سەرەکی » ئاراستە » ماكس ڤیبەری مرۆڤ

ماكس ڤیبەری مرۆڤ

محەمەد ئەلموهەزەبانی

لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

گرنگی ماكس ڤیبەر تەنیا لەوەدا نییە كە بە یەكێك لە زانایانی كۆمەڵناسی هەژمار دەكرێت، بەڵكو كاریگەریی هەیە بەسەر هەندێك رەوەتی فیكری و ژانری زانستی جۆراو جۆریشەوە، پلەو پایەی ڤیبەر لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا رۆژ بە رۆژ دەدرەوشێتەوە، تەنانەت دوای سەد ساڵ لە مردنیشی كە 1920 لە میونیخی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد، درەوشانەوەی ناوەكەی هەر بەردەوامە. ڤیبەر سیاسەتمەداریش بووەو هەر لەو كاتەوە كە لە زانكۆ دەیخوێند گرنگی بە كاروباری گشتی داوە‌و بەرهەمەكانیشی لە سەر ئاستی جیهان ناوبانگیان هەیە، بەڵام كەسێتی بلیمەتی خۆی لە پشت ئەو بەرهەم و ناوبانگەوە لای زۆر كەس بە نەزانراوی ماوەتەوە.

منداڵێکی بلیمەت
ماكسیمیلیان كارل ئیمیل ڤیبەر رۆژی 21ی نیسانی 1864 لە شاری ئێرفۆرتی سەر بە هەرێمی تۆرینگن لە بەشی خۆرهەڵاتی ئەڵمانیای ئێستا لە دایك بووە، رەچەڵەكی خێزانەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری بیلەفێڵدی خۆرئاوای ئەڵمانیا، بەڵام پێشتر باوو باپیرانی لە شاری سالزبۆرگی نەمسابوون و بەهۆی باوەڕیان بە مەزهەبی پرۆتستانت هەبوو لە ترسا هەڵاتن بۆ ئەڵمانیا.

خێزانی ماكس ڤیبەر لە چینی بۆرژوا بووە، باوكی بەر لەوەی لەسەر لیستی پارتی نیشتمانیی لیبراڵ ببێتە پەرلەمانتار یاساناس بووە، برا بچكۆلەكەی واتە ئەلفرێد ڤیبەر ئابووریناس و مامۆستای زانكۆش بووە لە بواری كۆمەڵناسیدا. ماكس ڤیبەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا تووشی نەخۆشی هەوكردنی پەردەكانی مێشك بووەو بۆ دایكی ببووە ئەرك، لەگەڵ ئەوەشدا هەر زوو نیشانەكانی بلیمەتیی لێ دەركەوت، لە تەمەنی 13 ساڵیدا بوو كە بەرهەمە فەلسەفییەكانی شۆپنهاوەر و سپینۆزاو بەرهەمە ئەدەبییەكانی گۆتەی خوێندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كە تا رادەیەك شەرمن و گۆشەگیر بوو، مامۆستاكانی گلەییان لێ هەبوو كە رێز لە دەسەڵاتیان ناگرێت و كەسێكی گوێڕایەڵ نییە.

كەواتە ماكس ڤیبەر لە خێزانێكی زەنگیندا پێگەیشتووە، ئەوەتا باوكی پیاوێكی سیاسی و دەستڕۆیشتوو، دایكیشی لە خێزانە گەورەكان بوو، لەبەرئەوە خێزانی ڤیبەر پەیوەندی فراوانی هەبوو لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی و رووناكبیرو ئابووریناسان، هەر لەو كەشو هەوایەشدا بەهرەكانی پێشەكوتن و دەركەوتن، بەڵام هزرو ئاوەزی بەهێزی لەگەڵ لەشولاری باریك و بنێسی بێ بڕست یەكیان نەدەگرتەوەو بە درێژایی ژیانیشی مێشك ماندوو تووڕەو بێتاقەت بوو.

خوێندکارێکی جددی
ماكس ڤیبەر لە زانكۆی هایدلبێرگ یاساو سیاسەتی ئابووری و فەلسەفە و مێژووی خوێند، پاشان پلەی دوكتۆرای لە زانكۆ هۆمبۆلدتی بەرلین بەدەست هێنا ئەویش لە بواری یاساداو تێزەكەی بە ناونیشانی (گەشەكردنی بنەمای بەرپرسیاریی هاوبەش و سامانی تایبەت بە كۆمپانیا بازرگانییە دەستواڵاكان لای گروپی خێزانی شارەكانی ئیتالیا) دواتر بۆ تەواو كردنی خوێندنەكەی لە ساڵی 1892دا توێژینەوەیەكی لە بارەی مێژووی كشتوكاڵی رۆمانی گرنگییەكەی لە رووی یاساییەوە كرد.

بەهۆی ئەو توێژینەوەیەوە ساڵی 1893 كاتێك لە تەمەنی 29 ساڵیدا بوو لە بەرلین پلەی پرۆفیسۆری ناوازەی وەرگرت لە بواری یاسای بازرگانیدا. بەڵام خوێندنی ماكس ڤیبەر بێ دابڕان نەبووە، ساڵی 1883 گیراوە بە سەرباز لە هێزی سەربازی ئەڵمانیاداو لە خوێندن دابڕاوە، زۆر كەسیش پێی وایە ماكس خوێندنی یاسای لەبەر ئەوە هەڵبژاردووە تا لەگەڵ ناوبانگی باوكیدا بگونجێت، هەر ئەوەش وایكردووە لە منداڵێكی گۆشەگیرەوە بگۆڕێت بۆ كەسێكی خۆش مەشرەب و بەردەوام لەگەڵ هاوڕێكانیدا سەرقاڵی بیرە خواردنەوە بوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی دوورخستنەوەی لە خوێندنی جددی و لە پاڵ پسپۆڕییەكەی خۆیدا دەستی كرد بە خوێندنەوەی زانستی ئایینناسی و لەو بوارەشدا ئۆتۆ باومگارتن كە شارەزای بوارەكە بوو یارمەتیدەری بوو.

باوکێکی رۆحی
خێزانێكی دیكەش رۆڵی گەورەی هەبوو لە پێگەیاندنی هزری ڤیبەردا ئەویش خێزانی مێژوونووس هێرمان باومگارتن بوو، كە وەك خێزانی دووەمی خۆی وابوو، باومگارتن لە بابەتە هزریی و سیاسییەكاندا وەكو باوكێك یان رێبەرێكی رۆحی وابوو، پوریشی رۆڵی گرنگی هەبوو لەبەر ئەوەی زۆر هانی دا زانستی ئایینناسی بخوێنێتەوە، بە تایبەتیش بەرهەمەكانی ولیام ئەلێری شانینگ.

هەر دوای تەواو كردنی خوێندن ماكس ڤیبەر دەستی كرد بە وانە وتنەوە لە زانكۆكانی بەرلین، فرایبۆرگ، هایدلبێرگ و میونیخ، لەو زانكۆیانە وانەكانی یاسا، مێژووی ئابووری، ئابووری سیاسی دەوتەوە، لە ساڵی 1903دا بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی و تووشبوونی بە خەمۆكییەوە لە كارەكەی دابڕا، ئەو هەلەشی قۆستەوە بۆ ئەنجامدانی هەندێك توێژینەوەو سەفەرو كاری سیاسی و تا ساڵی 1919 نەگەڕایەوە بۆ سەر كاری وانە وتنەوە، بەڵام لەو ساڵەدا كۆلێژی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی میونیخ داوایان لێ كرد وانەی زانستی كۆمەڵناسی و مێژووی ئابووری و ئابووری سیاسییان بۆ بڵێتەوە.

سیاسەت
كاری دووەمی ماكس ڤیبەر سیاسەت بوو، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی ئەڵمانیا لە ساڵی 1918، پێشتریش لە ساڵی 1893 تا 1899 ئەندامی كۆمەڵەی هاوپەیوەستی ئەڵمانیا بوو، كە پشتیونی لە هەڵوێستی سیاسی نەتەوەیی دەكرد، جگە لەوەش ماكس ڤیبەر دامەزرێنەری كۆمەڵەی زانستی كۆمەڵناسی ئەڵمانیا بوو كە ساڵی 1909 دامەزراو فردیناند تۆنیس و گیۆرگ زیمیل-یش هاوكاری بوون، لە ساڵەكانی 1903 تا 1918 ماڵەكەی خۆی كردووە شوێنی چەندان كۆبوونەوەی گرنگی كەسێتییە گەورەكان و بیرمەندەكانی وەك كارڵ یاسبێرز و جۆرج لۆكاچ و ئێرنست بلوخ.

کەسایەتییەکی ئاڵۆز
كەسێتی ماكس ڤیبەر دۆخی دژبەیەك و ناكۆكی زۆری تێدایە، بۆ نموونە لە رووی سیاسییەوە كاری دەكرد و كاریگەری زۆریشی هەبوو، بەڵام هیچ پۆستێكی سیاسی نەبوو، نەیتوانی كورسییەكی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت لە دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی، یان رایدەگەیاند كە دەستبەرداری وەهمەكانی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژێر كاریگەری وەهمی نەتەوەیی ئەڵمانیادا بوو، یەكێكە لەوانەی بەرگری لە دیموكراسی دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وابوو بوونی سەركردەیەكی كاریزما بۆ جەماوەر پێویستە، بەرگری لە سەربەخۆیی بڕیاری تاك دەكرد، بەڵام لە وتارەكانیدا مەیلی دیماگۆگی بەدی دەكرێت. ئەو دژبەیەكییە لە كسێتی ماكس ڤیبەردا لە دوای مردنیشی زۆر كەس باسی دەكەن و گەواهی بۆ دەدەن، هەندێك لەوانەی لە سەردەمی ئەودا ژیاون پێیان وایە سیمای پێغەمبەرانی هەیە، هەندێكی دیكە لەو باوەڕەدان تەنیا قسەزانێكی باشە، یان ئەكتەرێكی شانۆیەو دەتوانێ كاریگەری هەبێت لەسەر بینەر، كەسانی دیكەش هەن پێیان وایە مەزنترین هاوڵاتی ئەڵمانیای سەردەمی خۆیەتی، یان بە پاشای بێ مەملەكەت ناوی دەبەن، بەڵام هەموو ئەم باس و خواستە دژبەیەكە ماریا ڤیبەری هاوسەری لە كتێبێكدا كۆی كردۆتەوە بە ناوی (ماكس ڤیبەر، وێنەی ژیانێك) كە لە ساڵی 1926دا بڵاوی كردەوە‌و تیایدا هەموو وێنە دژبەیەكەكانی پێكەوە گونجاندووە.

كارل یاسبێرزی فەیلەسوفی ئەڵمانی كە لە نزیكەوە ماكس ڤیبەری ناسیوە، جەختی لەسەر هارمۆنی و گونجاندن كردۆتەوە، بەڵام بەدەر لەو باسو خواسانە بە گشتی بۆچوونێك هەیە پێی وایە وێنەی ماكس ڤیبەر وێنەی كەسێكی بیریارو زەنگین و دوور لە رۆتینە و لە ناو كۆمەڵگەدا زۆر بەرچاوە، لێرەشدا پرسیارێك قوت دەبێتەوە، ئەویش پەیوەندی كەسێتی بە ماكس بە بەرهەمەكانییەوە چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە قورسە، زۆر لە توێژەرانیش پێشنیاز دەكەنە پەلە نەكرێت لە تێكەڵ كردنی كەسێتی ماكس و بەرهەمەكانی و بڕیاردان لەسەری.

كاریگەریی ماكس ڤیبەر
نووسینەكانی ماكس ڤیبەر هەمووی پێكەوە زۆر درەنگ و دەیان ساڵ دوای مردنی خۆی چاپ كران، ئەگەرچی كاریگەریی ماكس ڤیبەر لەسەر زانستە مرۆییەكان رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە، بەڵام كەسێتی خۆیشی هەمیشە بابەتێكی بەپێزە بۆ لێكۆڵینەوە، هەڵوێستە كردن لەسەر ژیان و كەسێتی ماكس ڤیبەر لایەنێكی گرنگ ئاشكرا دەكات، كە رەنگە رەگوڕیشەی لە رۆشنبیری نوێ ئەڵمانیادا بە گشتی هەبێت، ئەویش پەیوەندی هزری نوێگەرییە بە ئایین و بە ئاڕاستەی بیری نەتەوەیی لە هەندێك وێستگەی مێژوویی ئەڵمانیادا، چونكە وەك پێشتریش باسمان كرد ڤیبەر كەوتبووە ژێر كاریگەریی بیری نەتەوەیی ئەڵمانیاوەو ئەو كاریگەرییەش بە جۆرێك لە جۆرەكان بە درێژایی ژیانی بەسەرییەوە مابۆوەو لە هەڵوێستە سیاسییەكانیدا رەنگی دابۆوە، بە تایبەتیش كاتێك ئەنجامەكانی كۆنگرەی فەرسای دوای جەنگی یەكەمی جیهانی رەت كردەوە.

ئایین
تێڕوانینی ماكس ڤیبەر بۆ ئایین، لەو لێكۆڵینەوە قووڵەدا دەردەكەوێ كە لە بارەی زانستی ئایینناسییەوە ئەنجامی دا، تیایدا پەیوەندی نێوان سەرمایەداری و رۆحی پرۆتستانتیانەی خستۆتە روو، ئەو كتێبەی تا ئێستاش سەرچاوەو هەوێنی زۆرێك لە بیریارو زانا كۆمەڵناسەكان، ئەو كتێبە تێڕوانینێكی بێلایەنانەو ژیرانەی هەیە بۆ ئایین كە تا ئێستاش وەك هابرماس دەڵێ تێڕوانینی زاڵە لای رووناكبیرانی ئەڵمانیا. بیری نوێگەری لای ماكس ڤیبەر بە واتای دابڕان لە كەلتووری ئایینی نایەت، بەڵكو دەتوانرێ كاڵایەكی زانستیانەی بێلایەنی بەبەردا بكرێت.

لایەنێكی دیكەی گرنگ كە ژیاننامەی ماكس ڤیبەر ئاشكرای دەكات سروشتی پەیوەندی نێوان زانست و سیاسەتە، ڤیبەر بەهۆی توێژینەوە زانستییەكانی و تێكەڵبوونی بە سیاسەتەوە توانی بە شێوەیەكی هاوسەنگ كە پێشتر رووی نەداوە تیشك بخاتە سەر گەوهەرو كرۆكی سیاسەت وەك پیشەیەك ئەویش لە رێگەی كتێبەكەیەوە بە ناوی (پیشەی سیاسەت)، رەنگە داهێنانەكەی ڤیبەر لەوەدا بێت كە لە سیاسەتی كۆڵیوەتەوە بەو شێوەیەی كە سیاسەتمەدارێك لە كۆمەڵناسی دەكۆڵێتەوە، نەك وەك هونەر یان پسپۆڕیی كە لای ماكیاڤیلی و مازارین هەیە.

پاشان ڤیبەر توانیویەتی سروشتی پەیوەندی نێوان زاناو سیاسەتمەدار شی بكاتەوە، بە شێوەیەك كە رەنگە یەكەم جار بێت بیرۆكەكەی پلاتۆن رەت بكرێتەوە، بیرۆكەی ئەفسانەی پاشای زانا، چونكە كەسی زانا دەتوانێ لە سیاسەتدا سەركەوتوو بێت.

ئەمە هەندێك لایەنی سادە بوو كە دەكرێ لە ژیاننامەی ماكس ڤیبەردا هەڵوێستەی لەسەر بكرێت، بەڵام تێگەیشتن و شیكاریی بۆ كارە مەزنەكەی سەدان ساڵ دەبێت پەی پێ براوە لە زۆر شوێنی جیاجیا جیهانداو تا ئێستاش بەردەوامە، رەنگە بگاتە كەلتووری عەرەبیش، هەڵبەت دوای وەرگێڕانی كۆبەرهەمەكانی بۆ زمانی عەرەبی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كە بەم دواییانە باس كرا، بەو هیوایەی بەر لە یادی سەد ساڵەی كۆچی دوایی ماكس ڤیبەر وەرگێڕانەكە تەواو بكرێت.

سەرچاوە: سایتی الاوان

 119 جار بینراوە