سەرەکی » مانشێت » ״ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی״

״ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی״

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بەشداریی كۆنفرانسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و لەگەڵ نوێنەرانی یەكێتی لە وڵاتانی دەرەوە كۆبووەوە.

لە ڤیدیۆكۆنفرانسەكەدا، كە ئێوارەی رۆژی 17/1 بەئامادەبوونی هەریەك لە دكتۆر سۆران جەمال تاهیر لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و سەركەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتییەكان و نوێنەرانی یەكێتی لە وڵاتانی دەرەوە، بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا دەربارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكاندا.

لە سەرەتای ڤیدیۆكۆنفرانسەكەدا، لاهور شێخ جەنگی، وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا بەرچاوڕوونی دا بە هەڤاڵانی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە لەبارەی شێوازی كاری حزبی لە دوای كۆنگرەی چوارەم و رۆڵ و پێگەی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەی بۆ دۆخی كۆرۆنا كردو رایگەیاند: لە دوای كۆنگرە، كۆرۆنا رێگر بووە لە كارو چالاكییە حزبییەكان، بەڵام یەكێتی لەو دۆخەشدا دەستەوەستان نەبووە و لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ میللەتەكەمان و لەكاتی كەرەنتینەدا دەستمانكرد بە هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكان و پێشكەشكردنی دەرمان و كۆمەكی پزیشكی و دروستكردنی نەخۆشخانە لە چەند شارو شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان.

لاهور شێخ جەنگی، باسی لە هەوڵەكانی یەكێتی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و پێداگریی یەكێتی دووپاتكردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیان و رایگەیاند: لەچوارچێوەی رێكەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، چاوەڕوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیی دارایی و كارگێڕیی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم.

ئاماژەشیكرد بە سەردانەكانی بۆ بەغدا و دیدارو كۆبوونەوەكانی وەفدی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان و بەدەستهێنانی رەزامەندیی لایەنەكان و حكومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2021.

لەتەوەرێكی تری وتەكانیدا، لاهور شێخ جەنگی، پلان و بەرنامەی داهاتووی یەكێتی بۆ هەڤاڵان لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە روونكردەوە، هاوكات سوپاسیكردن كە دڵسۆزانە ئەركەكانیان جێبەجێكردووەو داواشی لێكردن كە خۆیان سازو ئامادەبكەن بۆ داهاتوو و بەگیانێكی یەكێتی-یانە كاربكەن بۆ خزمەتكردنی رەوەندی كوردی لە دەرەوە.

لەكۆتاییدا، نوێنەرانی یەكێتی لە وڵاتانی دەرەوە، باسیان لە كارو چالاكییەكانیان كردو سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان خستەڕوو، سوپاسی؛ لاهور شێخ جەنگی-یان كرد كە راشكاوانە بابەتەكانی بۆ روونكردنەوە. هاوكات پرسیارو داواكارییەكانیان ئاراستەكردو بەگرنگییەوە لەلایەن هاوسەرۆكەوە وەڵامدرانەوە.

 114 جار بینراوە