سەرەکی » راپۆرت » 5/12 هەڵبژاردنی (نوێنەران)ـە

5/12 هەڵبژاردنی (نوێنەران)ـە

كۆمسیۆن: بۆ هەڵبژاردنی كوردستان چاوەڕێی پەرلەمان و حكومەتین

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 12/5/2018 ی بەهەندێك مەرجەوە، وەك رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكرد.

سەرۆك كۆمار مەرسومێكی كۆماریی دەركرد
هەردوێنێ د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار، مەرسومێكی كۆماریی دەركرد و تێیدا رۆژی شەممە 12/5/2018 ی دیاریكردووە بۆ وادەی خولی چوارەمی هەڵبژارنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە مەرسومەكەدا هاتووە «بڕیارماندا رۆژی دوانزدەیەمینی مانگی ئایاری ساڵی 2018، وادەی بەڕێوەچونی خولی چوارەمی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم مەرسومە جێبەجێ بكەن، ئەم مەرسومە لە رۆژی دەرچونییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی رەسمیشدا بڵاودەكرێتەوە».

هەڵوێستی دادگای فیدرالی
ئەمەش لەكاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە، بەڕێوەچوون یان دواخستنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق، پرسێكی گەرمی نێو ئەنجومەنی نوێنەران بوو، بەهۆی بایكۆتی پەرلەمانتارانیشەوە، ئەنجومەنی نوێنەران لە دوو دانیشتندا نەیتوانی رێژەی یاسایی تەواو بكات و دانیشتن لەسەر ئەو پرسە بكات، لە دوو رۆژی رابردووشدا دادگای فیدرالیی عیراق وەڵامی ئەنجومەنی نوێنەرانی دایەوە و رایگەیاند: نابێت هەڵبژاردنەكان دوابخرێن. لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا بە كۆی دەنگ ئەو پرسە یەكلایی كرایەوە و بڕیاردرا «هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و لە رۆژی 12/5/2018، بەڕێوەبچێت»، بۆ ئەو وادەیەش «چەند مەرجێك» دیاریكراون.

ناوەڕۆكی مەرجەكان
ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، زانیاریی لەبارەی مەرجەكان-ەوە خستەڕوو، لەوبارەیەوە رایگەیاند: دیاریكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێكەوە كە پێویستە حكومەتی فیدرال لەو ماوەیەدا جێبەجێیان بكات، وتیشی: لە مەرجەكاندا هاتووە، پێویستە حكومەت دۆخی ناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی داعش ئاسایی بكاتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە شوێنەكانیان، نابێت هێزە چەكدارەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە كاندیدیان هەبێت، پێویستە ئەو هەڵبژاردنە بە دەنگدانی ئەلیكترۆنی بێت.
لەئەگەری جێبەجێنەكردنی مەرجەكانیشدا، وتی: ئەوەی بۆ ئەو هەڵبژاردنە جێگیر كراوە، یاسایە و پێویستە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەگەر لەكاتی هەڵبژاردنەكەدا بارودۆخ نائاسایی بوو، ئەوا قسەیەكی ترە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقیشەوە، ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا «هەرچەندە بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەو هەڵبژاردنە بۆ شەش مانگ دوابخرێ».

״كورسییەكی كۆتا بۆ كوردانی فەیلی لە پارێزگای كوت جێگیر كرا״
سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، وەك لە بەیاننامەكەی دادگای فیدرالیشدا هاتووە، گرنگە بۆ سیستەمی سیاسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات. وتیشی: هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندیی بە سیستەمی سیاسییەوە هەیە و ناكرێت دوابخرێت، چونكە هەر دواخستنێك كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووش دروست دەكات، ئاماژەی بەوەشكرد «بۆیەكەمجار توانرا كورسییەكی كۆتا بۆ كوردانی فەیلی لە پارێزگای كوت لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێگیر بكرێت، ئەمەش دەستكەوتێكی باشە».

هۆكاری كۆدەنگیی پەرلەمانتاران
پەرلەمانتار ئەشواق جاف لە فراكسیۆنی پارتی، هۆكاری كۆدەنگیی پەرلەمانتارانی لەسەر دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران روونكردەوە و لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەرچەندە هەوڵێكی زۆردرا بەتایبەتی لەلایەن پێكهاتەی سوننە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان دوابخرێن، هۆكارەكانی دواخستنیش تا رادەیەكی زۆر، باوەڕپێكراو بوو، بەڵام لە دەستووردا ئەوە هاتووە كە دادگای فیدرال، چ بڕیارێك دەدات، ئەوە پەسەند دەكرێت، بۆیە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەبێ هیچ كێشەیەك، یاساكە پەسەند كرا و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی خۆیدا دەكرێت. وتیشی: بۆ پەسەندكردنی كاتی هەڵبژاردن مەرج دانراوە، بۆیە ئەگەر حكومەتی عیراق ئیرادەیەكی سیاسی هەبێت، دەتوانێ ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆیدا بكرێت، بە پێچەوانەوە ناتوانرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە گەڕانەوەی ئاوارەكانەوە هەیە.

هەڵبژاردنەکانی هەرێم
دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەكاتێكدایە تائێستا لە هەرێمی كوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكراوە، لەوبارەیەوە شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، ئێمە وەك كۆمسیۆن چاوەڕێی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان دەكەین تا كۆبوونەوەیەك بكەین و كاتێك بۆ ئەو پڕۆسەیە دیاری بكەین، راشیگەیاند: تا ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت، وەك كۆمسیۆن ناتوانین بڵێین هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێش، یان دوای هەڵبژاردنی عیراق دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش تائێستا بەشێك لە داواكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێنەكراون، لەوانە تائێستا بودجەمان پێنەدراوە، هەروەها داوای لیستی ناوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆمان كردووە، بۆ جیاكردنەوەی لیستی دەنگدەرانی سەربازی و مەدەنی، بەڵام تائێستا ناوەكانمان پێنەدراوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نادەستوورییەكان لە كەركوك

كەركوك، كوردستانی نوێ فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كار ...