سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » یەكێتی لە ئاستی حزب و حكومەتدا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردنی زیاتری سنوورەكەمان

لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە:

یەكێتی لە ئاستی حزب و حكومەتدا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردنی زیاتری سنوورەكەمان

دیداری، تەها عەبدوڵڵا

ئەبوزێد ساڵح لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: لە چوارچێوەی بەرنامەو پەیام و راسپاردەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هەنگاوی باش و كردارییان ناوە بە ئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و نوێبوونەوە لە كاری رێكخراوەیی و پەیوەندییەكاندا، ئەوەشی خستەڕوو كە هاوسەرۆكانی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت لەپەیوەندیی بەردەوامدان بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردنی زیاتری سنووری كۆیە.

لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە، لەچوارچێوەی دیدارەكەدا، تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی یەكێتی بەئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری خەڵك، بەتایبەت لەدوای كۆنگرەی چوارو نوێبوونەوەی یەكێتی و رایگەیاند: لەدوای دەستبەكاربوونی وەك لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە، بەبەردەوامی بەدواداچوونی جددی كردووە بۆ كێشەو كەموكوڕییەكان و وەرگرتنی سكاڵای هاووڵاتیان، بۆ ئەوەش لە ئاستی حزبدا هاوسەرۆكانی یەكێتی و سەركردایەتی و لە ئاستی حكومەتیش جێگری سەرۆكی حكومەت، لەپەیوەندیی بەردەوامدان و خزمەت و ئاوەدانیی زیاتریان گەیاندۆتە سنوورەكە.

فراوانكردنی هاوكاری و پاڵپشتییەكانی یەكێتی بۆ كۆیە
لەبارەی كارو چالاكییەكانی یەكێتی لە سنووری كۆیەو كاركردن لەسەر بەرنامەكانی دوای كۆنگرە، رایگەیاند: بەرنامەو خزمەتەكانمان وەك مەڵبەندی كۆیە، بەپێی راسپاردەو رێنماییەكانی كۆنگرەیەو لە رابردووشدا، هەرچەندە ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخی ژیانی تێكدابوو، خۆشبەختانە هەنگاوی باش و بەرچاومان ناوە لەخزمەتكردنی خەڵك و ئەو گۆڕانكاریانەی پێویست بووە، كراوە. وتیشی: هاوكاری و پاڵپشتییەكانی یەكێتی بۆ كۆیە، كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەكەی لەنێوان هەولێرو سلێمانی، لەڕابردوودا وەك پێویست خزمەتی بەرچاو نەكراوە، زیادكراوەو خزمەتەكانیش بەپێی پێویستیی ناوچەكان و هاووڵاتیان دەبێت و رۆژانەش خەڵكی سنوورەكە گلەیی و كێشەكانیان روبەڕوی سنووری مەڵبەندەكەمان دەكەنەوە، بەحوكمی ئەوەی كۆیە شاری سەرۆك مام جەلال-ە، هەر لەو روانگەیەشەوە یەكێتی لە ئاستی هاوسەرۆكان و وەك لایەنی حكومەتیش جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانمان لەپەیوەندیی بەردەوامدان و پەرۆشن بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردنی خەڵكی كۆیە بەبێ جیاوازی.

بەردەوامیدان بە ژمارەیەك پڕۆژەی تەواونەكراو
سەبارەت بەو پڕۆژانەشی بەهەوڵی هاوسەرۆكانی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت لەسنووری كۆیە لەجێبەجێكردندان، لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە، وتی: دووسایدی فیدراڵی، كە بەناوی سەرۆك مام جەلال-ەوەیە، ئێستا كاری تێدا دەكرێتو بودجەی پێویستیش لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ تەرخانكراوە، هەروەها بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، نۆژەنكردنەوەو قیرتاوكردنەوەی رێگا تەواونەكراوەكانی كۆیەو تەقتەق خراونەتە جێبەجێكردنەوە، لەگەڵ چەندین پڕۆژەی دیكەو بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتیان، كە ئەركی سەرشانمانەو ئەوەی پێویست بێت و لە توانادا بێت، بەدڵنیاییەوە درێغی ناكەین، وەك چۆن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناو هەڵمەتەكانی هۆشیاری و كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەچارەسەری توشبووانی كۆرۆناو دابینكردنی پێویستییەكاندا، هاوكاریی سنوورەكەمان كردووە. ئەوەشی وت: چەندین پڕۆژە وەك تونێلی هەیبەت سوڵتان و دووسایدی هەولێر-كۆیەو پڕۆژەی ئاودێریی دەشتی كۆیەو چەندین پڕۆژەی دیكە لەخوێندنگەو نەخۆشخانەو رێگاوبان، لەسنوورەكەدا بەتەواونەكراویی بەجێهێڵراون، هیوادارین بەزوویی كاریان تێدا بكرێتەوەو تەواوبكرێن.

بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان
لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان لەسنوورەكەدا، تەئكیدیكردەوە كە «پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حزب و لایەنەكان لەچوارچێوەی پەیوەندییە گشتییەكان و سیاسەتی یەكێتی، پەرەپێدەدەین».

 388 جار بینراوە