سەرەکی » راپۆرت » عه‌دنان موفتی:به‌ رێگه‌ی یاسایی و ده‌ستووری، كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی درێژه‌ی ده‌بێت

عه‌دنان موفتی:به‌ رێگه‌ی یاسایی و ده‌ستووری، كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

دوێنێ 24/1/2018، به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی، به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هید مامه‌ڕیشه‌، كه‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونێتی ‌و تێكڕای شه‌هیدانی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ سلێمانی كۆبۆوه‌.

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، عه‌دنان موفتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی روونكرده‌وه‌ و وتی: سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌ستیپێكرد به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵی به‌ڕێز كاك كۆسره‌ت، به‌ڵام به‌هۆی باری ته‌ندروستییه‌وه‌، ئێمه‌ی راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كان بكه‌ین، وتیشی: كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر فراوان بوو، سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی د.فوئاد مه‌عسوم كرا وه‌ك ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سلێمانییه‌ بۆ هاوكاریكردنی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێشدا به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری كردو راوبۆچوونه‌كانی خۆی پێشكه‌شی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كرد. پاشان گفتوگۆكان ده‌ستیان پێكرد به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌، وتیشی: تێكڕای پێشنیازه‌كان، یان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری بۆچوونه‌كان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ی یه‌كێتی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ببه‌سترێت، زیاتر له‌ چه‌ند هه‌ڤاڵێكیش پێشنیازی سه‌ره‌تای مانگی سێیان كرد، راشیگه‌یاند: كۆمیته‌ی ئاماده‌كاریی كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ ده‌ستنیشانكرابوو، داوایه‌كی زۆر هه‌بوو كه‌ ئه‌و كۆمیته‌یه‌ فراوان بكرێت، ئه‌ركی پێداویستی سه‌رخستنی كۆنگره‌كه‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆی، وتیشی: له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌كرا كه‌ له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌كرابوو هه‌یئه‌تێك ده‌ستنیشان بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی تا كۆنگره‌، ئه‌مه‌ش باسێكی زۆری له‌سه‌ر كرا، پێشنیازێك هه‌بوو لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی، كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ركی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ئیداره‌ی یه‌كێتی بدات له‌و ماوه‌یه‌دا تا كۆنگره‌، بۆ ئه‌وه‌ی رای كاك كۆسره‌ت و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی تریش وه‌ربگیرێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌كراوه‌یی مایه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سه‌عات 12 جارێكی تر كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی سێی ئه‌مساڵ بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ فراوانكردنی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌، هه‌روه‌ها چۆنێتی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتیی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان‌و چاره‌نووسی كه‌ركوك، عه‌دنان موفتی، رایگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا 24/1، باسی لێوه‌ نه‌كرا، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌ركی كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو، چ سه‌ركردایه‌تی بێت، چ ئه‌و كۆمیته‌یه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كرێت، ئه‌ركه‌كانی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هاوكاربێت له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌نده‌كان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، وتیشی: دیاره‌ یه‌كێتی له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌و پێشی باش بوو كه‌ یه‌كلیستی هه‌بێت له‌و ناوچانه‌دا، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك بین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كورد پاش رووداوه‌كانی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، كه‌ ئێستا بۆته‌ ئه‌مرێكی واقیع‌و هێزه‌كانی عیراقی تێدایه‌، كورد تێیدا لاواز بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ بتوانین له‌به‌ر رۆشنایی ده‌ستووری عیراق، له‌به‌ر رۆشنایی مادده‌ی 140، جارێكی دیكه‌ به‌ڕێگای یاسایی، به‌ڕێگای ده‌ستووری ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

تۆماركردنی ناوی كاندیده‌كان
له‌باره‌ی تۆماركردنی ناوی كاندیده‌كانی یه‌كێتی له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وتی: ئێمه‌ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌‌و به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌نده‌كان كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكن، ناوه‌كان ئاماده‌ده‌كرێن‌و پێشكه‌شی كۆمسیۆن ده‌كرێن.

كاتی به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ «له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم تێكڕایان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ كۆنگره‌ ببه‌سترێ، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ رۆژه‌كه‌شی سه‌ره‌تای مانگی سێ ده‌بێت، به‌ڵام بڕیاری له‌سه‌ر نه‌درا، چونكه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی پێشنیازێكی تر هه‌بوو كه‌ كۆمیته‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌، كه‌ پێش نزیكه‌ی دوو ساڵ ده‌بێت، ده‌ستنیشان كراوه‌، سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و كادری پێشكه‌وتوو ده‌ستنیشان كرابوون، ئه‌و كۆمیته‌یه‌ فراوان بكرێت‌و كاره‌كانی ته‌واو بكات، وتیشی: له‌هه‌مان كاتدا پێشنیازێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بڕیاری دوا كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی بگونجێت، ئه‌م كۆمیته‌یه‌ ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیشی هه‌بێت له‌و مانگه‌دا تا كۆنگره‌ ده‌به‌سترێت.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ ئایا تا به‌ستنی كۆنگره‌، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستا، ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌ی رابردووی سه‌ركردایه‌تیدا، ده‌نگ بۆ بڕیارێك دراوه‌، ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێت رێزی لێ بگرین، به‌ڵام كۆتا بڕیار ئه‌مڕۆ 25/1/2018 ده‌درێت.

ئیدانه‌ی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر عه‌فرین
له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین‌و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌سه‌ری، عه‌دنان موفتی، وتی: كۆبوونه‌وه‌كه‌مان تایبه‌ت بوو به‌ شتی ناوخۆیی، به‌تایبه‌ت كۆنگره‌، به‌ڵام پێموایه‌ وه‌كو مه‌بده‌ئێك ئێمه‌ پێمان باش نییه‌ ئه‌و هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، خاكی رۆژئاوا، خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕۆژئاوادایه‌، مافی خۆیانه‌ به‌رگریی له‌ خۆیان بكه‌ن، هه‌موو مه‌سه‌له‌كان ده‌بێ به‌ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێن، پێموایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌وێ روویداوه‌، ئیشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات‌و چاره‌سه‌ری سیاسی دوورده‌خرێته‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی سوریاش به‌گشتی ئاڵۆزتر ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئومێد ده‌كه‌ین كه‌ به‌زووترین كات كۆتایی به‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌ بێت، خه‌ڵكی سوریاو له‌وانه‌ش كوردی رۆژئاواش، خۆیان بڕیار له‌ئاینده‌ی خۆیان بده‌ن‌و مه‌سئولیه‌تی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌سه‌ر شانی هه‌موو میلله‌تی سوریایه‌، ئومێد ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌ك هاوكات له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو روسیا كارێك بكه‌ن ئه‌و شه‌ڕه‌ رابوه‌ستێت به‌زووترین كات، چونكه‌ خه‌ڵكێكی سڤیلی زۆر بۆته‌ قوربانی ئه‌و شه‌ڕه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان״

دوای دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی ...