییهكمان كرد، شانۆگه‌رییه‌كه له سێ شوێن نمایشكرا، ئه‌مه ساڵی (1952) بوو له قوتابخانه‌ی (قه‌ڵادزێ ی كوڕان، قه‌ڵادزێ ی كچان، یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران)، ئه‌مه له مانگی به‌هاردا بوو، شانۆگه‌رییه‌كه چیرۆكێ بوو، سوودم له مهسرهعیهی شه‌هاب ئهلقهسهم كردبوو، به‌كوردی ئاماده‌م كردبوو، به‌ناوی «خۆم به خۆمم كرد»، له‌پاشان پشوو هات و مامۆستا داوای گواستنه‌وه ده‌كات، منیش داوای گواستنه‌وه‌م كرد، ئنجا هاتمه‌وه بۆ سلێمانی، دوای ئه‌وه‌ی ساڵێك له‌سلێمانی ته‌واوم كرد، عومه‌ر عه‌لی بوو به پارێزگار، هات مه‌له‌فاتی كۆنی خوێنده‌وه، وه‌كو من گووتم له‌لایه‌ن ئه‌من و ئه‌وانه‌وه دایم له ژێر چاودێری دابووم، نه‌قڵی سێوسێنان یان كردم، ساڵێكم له‌وێ ته‌واوكرد، ئنجا هاتمه‌وه بۆ سلێمانی چه‌ند ساڵێ له مه‌ڵكه‌ندی بووم، دواتری (14)ی ته‌مووزی به‌سه‌ردا هات، من وه‌ك ئه‌ندامێكی چالاكی حیزبی شیوعی، حیزب داوای لێكردم بچمه‌وه بۆ قه‌ڵادزێ، له‌لایه‌ك بووم به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه، له‌لایه‌كی تر بوومه به‌رپرسی حیزب، كه چووم بۆ قه‌ڵادزێ ئیشی حیزبایه‌تیم ده‌كرد، پێش من دكتۆر عیزالدین مسته‌فا ڕه‌سوڵ سه‌ردانی قه‌ڵادزێ ی كردبوو، ئه‌و براده‌ران و ئه‌ندامانی ڕێكخستبوون، ئه‌وكات حیزبی شیوعییان خۆش ده‌ویست، شتێكیان به‌ناوی «كۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی جمهوریه‌ت»دروست كردبوو، تا جمهوری له عێراق هاتبوو، ئیتر كه‌وتینه چالاكی كردن.
*چالاكییه‌كانی تۆ له‌بواری په‌روه‌رده و حیزبی چی بوون؟
–یه‌كه‌م شت كردم، له‌به‌رئه‌وه‌ی شۆڕشی 14ی تهمووز بوو، ناوی قوتابخانه‌كه‌م گۆڕی، ئه‌مجاره دوو قوتابخانه‌بوو، قه‌ڵادزێ ی یه‌كه‌م و قه‌ڵادزێ ی دووه‌م، من مدیری قه‌ڵادزێ ی یه‌كه‌م بووم، من ناوی قه‌ڵادزێ ی یه‌كه‌مم گۆڕی ناوم نا «ئاسۆس» خۆم به‌ڕێوه‌به‌ری بووم، قه‌ڵادزێ ی دووه‌م ناومان نا (پشده‌ر) مامۆستا ئیسماعیل كۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری بوو، ئه‌مجاره دوو ساڵ و چه‌ند مانگێك له قه‌ڵادزێ مامه‌وه، ڕوونتر من ئه‌یلولی (1958) چوومه‌وه قه‌ڵادزێ، تاوه‌كو تشرینی (1960) له‌قه‌ڵادزێ مامه‌وه.
ئه‌وكاته سكرتێری یه‌كێتی لاوانی عێراق بووم، هێزێكی به‌رگری شه‌عبی هه‌بوو، من ئامری ئه‌و هێزه‌ش بووم، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی شه‌ویش بووم، له‌هه‌مان كاتدا ساڵی (1958) ناوه‌ندیش كرایه‌وه، له‌ناوه‌ندیی وانه‌ی عه‌ره‌بیم ده‌وته‌وه و چالاكیم زۆر بوو، بۆ یه‌كه‌مجار كه ناوه‌ندیی كرایه‌وه، فوئاد عیزه‌ت مسته‌فا كرا به‌به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندیی، ئه‌ویش شیوعی بوو كاری حیزبیمان ده‌كرد، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی په‌یوه‌ندیمان باش بوو، ئه‌وانه‌ی پارتی بوون و ناسرابوون وه‌كو (عه‌لی مام ڕه‌زا، عه‌بدوڵای مام ئه‌حمه‌د، حاجی خه‌یات بوو، باوكی شۆڕش و ئه‌وان، كادیری پێشكه‌وتوویان بوون، حه‌میدی میرزا سه‌عید و زۆر له‌وانه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی شیوعی ئه‌و وه‌خته زۆر پتر بوون، (مه‌حمودی حاجی فه‌قێ خدر، مه‌لا خدر، مه‌حمودی حاجی حه‌مه ڕه‌ش، ڕه‌ئوف فه‌تاح، پیرۆتی مه‌كته‌به، زاهیری خه‌یات، كوڕانی حاجی مه‌حمود (عوسمان، حه‌سه‌ن، حوسێن) براكانیان، له‌گه‌نجه‌كان (هاشم، سه‌ید وه‌سیم) زۆربوون.
من ده‌ورێكی باشم بینی، وه‌كو شیوعی جێگری لێپسراوی حیزبی شیوعی بووم، سكرتێری لاوان و به‌رپرسی مقاوه‌مه‌ی شه‌عبی بووم، كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌و چالاكیم ده‌كرد، من خۆشه‌ویستی تایبه‌تیم بۆ قه‌ڵادزێ هه‌بوو.
*هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ سلێمانی چی بوو؟
–له ساڵی (1960) دۆخه‌كه له‌ناحیه‌ی سیاسی تۆزێ گۆڕا، ئه‌من ته‌نگیان بهمن هه‌ڵچنی بوو، كابرایه‌كی قه‌ڵادزێ ی پێویست ناكات ناوی به‌رم، ته‌قریری لێ دابووم، ناونیشانی تهقریرهكانی به‌ناوی بروسكه ده‌ینارد، من له رۆژنامه‌ی (اتحاد الشعب) زمانحاڵی حیزبی شیوعی عێراقی، به‌عه‌ره‌بی وتارێكم نووسی به‌ناوی (پاسه‌وانه خۆشه‌ویسته‌كه‌م بروسكه) به‌ناوی جیوار مقالهكهم بڵاوكرده‌وه، وه‌ختێ ئه‌من بروسكه‌یه‌كی نارد، له ماوه‌ی بیست و چوارسه‌عات دا، نابێ مسته‌فا ساڵح كه‌ریم له قه‌ڵادزێ بمێنێته‌وه، بۆ به‌یانیه‌كه‌ی ده‌ڕۆیشتم بۆ نه‌قڵیات، براده‌رانی شیوعی به‌ڕێیان ده‌كردم، ئه‌و پیاوه له‌وبه‌ره‌وه توانجێكی لێدا، گووتی: بروسكه دایی له دیوارێ شه‌ق و په‌قی كرد، براده‌ره‌كانم ویستیان حهزیهتی بده‌ن، به‌ڵام من نه‌مهێشت، وتم مه‌شاكیل مان تووش ده‌بێت، هه‌رچه‌ند من ڕۆیشتم قه‌ڵادزێم به‌جێهێشت، به‌ڵام من خۆشه‌ویستیم بۆ قه‌ڵادزێ به‌رده‌وام بوو.
*ڕۆڵی تۆ به‌دیاریكراوی له‌بواری شانۆ و چالاكی ناو قوتابخانه چی بوو؟
–ساڵی (1953) شانۆگه‌رییه‌كم له قوتابخانه ئه‌نجامدا، من ته‌له‌به‌م هه‌بوون و ئه‌كته‌رم له‌ده‌ره‌وه نه‌هێنابوو، هه‌ر قوتابیه‌كانی خۆم بوون، لهشانۆگهرییهكهدا ڕۆڵیان بینی، من نازانم له پێش من شانۆگه‌ری كراوه یان نه‌كراوه، به‌ڵام من ئه‌م تهمسیلهم كرد، به‌ڵام جاری دووه‌م كه گه‌ڕامه‌وه، ئه‌مجاره‌ش زۆر شانۆگه‌ری دیكه كرا، خۆم زیاتر خه‌ریكی كاروباره سیاسیه‌كه بووم، به‌ڵام گرنگیم به قه‌زایه‌ی تری مه‌كته‌بی خۆمان ده‌دا، مه‌سه‌له‌ن پێشانگای هونه‌ری خۆمان هه‌بوو، بڵاوكراوه‌ی قوتابخانه‌مان هه‌بوو، به‌ناوی «ئاسۆس»به‌دیوار هه‌ڵ دهواسرا، قوتابی و خوێندكاره‌كان وایان لێهاتبوو، به‌ڕاستی له شت ده‌گه‌یشتن، به‌شی زۆریان شیوعی و كه‌م هه‌بوو سه‌ربه‌خۆبێت، به‌تایبه‌تی كه ناوه‌ندیی كرایه‌وه، ئه‌من سور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی من له‌وێ نه‌مێنم، له ناوه‌ندیی شه‌ڕبوو له‌نێوان قوتابی شیوعی و پارتییه‌كان، شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ئینتیمای سیاسی بوو، كاك فوئاد به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندیی بۆ هه‌ڵه‌بجه نه‌قڵ كرا، من بۆ دێ یه‌ك بۆ سه‌ر حدود (دارۆخان) ی ناوبوو، حه‌مه ره‌شید خانی بانه گه‌وره‌ی ئه‌وێ بوو، كاك فوئادی مه‌جید به‌گ مامۆستا و لێپرسراوی شیوعی بوو له قه‌ڵادزێ، ئه‌ویش بۆ رانیه نهقڵكرا، له‌جێ ی كاك فوئاد مامۆستا سه‌عده‌دین ئیبراهیم مدریس بوو له‌وێ كرا به به‌ڕێوه‌به‌ر، له‌جێی منیش مامۆستا فائق عارف هات، مامۆستا ئیسماعیل له جێگه‌كه‌ی خۆی مابۆوه، من دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به قه‌ڵادزێ وه مابوو، چونكه وه‌كو حیزبی شیوعی عیلاقه‌م هه‌ر مابوو، ئه‌وانه‌م هه‌موو ده‌ناسی.
181 جار بینراوە