سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » میدیای ئەڵمانیا: ترەمپ دیموكراسییەتی خۆرئاوای خستە مەترسییەوە

میدیای ئەڵمانیا: ترەمپ دیموكراسییەتی خۆرئاوای خستە مەترسییەوە

رووداوەكانی ئەم دواییەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەڵكوتانەسەر كاپیتۆڵی دڵی دیموكراسیی وڵات، كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و پرسیارێكی لای نێوەندی سیاسیی جیهانی و شەقام دروستكرد، كە ئایا دیموكراسییەتی خۆرئاوا لە مەترسیی هەڵوەشانەوەدایە؟ لەسەر ئەمە، لە ئەڵمانیا لەسەر ئاستی بەرزترین جومگەی سیاسی و دەسەڵاتەوە، ئەو هەڵسوكەوتە شەرمەزار كرا، كەناڵەكانی میدیای ئەو وڵاتەش زۆر لەسەری دەدوێن.

رۆژنامەی Sddeutsche Zeitung نووسیویەتی: ئەوانەی هەڵیانكوتایە سەر بینای كۆنگرێس و دیموكراسییەتیان پێشێلكرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاراستەی دەكردن، دەبێ هەڵوەستە لەسەر ئەم رووداوە نەخوازراوانە بكرێ و لە ئاسەوارە نەرێنییەكانی بكۆڵرێتەوە، چونكە ئەم رووداوە لە مێژووی گەل و وڵاتاندا یەكەمین جار و دواهەمین جار نییە.

ترەمپ پەشیمان بۆوە
فرانكفۆرتە ئەلگیماینەFrankfurter Allgemeine Zeitung لە راپۆرتێكی كۆتایی هەفتەدا نووسیویەتی: لە دوای كۆنترۆڵكردنی كۆنگرێس و شكاندنی هەیبەتی ئەو دەزگا گرنگ و گەورەیەی ئەمریكا، ترەمپ و هاوەڵەكانی لەوە تێگەیشتن كە چ كەتنێكی گەورەیان دەرهەق بە ئازادی و دیموكراسی و سەروەریی وڵاتەكیان كردووە ‌و كاردانەوەكانیش بوونە هۆكاری پەشیمانبوونەوەیان، هەر بۆیە سەرۆك زوو داوای ئاشتبوونەوەی كرد و ئاشكرایكرد، كە ئاشتییانە پۆستەكەی رادەستی جۆ بایدن سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەكات.

ئەو رۆژنامەیە لۆمەی ترەمپ دەكات لەوەی كۆمەڵگەی ئەمریكی لە هەموو پرسەكاندا كردە دوو جەمسەری جیا و دژ بەیەك، بگرە لە ناو پارتەكەشیدا دوو جەمسەری ناكۆكی دروستكرد و لە كاردانەوەی ئەو رووداوەشدا، زۆرێك لە كۆمارییەكان لە دژی ئەو رەفتارەی هەوادارانی بوون، بۆیە زۆر لەكاربەدەستان دەستیان لەكاركێشایەوە.

فرانكفۆرتە ئەلگیماینە ئاماژەی بەوەشكردووە: ترەمپ بەختی خۆكاندیدكردنەوەی خولێكی تر و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی لە دەست خۆی دا.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە
سایتی Deutsche Wella دەڵێت: ئەم رووداوە لە رابردوودا لە خۆرئاوا چەندبارە بۆتەوە و ئاراستەی پۆپۆلیست و توندڕەوەكان دەیەوێت دیموكراتیەت لەبار ببات، لە ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوودا، لەپێناوی قایمكردنی دەسەڵاتی خۆیان، هیتلەر و دار و دەستەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیاReichstag یان سووتاند و دوای ئەوە دەستیانكرد بە گرتن و راوەدوونانی نەیارانیان، میدیایان كۆت و بەند كرد، بەم دواییەش و لە ساڵی 2006 دا، توندڕەو و نەتەوە پەرستەكانی هەنگاریا هەڵیانكوتایە سەر پەرلەمانی وڵاتەكەیان و داگیریان كرد، ئەمەش بووە دەستپێكی گەشەكردنی بیری رادیكالی لەو وڵاتەدا.

لە تازەترین هەوڵی ئەو پۆپۆلیستانەش، لە ئەڵمانیا و لە 2020 روویدا، كاتێك ئەو توندڕەوانە لە دژی رێكارەكانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چوونە سەر پەلەرمانی ئەڵمانیا و لە دەروازەی سەرەكی چوونە ژوورەوەو ئاڵای رایخی سەردەمی نازییەتیان بەرز كردەوە.

لەسەر ئەم پرسە، هانز یۆرگن بۆلیە لە دیدارێكی لەگەڵ ئەو كەناڵە میدیاییەدا دەڵێت: جیازی ئەو رووداوانەی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا، ئەوەیە كە سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات دیموكراسی وڵاتەكەی پێشێلكرد، بەڵام ئەوانەی ئەوروپا تەنها پۆپۆلیستەكانن، كە دەیانەوێت دیموكراسییەكەمان لەناوببەن.

دیموكراسی بە هەوەنتە نەهاتۆتەدی
رۆژنامەی Tages Zeitung پێیوایە كە هەرچەند ئەوەش روویدا، بەڵام پارتی كۆمارییەكان هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە و كەتنەكەی هەوادار و لایەنگرانی ترەمپ-یش دەچێتە مێژووەوە، ئەگەر سەرۆكی تازە بتوانێت برینەكانی ئەم چوار ساڵەی سەرۆكایەتیی ترمپ ساڕێژ بكاتەوە و كەشوهەوای دیموكراسی پاك بكاتەوە، ئەوا دەرفەت لە بەردەم ترەمپ و كەسانی وەك ئەو بۆ بوون بە سەرۆكی وڵات دادەخات. ئەو رووداوە بووە ئەزموونێكی تاڵی توندڕەوەكان و لە سەرتاسەری دونیادا شەرمەزاركرا، هەر گروپ ‌و لایەنێكی تریش ئەو كردەوانە تاقی بكاتەوە و هەڵبكوتێتە سەر دەزگا دیموكراسییەكان، پەشیمانی بۆ دەمێنێتەوە و كارەكانی هیچیان لە شوێن سەوز نابێت، دیموكراسییەتی رۆژئاوا و ئەمریكاش لە چەند لەحزەیەكدا نەهاتۆتەدی، تاكو وا بەئاسانی لە دەست بدرێت، بەڵكو پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و ئەزموون و شارەزایی و پێویستیی قۆناغەكانی گەشەكردنی ژیان، دروستیكردووە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

 465 جار بینراوە