سەرەکی » راپۆرت » ئه‌مریکا ستراتیژی سه‌ربـازی نوێی خۆی ئاشكرا کرد

ئه‌مریکا ستراتیژی سه‌ربـازی نوێی خۆی ئاشكرا کرد

ساڵی پێشوو له‌چه‌ند ده‌زگایه‌کی میدیایی ئه‌مریکا، باس له‌ ستراتیژی نوێی سه‌ربازی ئه‌مریکا ده‌کرا، که‌ واچاوه‌ڕوانده‌کرا ئه‌مساڵ ئاشكرابکرێت. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا، چه‌ند ئاماژه‌یه‌کی بچووکی به‌م ستراتیژییه‌ نوێیه‌ دابوو، به‌ڵام جیمس ماتیس وه‌زیری به‌رگری، هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌و ستراتیژییه‌ نوێیه‌ی‌ بۆ میدیاکان ئاشكراکرد. له‌و ستراتیژییه‌ نوێیه‌دا،ئه‌مریکا زیاتر جه‌خت له‌ رووبه‌روبونه‌وه‌ی چین و روسیا ده‌کات و به‌ دوو نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ئه‌مریکای وه‌سفکردون. سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ر‌ه‌وه‌ی روسیاش، ئه‌و سیاسه‌ته‌ نوێیه‌‌ی ئه‌مریکا به‌ « ستراتیژی رووبه‌‌روبونه‌وه‌و نه‌مانی دیالۆگ» وه‌سف ده‌کات.

مۆدێرنکردن و به‌هێزکردنی سوپای ئه‌مریکا
ئه‌و ستراتیژییه‌ نوێیه‌ که‌ جیمس ماتیس وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا بۆ میدیاکانی ئاشكراکرد، خۆی له‌ په‌نچا لاپه‌ره‌ ده‌بینێته‌وه‌و ته‌نها 10 لاپه‌ڕه‌یان بۆ میدیاکان ئاشکراکردووه‌، تێیدا داوا ده‌کات که‌ هه‌موو رێگایه‌ک بگرێته‌ به‌ر بۆ مۆدێرنکردن و به‌هێزکردنی سوپای ئه‌مریکا.

سوپای ئه‌مریکا له‌پاشه‌کشه‌دایه‌
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌ی ماتیس دا هاتووه‌: له‌ئێستادا سوپای ئه‌مریکا له‌رووی تواناو کێبرکێکردندا له‌گه‌ڵ سوپاکانی تری نه‌یاریدا، ئاستی که‌مبۆته‌وه‌. ده‌شڵێت: سوپای ئه‌مریکا له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌ چ له‌ رووی هێزی ده‌ریایی یان وشکانی یان ئاسمانی، روو له‌پاشه‌کشه‌یه‌.

هه‌مان سیاسه‌تی تره‌مپه‌
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ پێش مانگێک دۆناڵد تره‌مپ «ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی « پێشكه‌شكرد. راپۆرته‌که‌ی ماتیسیش له‌باره‌ی ستراتیژی سه‌ربازی نویێ ئه‌مریکاوه‌، رێک ته‌رجومه‌ی هه‌مان بۆچوونی دۆناڵد تره‌مپی ده‌کرد. پێشتر تره‌مپ له‌ ستراتیژییه‌ نوێکه‌یدا رایگه‌یاند: هێزه‌ نه‌یاره‌کانی ئه‌مریکا وه‌کو روسیا وچین، ده‌یانه‌وێت به‌هاو ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژموونی ئه‌مریکا له‌ناوبه‌رن.

مه‌شغوڵبوونی ئه‌مریکا به‌ جه‌نگی تیرۆره‌وه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئالبریدیج کۆلبی جێگری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشوودا چین و روسیا توانییان به‌شێوه‌یه‌کی سیسیتماتیکی و به‌رده‌وامی هێز و توانا سه‌ربازییه‌کانی خۆیان به‌هێزبکه‌ن. راشیگه‌یاند: به‌هۆی مه‌شغوڵبوونی ئه‌مریکا به‌جه‌نگی تیرۆره‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌ نه‌یاره‌کانمان به‌خراپی سوودیان له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رگرتوه‌.

چین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دراوسێکانی ده‌کات
له‌راپۆرته‌که‌ی ماتیس دا، هێرشی توند ده‌کاته‌ سه‌ر چین و تۆمه‌تباریشی ده‌کات به‌وه‌ی « که‌ ته‌کتیکاتی ئابووری به‌کارده‌هێنێت بۆ ترسناندنی دراوسێکانی ، تاوه‌کو له‌ کێشه‌ی ده‌ریای چین دا، سازشی گه‌وره‌یان پێ بکات. هه‌روه‌ها چین وه‌کو نه‌یارێکی سه‌رسه‌ختی ئه‌مریکاش داده‌نێت.

روسیا په‌لاماری دراوسێکانی ده‌دات
گه‌رچی روسیاشه‌ له‌ راپۆرته‌که‌دا به‌خراپی باسی ده‌کات و ده‌ڵێت: سنوری ده‌وڵه‌تانی دراوسێی ده‌به‌زێنێت و په‌لاماریان ده‌دات. له‌مه‌شدا ئاماژه‌ به‌ لکاندنی دوورگه‌ی قرم ده‌کات له‌ساڵی 2014. هه‌روه‌ها له‌شکرکێشییه‌کانی روسیاش بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا، به‌کارێکی دوژمنکاریانه‌ وه‌سف ده‌کات. له‌کۆتایشدا روسیا به‌ نه‌یارێکی سه‌رسه‌ختی ئه‌مریکا وه‌سف ده‌کات.

ئێران و کۆریای باکوور
له‌باره‌ی ئێران و کۆریای باکووریش، راپۆرته‌که‌ به‌ ده‌وڵه‌تی «ماریق» وه‌سفیان ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌وان له‌رێگه‌ی ده‌ستکه‌وتن به‌ چه‌کی ئه‌تۆمی و پشتگیریکردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌کان، ده‌یانه‌وێت ئاسایشی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریان و جیهان تێکبدده‌ن.

چیتر تیرۆر ئه‌وله‌ویه‌ت نییه‌
گه‌ر له‌ساڵانی پێشوودا جه‌نگ له‌دژی تیرۆر، کاری سه‌ره‌کی سوپای ئه‌مریکا بوو، ئه‌وا له‌م راپۆرته‌ی ماتیس دا، جه‌نگ له‌دژی تیرۆر، به‌ کاری سه‌ره‌کیی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌مریکا دانانرێت.

روسیا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌
له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌،سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ له‌جیاتی دیالۆگ و گفتووگۆی دروست و به‌کارهێنانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ئه‌مریکا له‌رێگه‌ی داڕشتنی ستراتیژیی و چه‌مکی رووبه‌روبونه‌وه‌، ‌ ده‌یه‌وێت رابه‌رێتی خۆی به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێت.

تۆمه‌ته‌کان ره‌ت ده‌کاته‌وه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ لاڤرۆڤ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مریکا بۆ روسیا و چینی ره‌تکرده‌وه‌، که‌ گوایه‌ ئه‌وان ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیان تێکدابێت، لاڤرۆڤ رایگه‌یاند: ئه‌وانه‌ هه‌مووی تۆمه‌تی ناڕاستن. وتیشی: روسیا ئه‌ندامێکی هه‌میشه‌یی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵیشه‌، ئه‌ندامێکی چالاکبووه‌ بۆ داڕشتنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ، که‌ ئاشتیی و ئاسیاشی نێوده‌وڵه‌تیی به‌رقه‌رار ده‌کات.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و راپۆرته‌ی ماتیس له‌ناو جیهاندا، کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا،به‌تایبه‌تی له‌روسیاو چین، زۆر به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ستراتییژیه‌ نوێیه‌ی ئه‌مریکا ده‌که‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*