سەرەکی » ئاراستە » بۆ شەهید حەسەنی كوێخا رەسوڵی مەنگوڕی

هەڵۆیەك بەقەندیلەوە گیان دەسپێرێ

بۆ شەهید حەسەنی كوێخا رەسوڵی مەنگوڕی

كاوسێن بابەكر

هاوڕێكەم خەمی ژێردەستەیی گەل و وڵات هەموورۆژێ دەتكا بەقەقنەس و هێواش هێواش لەناخەوە دەتسوتێنێ، تروسكایی هیوا كزكز، مات مات لە شەوەزەنگی داگیركاریدا بەلەرزەوە ئاماژە بۆ چاوان دەنێرێ، كوڕوكاڵی وڵاتەكەت لەكونی كونی ژورەوە لە ترسی قەسابەكانی بەعس نیازی دڵان بە چرپەوە دەگۆڕنەوە، نەكا چاوی بەعس وێنەیان بگرێ و ئەبوغرێبێك هەڵیان لوشێ!.

هۆكاكە حەسەن؛ مێژوو ناوەستێ و تۆ هێشتا تاساوی ئەو زوڵمە ی كە رۆژانە بەرانبەر گەلەكەت دەكرێ، لە خەویشدا دێوەزمەكانی بەعس وعروبە بە كەلەپچەو تانك وتۆپەوە بەدواتەوەن راوی كچ وراوی پیرە پیاوو راوی جوانی وراوی گوڵ وراوی كانی دەكەن، ئاخر ئەوان جگە لەبیابانی رق ومێژووی خوێن وشمشێر هیچی تر نابینن، ئەوان بێجگە لە سورەی ئەنفال وتەقەی تفەنگ هیچكە نابیسن، ئەوان تینوی خوێن و فرمێسك وهاوارن.
بۆیە هیچكە خۆت پێنەگیرا چاوەڕێی تەمەن نەبوی هەر بەمناڵی عەشقی ئەو تروسكەیە بوی كە لەچیاكانەوە مژدەی رزگاری دەدا، ئیدی باوەشت بەچیاداكردو بویە هاوڕێی چەك و لوتكەوكەوو بەفرو سەنگەر، بوی بە مەشخەڵی دەستی هەژارو نەداری كوردستان.

رێگای چارەنووست روناك دەكردەوە، زوڵم لەكوێبا تۆ وچەكەكەت لەوێ بون، ئازار لەكوێبا ئێوە لەوێ مەرهەم بوون، وەك رەوە ئەستێرە ئاسمانی هیوای گەلتان بەرنەدەدا وەك ملوانكە وبازن دەبونە دیاری بۆگەردەن وباسكی كچان، تیشكی خۆرو تریفەی مانگتان بۆ ساڵڕۆژی لەدایكبونی مناڵە بێنازەكانی كوردستان دەهێنا كەنیانە!.

ئێوە یەكێتی بوون و خۆر بوون وهیوا بوون وهێزبوون وعاشق بوون ورۆشنایی پاشەڕۆژبوون، چرابوون ولەماڵ بەماڵی ئەم وڵاتەدا دادەگیرسان، نان وئاوبون وبەبینینتان هەمو خەڵك ئاسودەدەبون.

هۆهاوڕێكەم سەری ساڵەو وەرە باپێكەوە مۆمی تەمەنی ٣٣ساڵەت داگیرسێنین كە زیاتر لە نیوەت پێشكەشی شۆڕش ویەكێتی كرد، گوێ مەدەرە شەمشەمە كوێرەكانی زەمەن كە جگە لەتاریكی هیچی تر نابیینن، گوی مەدە برا گەمژەكانت كەچاویان بە خۆری باوەڕی تۆ هەڵنایەو یوسف ئاسا بەبیری پوچیان بۆبیری مردنت دەبەن، هاوڕی هێشتا كاڵفامین هێشتا خەون وزڕە خەون تێكەڵ دەكەین هێستا نەزانین بەرەو هەڵدێری مێژوومان دەبا.

سەفەر مەكە باشەوی سەری ساڵ گوێ بۆ ژیان وئازادی بگرین باوەك جاران باسی خەونی رزگاری و گەڕان بە كوچەو شارەكانی دەوڵەتی كوردیدا بكەین وئاڵاكانی كوردستانی ئازاد بژمێرین، وەرەو گەڕی رەشبەڵەكی سەرفرازی گەرم بكەین، سەری ساڵەو وڵات ئازادەو تۆش ماندووبوی وەرە تاوێك لەسێبەری ئازادیدا پشوبدەین وگوێ بۆ پەپولەی ئازادی خالقی و كۆچی سوری ماملێ رادێرین، وەرەو كوردستانەكەت ببینە چۆن لەنێو پڕشنگی ئازادیدادەگەشێتەوە، وەرە واكارۆخ وكاردۆوژیان وشنەونینا لەگەڵ باڵای ئازادی باڵادەكەن.

هاوڕێكەم هێشتا زووبوو ئەركی زۆرو خەونی زۆرمان مابوو دەزانم كاتی رۆیشتن نییە، بەڵام زەمەن زۆردارەو ناچارم بڵێم سەفەر بەخێروسەرفرازبی، مردنی باوەشی قەندیلت هەڵبژارد، هەڵۆ هەردەبێ لەلوتكەدا بمرێ.

شەهید لەچەند دێڕێكدا

حەسەن رەسوڵ حەمەد ناسراو بە حەسەنی كوێخارەسوڵ، ساڵی 1960 لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری قەزای پشدەر (قەڵادزێ) لەدایك بووە، هەر بەمنداڵی تێكەڵاوی سیاسەت و كوردایەتی دەبێ و دوای قۆناغی سەرەتایی واز لەخوێندن دێنێ و ساڵی 1976 پەیوەندی دەکات بە رێكخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، ساڵی 1977 پەیوەندی دەکات بە هێزی پێشمەرگەوە، لەساڵی 1978 بەشداری دەکات لەهێنانی چەک لە سنوورەکانی تورکیا-سوریاوە.

شەهید لەماوەی پێشمەرگایەتیدا زووخۆی پەروەردەكردو تەواونەكردنی خوێندن وای لێنەكرد پەرە بەخوێندەواری خۆی نەدا، بەردەوام هەوڵی خۆوشیاركردنەوەیدەداو تا بوو بە كادیرێكی دیاری سیاسی و سەربازی ئازاو خۆشەویست لەناو خەڵك وهەڤاڵانیدا، بەشداریی دەیان نەبەردی و داستانی كردوە، لەوانە:(شەڕی سێوەیس، قەڵاتوكان، شەڕی مامەندە، بناری قەندیل، رزگاركردنی بێتواتە و دەیان نەبەردی تر، ساڵی 1984 دەكرێتە جێگری فەرماندەی تیپی99ی یبیتوێن و دواتر دەكرێتە فەرماندەی ئەوتیپە.

ساڵی 1988 بەماڵەوە ئاوارەی ئێران دەبێت، بەشداریی ڕاپەڕینە گەورەكەی 1991ی كردووە بەڕزگاركردنی كەركوكیشەوە.

ساڵی 1992 چەند بەرپرسیاریەتیەکی سەربازی وەردەگریت، لەوانە: فەرماندەی بەتالیۆنی19ی مەنگوڕو دواتر دەكرێتە فەرماندەی فەوجی سادر، پاشان لە بەهاری 1994 بە بڕیاری مام جەلال دەكرێتە لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی قەڵادزێ.

بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژی 31/12/1994  لە ناوچەی باڵەكایەتی چووە كاروانی شەهیدانەوە.

*هاوڕێی شەهید

 469 جار بینراوە