سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » بۆچی ئه‌ردۆغان په‌لاماری عه‌فرین دەدات؟

بۆچی ئه‌ردۆغان په‌لاماری عه‌فرین دەدات؟

په‌لاماردانی کانتۆنی عه‌فرین له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ شتێکی چاوه‌ڕوانکراو ئاسایی بوو، چونکه‌ له‌لایه‌ک ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تیکردن و له‌ناوبردنی کورد دروستبووه‌ له‌جیهاندا، پێش ماوه‌یه‌ک ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیا له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ دژی ده‌وڵه‌تی کوردین ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌فریقاش بێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی تورکیا په‌یوه‌ندی به‌ شکستی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پێشوویه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌له‌دژی کوردی رۆژئاوا ئه‌نجامی دا. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشی به‌سیاسه‌تی زلهێزه‌کان له‌ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی روسیا و ئه‌مریکا.

شکستهێنانی هه‌وڵه‌کانی‌
لای هه‌مووکه‌س ئاشکرایه‌ که‌ له‌وه‌تی کانتۆنه‌کانی رۆژئاوای کوردستان دروستبووه‌، تورکیا که‌وته‌ داژیه‌تیکردنیی و ده‌ستیکرد به‌ پشگیری و یارمه‌تی چه‌ته‌کانی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ی ، تاوه‌کو په‌لاماری ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی رۆژئاوا بدده‌ن، لێ پاشئه‌وه‌ی چه‌ته‌گه‌ری ئه‌و گرووپانه‌ هه‌مووجیهانی تووشی شۆک کرد، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاریی و به‌رخودانی کوردیش له‌دژی داعش ته‌واوی جیهانی سه‌رسام کرد و زلهێزه‌کانی جیهانیش له‌سه‌رووهه‌موشیانه‌وه‌ ئه‌مریکاو روسیا هاتنه‌ ناوجه‌نگه‌که‌وه‌، ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌ی تورکیا شکستی هێنا.

نه‌مانی داعش
له‌پاشئه‌وه‌ی کورد له‌رۆژئاوا بۆجیهانی سه‌لماند که‌هێزێکی رزگاریخوازی و ئازادیخوازه‌ و رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ رووخانی خه‌لا‌فه‌ته‌کی داعش بینی، که‌پێشتر تورکیا پشتگیری ده‌کردن، تورکیا ته‌واو نائومێد بوو که‌ میلیشیا نۆکه‌ره‌کانی له‌سوریا بتوانن حوکمڕانی کورد له‌ناوبه‌رن ، هه‌ربۆیه‌ دواجار بڕیاریدا خۆی بێته‌ ناوجه‌نگه‌که‌وه‌.

دژایه‌تیکردنی ئه‌مریکا
رێک هه‌فه‌ته‌یه‌ک له‌پاش ئاشكراکردنی بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا به‌دروستکردنی هێزێکی پاسه‌وانی سه‌رسنوور که‌له‌ 30 هه‌زار چه‌کدار پێکبێت و پڕچه‌کردنی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، تورکیا ته‌واو شێت و هاربوو. هه‌ربۆیه‌ به‌شێکی ئه‌م هێرشه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌هه‌یه‌، که‌ تورکیا ده‌یه‌وێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریکا له‌سوریا شکست پێبهێنێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش نه‌هێڵێت ئه‌مریکا یارمه‌تی کورده‌کان بدات . به‌ڵام ئه‌وه‌بوو ئه‌مریکا له‌و بڕیاره‌ی خۆی سووربوو، دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌سوریا ته‌نها هێز که ‌له‌به‌ر ده‌ستیدا هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و کورده‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریکا هیچ گوێی به‌ ناڕه‌زاییه‌کانی تورکیا نه‌دا. له‌به‌رئه‌وه‌ یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مریکا بۆ یه‌په‌گه‌ ، بۆته‌ گه‌وه‌ترین ترس بۆسه‌ر تورکیا،ئه‌مه‌ش به‌ئاشکرا له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی حکومی میدیاکانی تئه‌و وڵاته‌ ده‌رده‌که‌وێت، له‌هه‌مانکاتیشدا ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ ده‌رده‌خات که‌ ئه‌م وڵاته‌ تووشی بووه‌.

سه‌فقه‌یه‌کی ژێربه‌ژێری روسیا و تورکیا
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌یه‌که‌ میدیاکانی جیهان باس له‌ بوونی سه‌فقه‌یه‌ک ده‌که‌ن له‌نێوان روسیا و تورکیا ، به‌تایبه‌تی ‌له‌پاشئه‌وه‌ی سووپای سوریا له‌ پارێزگای ئه‌دلیب سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، زۆرێک له‌ میدیاکان و سه‌نته‌ری لێکۆلینه‌وه‌کان، باسیان له‌بوونی سه‌فقه‌یه‌ک ده‌کرد له‌نێوان تورکیاو روسیا، ئه‌وه‌ش بریتییه‌ له‌ رازیبونی تورکیا به‌وه‌ی که‌ سوریا پارێزگای ئه‌دلیب بگرێته‌وه‌،له‌به‌رامبه‌رردا روسیا رازی بێت که‌ تورکیا کانتۆنی عه‌فرین داگیر بکات. جێگه‌ی ئاماژه‌ی پێشتر روسیا چه‌ند بنه‌که‌یه‌کی سه‌ربازی له‌پارێزگای عه‌فرین هه‌بوو، به‌ڵام هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌م بنکه‌ سه‌ربازییانه‌ی کشانده‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واوه‌ له‌ بوونی ‌ئه‌و سه‌فقه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ روسه‌کان بوونی ئه‌م سه‌فقه‌یه‌ ره‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

کورد له‌نێوان دوو ئاگردا
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ میدیاکان باسیان له‌وه‌کرد ، که‌ هه‌فته‌ی پێشوو روسیا داوای له‌ یه‌په‌گه‌ کردووه‌، ئه‌وان به‌و مه‌رجه‌ دژی تورکیا ده‌وه‌ستنه‌وه‌، که‌ رازیبن به‌گه‌ڕانه‌وه‌‌ی سووپای سوریا بۆ پارێزگای عه‌فرین، یه‌په‌گه‌ش به‌مه‌ رازی نه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستادا یه‌په‌گه‌و کورد له‌عه‌فرین خۆیان له‌به‌رده‌م دوو ئاگردا ده‌بیننه‌وه‌، له‌ لایه‌که‌وه ‌له‌باکووره‌وه‌ تورکیا په‌لاماری ده‌دات،‌ له‌باشووریشه‌وه‌ سوپای سوریا هه‌یه‌، که‌هه‌ردووکیان دوژمنی سه‌رسه‌ختی کوردن.

سزادانی کورد له‌لایه‌ن روسیاوه‌
هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا روسیا هه‌ڵوێستێکی باشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ کوردی رۆژئاوا، پێش ماوه‌یه‌کیش یه‌په‌گه‌ و روسیا پێکه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنێکیان له‌دژی داعش ئه‌نجام دا، به‌ڵام له‌پاش ئاشكرابونی دروستبونی ئه‌و سوپایه‌‌‌ی که‌ ئه‌مریکا پشتگیری ده‌کات، روسیاش ته‌واو نیگه‌ران بوو، هه‌ربۆیه‌ زۆرێک ‌له‌چاودێرانی سیاسیی پێیان وایه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی روسیا وه‌کو سزایه‌ک وایه‌ بۆ کوردانی رۆژئاوا، تاوه‌کو پێیان بڵێت، ئه‌وه‌تا ئه‌مریکا نایه‌وێت یارمه‌تیدان بدات و ته‌نها دۆستان منم.

ده‌رئه‌نجام
ئه‌وه‌ی روون ئاشكرایه‌ له‌م کاره‌ساته‌شدا که‌رووبه‌روی کورد ده‌بێته‌وه‌، پێش هه‌مووشتێک پێویسته‌ پشت به‌هێزوتواناکانی خۆمان ببه‌ستین، له‌ئێستاشدا به‌پێچه‌وانه‌ی باشووه‌روه‌، هێشتا له‌ رۆژئاوا ، رۆحی کوردایه‌تیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیرکه‌ران زۆر به‌هێزه‌، ئه‌م ووره‌ به‌رزه‌ش ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێکی باش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ داگیرکارییه‌. هه‌روه‌ها له‌رووی نێوده‌وڵتیشه‌وه‌ پێویسته‌ کوردی رۆژئاوا هه‌وڵه‌کانی چڕتر بکاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ده‌بێت فشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌مریکاو ئه‌وروپا، نابێت چیتر له‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رده‌وامبن و رێگا به‌تورکیا نه‌دده‌ن له‌م هێرشه‌ی به‌رده‌وام بێت، چونکه‌ له‌ئێستادا کورد له‌رۆژئاوا باجی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا ده‌دات، به‌بڕاوی منیش ئه‌مریکا نایه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی کورد له‌ده‌ستبدات. له‌هه‌مانکاتیشدا زۆر گرنگه‌ کورد به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری روسیا نه‌بێت و هه‌وڵ بدات گه‌ر روسیا دۆستیشی نه‌بێت، ئه‌وا نه‌بێته‌ دوژمنی ،چونکه‌ ئه‌م وڵاته‌ رۆڵی به‌رچاوی له‌ سوریا هه‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

راپۆرتێك: لە عیراق سیغە لەگەڵ كچانی منداڵدا دەكرێت

تۆڕی (BBC)ی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا، ئاماژەی بە بڵابوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی ...