سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » باڵیۆزی عیراق لە نەمسا: ئەگەر کورد بەپەلە…

باڵیۆزی عیراق لە نەمسا: ئەگەر کورد بەپەلە…

باڵیۆزی عیراق لە نەمسا: ئەگەر کورد بەپەلە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نەدا لەم دۆخە سیاسییەدا بەسەرکەوتویی نایەتەدەر

گفتوگۆی: بڕوا بەرزنجی

کەوتنی داعش وپێشبینی دەرفەت و دەسکەوتی گەورەی بۆ کورد لێدەکرا، دوای نەمانی ئەو خەلافەتە، کە بە پشتگیری زۆری هاوپەیمانان کورد بە قوربانیدانێکی زۆر لێی هاتەدەر، ئەنجامدانی ریفراندۆم گەورەترین ڕووداوی دوایی میژوی کوردە لە سەدەی نویدا، بەڵام تا ئێستایش ڕوون نییە لەسەر چ بنەمایەک ئەو بڕیارەدرا، کە دەرئەنجامەکانی ئێستای، پێش پڕۆسەکە بە سەرکردایەتی سیاسیی کورد ڕاگەیەندرابوو، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە خەونی دەوڵەتی کوردییەوە گەیشتۆتە درووستبونی «حەشدی کوردی» و بێ موچەیی و کوژرانی منداڵانی هەژار بەهۆی نەبوونی مووچەو گەندەڵی و فەسادی بێسنور و ئاشکرای هەندێ لە سەرکردە سیاسییەکان، بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کورد لەم ساتەوەختەدا، گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیر و ئەکادیمی سیاسی و سیاسەتمەدار دەکەین.

هه‌ڤاڵ بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراقە لە نەمسا، لەم گفتوگۆیەدا بەشدارە و ڕای وایە «کورد لەم دۆخەدا ئاسان نییە بە سەرکەوتوویی بێتەدەر ئەگەر بە پەلە ھەوڵی چارەسەرکردنی ھەڵەکان نەدەین»، ئەو کە لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، باڵیۆزی عێراق بووە لە چەندین وڵاتی وەک سوید و به‌رازیل و ئێستایش لە نەمسا، خاوەنی ئەزموونێکی زۆری سیاسی و دیبلۆماسییە، هەڤاڵ بەکر فەتاح، بەهۆی بەرپرسیارێتی سیاسیی زۆر بە کورتی و خۆلادانەوە وەڵامی پرسیارەکانی داوینەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەخاڵی گرنگ و ئاگادارکردنەوەی سەرکردایەتی کورد کردوە.

* پێشبینی دەکرا، دوای جەنگی داعش، وەک جەنگی یەکەم و دووهەمی کەنداو، کورد یەکێک بێت لە سودەمەندەکان و براوەکانی، بەتایبەت کە ئەمجارە خۆی ئەکتەرێکی سەرەکی جەنگەکە بوو» بەڵام کۆتایی داعش، کۆتایی بە زۆر دەسکەوت و خەونی کوردیش هێنا لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان» بەبڕوای تۆ بۆ کورد بەو دۆخە گەیشت؟

بەڵێ دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەمە نیوەی راستە، چونکە ئێمە مێژوو دووبارە دەکەینەوە نەک خۆی خۆی دووبارە بکاتەوە.. تۆ سەرنج بدە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە چەند دەرفەت بۆ کورد دروست بووە، بەڵام ھەمیشە کارەکتەرە سەرەکییەکە بۆ دووبارە بونەوەی ئەو مێژووە خۆمان بووین.. سەرھەڵدانی داعش دەرفەتێکی گونجاوی فەراھەمکرد بۆ کورد بۆ گەرانەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان.. بە بێ ھاوکاری هاوپەیمانەکان، زۆر سەخت بو زاڵبوون بە سەر داعشدا، کەچی بێ گوێدان بە ھەڵوێستی ھاوپەیمانان ریفراندۆممان راگەیاند.

* لە ئێستادا پڕۆسەیەک دەستیپێکردوە بۆ دروستکردنی (حەشدی کوردی) لە ناوچە جێناکۆکەکان، ڕایەک هەیە کەپێی وایە ئەمە یەکێکە لە دەرکەوتەکانی کۆتاییهێنان بە مەسەلەیەک بەناوی مەسەلەی کوردەوە، ئەوان دەڵێن حکومڕانی کوردی لەوەدەرچووە چیتر نوێنەرایەتی ئەم مەلەسەیە بکات و بەهۆی بێ بەهاکردنی حەڵاڵ و حەرامی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، دەرگای لەسەر بچوککردنەوەی زیاتر و ونکردنی کێشەی کورد کردۆتەوە، بەڕاست ئێمە گەیشتوینەتە ئەو دۆخە تاریکە؟

حەشدی شەعبی بۆ بەربەرەکانی داعش دەوری گەورەی بینی، چونکە لەو وەختەدا کە عێراق خاوەنی لەشکرێکی بە دیسپلین نەبوو بۆ بەربەرەکانی ھێزێکی خاوەن باوەری توندرەوی مەزھەبی سونی دەبوایە ھێزێکی خاوەن باوەری مەزھەبی لە بەرامبەریدا بەرھەڵستکار بێت.. ئەگەر حەشدی شەعبی نەبوایە بەغداد دەمێک بوو کەوتبوو.. بەڵام پاش تێکشکانی داعش، دروست بوونی ئەم ھێزانە ئەگەر لە چوارچێوەی لەشکری عێراق رێک نەخرێنەوە ووڵات بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبەن، جا من نازانم ئەوان لە کوردستان چ حەشدێک دروست دەکەن، خۆ لە کوردستان چەندین گروپی جیاواز ھەیە، ئەوە رەنگە دیسان دووبارەکردنەوەی ئەفواجی خەفیفە یان سوارەی حەمیدییەی زەمانی سوڵتان حەمیدی عوسمانی بێت.

* ڕیفراندۆم گەورەترین ڕوداوێک بوو کە کورد بەرەو خەونە گەورەکەی کە دەوڵەتە ئەنجامیدا، بەڵام نەک یەک هەنگاو بەرەو خەونەکەی نەچووەپێش بەڵکو ئێستا کە سەیری پێش و پاش ڕیفراندۆم دەکەین، دەوڵەتێکی دانپێدانەنراوی پێش ئەو پڕۆسەیە دەبینین و دواتر ئیدارەیەک کە موچە دوادەخات! بەڵام ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم ڕایان وایە تاپۆی ڕەشیان بۆ کورد نوسیوەتەوە و دەسکەوتێکی گەورەیە، چۆن لەم ڕوداوە تێبگەین؟

– دەیڵێمەوە بەبێ ھاوکاری ھێزە هاوپەیمانەکان، زۆر سەخت بو زاڵبوون بە سەر داعشدا ، کەچی بێگوێدان لە ھەڵوێستی ھاوپەیمانان ریفراندۆممان راگەیاند، ریفراندۆم مافی ھەموو میلەتێکە، (ھەرچەندە پێموایە ناکرێ بریاری ستراتیجی چارەنووسساز بخرێتە ژێر ره‌حمی سندوقی ریفراندۆم، چونکە ئەو بریارانە دەبێ شارەزایانی سیاسی و یاسایی و ئابوری بریاری لێ بدەن، جگە لەوە لە ریفراندۆم ئەگەرچی ئامانجەکەی خێر و خۆشی بێت بۆ میللەت ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات ھەر دژایەتی دەکات، ھەڵبەت بارودۆخی ئاو و ھەوا کارەساتە سروشتیەکان ھەندێجار دەبنە بەربەست بۆ ئامادەبوونی ھاوڵاتیان لە بەردەمی سندوقەکان…)، بەڵام بە ڕەچاوکردنی دۆخی بابەتیی و خۆیی، سەیرکەن ئێمە گەمارۆ دراوین بەدەوڵەتانی دراوسێ کە بێ ھیچ، پێچ و پەنایەک بە ئاشکرا دژایەتی ھەموو ھەوڵێک ئەکەن بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، تەنانەت چاویان بریوەتە ئەو دەستکەوتانەی ئەم بەشەی کوردستان، نازانم سەرکردایەتی کورد چۆن بە پشتیوانی کێ ئەو جۆرە بریارە دەدەن.

* ئێمە بچوکین وەک هێز و باڵانسی هێز لە ناوچەکەماندا، دوژمنەکانیشمان زۆر گەورەو پڕ هێزن، زلهێزەکانیش دوور لە بەها ئەخلاقی و دیموکراسییەکان مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان دەکەن، لەوەها دۆخێکدا هێزی کورد چییەو چۆن دەکرێت لەم یاری و مامەڵانە بە مۆفەقی بێتەدەر؟

ئێمە ھێزێکی بچوکین، نا ئێمە ھێزێکی بچوک نین، ئەو وەختە بچوکین کە ھیچ رۆڵێکمان نەبێ لە سەر رووداوەکانی ئەم ناوچەیە، من بە پێچەوانەوە دەیبینم، ئێستا لە ھەموو ئەو ووڵاتانەی کوردی تێدایە، کێشەی کورد بۆتە ژمارەیەکی گەورە، ئێستا بێ بەشداری کورد ئاسان نییە دابینکردنی سەقامگیری، ئێستا کورد دەتوانی ھێزی نەرم بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، ئەزانی ئەگەر ھەڵەمان نەکردایە لە چۆنیەتی حوکمرانی، دەکرا ئەو ئەزمایشە ببێتە نمونەی حوکمرانی لە ناوچەکە، ھێشتا درەنگ نییە بۆ سەر لە نوێ ئەکتیڤ کردنی دامەزراوەکان، سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بە حکومەت، کاتمان زۆر کەمە بۆ لە دەستنەدانی ئەم دەرفەتە، ئێستا لە بەینی دوێنێ و بەیانی داین، نەدوێنی بەسەرماندا سەپێنراوە نە بەیانی ھاتووە. کورد لەم دۆخەدا ئاسان نییە بە سەرکەوتویی بێتە دەر ئەگەر بە پەلە ھەوڵی چارەسەرکردنی ھەڵەکان نەدەین، ئەگەر ھەرچی زووە جیاوازی حیزبیی و دەستکەوتی حیزبی فەرامۆش نەکەین، ئێستا لە کوردستان لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە پیاوانی دەوڵەت ھەیە نەک پیاوانی سیاسەت وحیزب، چونکە پیاوانی حیزب چاویان لە دەستکەوتی شەخسی خۆیان و حیزبەکەیانە، بەڵام پیاوانی دەوڵەت چاویان لە بەرژەوەندی ووڵاتە، دوای 30 ساڵ حوکمرانی ھێشتا ئاسەواری شەرعیەتی شۆرشگێری بە سەر جومگەکانی حکومەتە وە دیارە، تا ئێستا نەمانتوانیوە حوکمی رەشید پیادە بکەین، ئەگەر توانیمان پیاوانی دەوڵەت بەرھەم بھێنین، ئایندەیەکی رووناک چاوەروانی ئەم میللەت و ووڵاتە دەکات..

بەکر فەتاح حوسێن
لە دایکبووی ساڵی 1957ی سلێمانی.
ساڵی 1987 بەشی کیمیایی زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە.
ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو پێشمەرگە بووە.
لە ساڵانی 1991 تا 1999، سێ بڕوانامەی دیبلۆمای لە وڵاتی ئێران و ئیسپانیا و ئیتاڵیا بەدەستهێناوە.
سالانی 2005 تا 2009 ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان بووە لەسەر لیستی سەوز.
باڵیۆزی عێراق بووە لە سوید و به‌رازیل و ئێستایش باڵیۆزی عێراقە لە نەمسا.
بێجگە لە زمانی کوردی، هەریەک لە زمانەکانی: عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و ئیسپانی و ئیتاڵی و پۆرتوگالی دەزانێت.
خێزاندارە و دوو کچی هەیە.

 838 جار بینراوە