ته‌یب جه‌بار
هونه‌ر چییه؟ و چۆن پۆلین ده‌كرێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره تاكو ئێستا جێگای مشتومڕه. سه‌دان ساڵه چه‌ندین بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته مشتومڕیانه و نه‌گه‌یشتوونه‌ته دوا وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه. هه‌ریه‌كه و به‌پێی بیروبۆچوون و ئیجتیهادی خۆی رای له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه. بۆیه ئێمه‌ش له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ندێ پێناسه و جۆری پۆلینی هونه‌رتان پێشكه‌ش بكه‌ین له كۆتاییشدا راو بۆچوونی خۆمانتان بۆ ده‌رده‌بڕین.
1-3
هونه‌ر چییه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنانه‌ی كه مرۆڤ له سه‌رده‌می دێریندا له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وت كێشاونی، به سه‌ره‌تای په‌یدابوونی هونه‌ر حساب بكرێن، ئه‌وه ده‌توانین بڵێین له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤه‌وه، هونه‌ریش په‌یدا بووه.
به‌ڵام ئه‌و كاته كه مرۆڤ ئه‌و وێنانه‌ی كێشاوه وه‌ك هونه‌ر بیری لێنهكردووهتهوه، به‌ڵكو چالاكییه‌كی مرۆڤانه بووه، بۆ هه‌ندێ مه‌به‌ستی ئه‌و كاته كه پێویست بووه، ئه‌و وێنانه‌ی كێشاوه.
له‌و سه‌رده‌مه و دواتریش، مرۆڤ هیچ بۆچوون و راڤه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر هونه‌ر نه‌بووه، تا ده‌گاته سه‌رده‌می شارستانییه‌تی یۆنان، به‌ڵام یونانییه‌كان هه‌موو كارێكی ناوازه و ده‌گمه‌نیان به هونه‌ر داناوه، گه‌ر ئه‌و كاره چێژبه‌خش بێ یان سوودبه‌خش، جیاوازییان له نێوان هونه‌ر و پیشه‌دا نه‌كردووه. سۆفیسته‌كان و ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ، كه دید و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر هونه‌ر به گشتی و شیعر و داستان به تایبه‌ت ده‌ربڕیوه. له سه‌رده‌می ئه‌وانه‌وه تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م هونه‌ر وه‌ك به‌شێك له فه‌لسه‌فه جیا نه‌كراوه‌ته‌وه، زۆر به تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی باسی هونه‌ر كراوه. تاكو نووسه‌ری ئه‌ڵمانی ئه‌لیكسه‌نده‌ر باومگارتن (1714-1762ز) كتێبێكی دانا به ناوی (ستاتیكا) و داوای كرد له‌مه‌ودوا هونه‌ر وه‌ك به‌شێك له فه‌لسه‌فه حسابی بۆ بكرێت و به ناوی (فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر)ه‌وه جیابكرێته‌وه و راڤه بكرێت.
دیاره جۆره‌كانی هونه‌ر زۆرن و ئێمه نامانه‌وێ له‌م نووسینه‌دا باسی هه‌مووی بكه‌ین. چونكه ئه‌و بابه‌ته كارێكی زۆر و نووسینێكی دوورودرێژی ده‌وێت. بیرمه‌ندی لوبنانی(جه‌میل سولهیبا) له(الموسوعة الفلسفیة) كه‌یدا ده‌ڵێ(هونه‌ر كۆمه‌ڵێ رێسای په‌یڕه‌و كراوه بۆ وه‌دیهێنانی مه‌به‌ستێكی دیاریكراو، جوانی به‌خشه، یا خێربهخشه، یا سوودبه‌خشه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به‌دیهێنانی جوانی بێت، پێی ده‌ڵێن هونه‌ری جوان، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به‌دیهێنانی خێر بێت، پێی ده‌ڵێن هونه‌ری ئه‌خلاق، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به‌دیهێنانی سوود بێت، پێی ده‌ڵێن هونه‌ری پیشه‌گه‌ری) ( 1). لێكۆڵینه‌وه له هونه‌ری خێربه‌خش (ئه‌خلاق، دابونه‌ریت…هتد) و هونه‌ری سوودبه‌خش (دارتاشی، ئاسنگه‌ری…هتد) مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه نییه. ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه ته‌نها له خولگه‌ی حه‌وت هونه‌ره جوانهكهدا ده‌سوڕێته‌وه، كه ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و زانایانی جوانیناس له‌سه‌ری رێكه‌وتوون (ئه‌ده‌ب، مۆسیقا، سه‌ما، شانۆ، ره‌سم، سینه‌ما، نه‌حت و میعمار). به‌تایبه‌تی هونه‌ری ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تتر هونه‌ری شیعر.
فه‌یله‌سووفی یۆنانی ئه‌فلاتون (427-347 پ.ز.) ده‌ڵێ: (هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی (محاكاه) سروشته، سروشتیش لاساییكردنه‌وه‌ی به‌ها و نموونه‌ی باڵایه. واتا هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی لاساییكردنه‌وه‌یه)(2 ) به‌ها و نموونه‌ی باڵا ناگۆڕێت، به‌ڵام سروشت له گۆڕاندایه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت هونه‌ر بێ زیاد و كه‌م لاسایی سروشت بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر لادانی تیا بوو له سروشت، شتی نامه‌عقول و وههم دروست ده‌بێت، له خێر و حه‌ق دوورده‌كه‌وێته‌وه، كه له خزمه‌تی مرۆڤدا نابێت. بۆیه ئه‌فلاتون شاعیرانی له (كۆمار)ه‌كه‌ی كرده ده‌ره‌وه چونكه شتی نامه‌عقولیان ده‌وت. لای ئه‌فلاتون هونه‌ر له رێگای نووسین، ره‌سم، یاخود ده‌نگه‌وه ده‌رده‌بڕێت.
فه‌یله‌سووفی یۆنانی ئه‌رستۆ (شاگردی ئه‌فلاتون) (384-322 پ.ز.) ده‌ڵێ: راسته هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی سروشت و ژیانه، به‌ڵام نه‌ك گواستنه‌وه‌ی ده‌قاوده‌ق، به‌ڵكو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ناته‌واوییه‌كانی سروشت و ژیان.
هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه پێویسته بێت نه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه. كه باسی شیعریش ده‌كات، ده‌ڵێ نابێت شیعر باسی رووداوی كۆن بكات به‌ڵكو ده‌بێت باسی ئه‌و رووداوانه بكات كه له‌وانه‌یه رووبده‌ن( 3).
فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكایی جۆن دیوی (1859-1952ز) ده‌ڵێ: هونه‌ر ژیان و ئه‌زموونه. مرۆڤ به درێژایی ژیانی، شاره‌زایی له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ریدا په‌یدا ده‌كات، تاكو ده‌گاته پله‌ی سازان و گونجان، ئه‌و كاته هه‌ست به جوانی و چێژ ده‌كات و ئاسووده ده‌بێت. به‌و پێیه جۆن دیوی هونه‌ر داده‌به‌زێنێ بۆ ئاستی رۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵك به جوانكارییه‌كی ساده‌وه و هیچ ئیعتیبارێك بۆ یاخیبوون و لادان و جیاوازی دانانێت(4 ).
بیرمه‌ندی ئیتالی بندیتو كرۆچه (1866-1952ز) ده‌ڵێ: هونه‌ر قووڵبینی (حدس) و ده‌ربڕینه. واتا هونه‌ر لاساییكردنه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌ربڕینه، له ناوه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت (رۆمانسییه‌ت)، (قووڵبینی- حدس) مه‌عریفه‌یه‌كه له رێگای خه‌یاڵه‌وه دروست ده‌بێت، هه‌ستی ده‌ره‌كی ده‌وری تیا نابینێت. واتا داهێنان و خه‌لقكردنی تازه‌یه(5 )(تازه‌گه‌ری).
نووسه‌ر و رۆماننوسی روس لیو تۆلستۆی ( 1828 – 1910ز) باوه‌ڕی به‌وه نییه كه جوانی و چێژبه‌خشین خه‌سڵه‌تی هونه‌ر بن، به‌ڵكو ده‌ڵێ: (هونه‌ر دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی ژیانی مرۆڤ، ئامرازێكی په‌یوه‌ندی نێوانیانه، وه‌ك چۆن گوفتار ئامرازێكه بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ، هونه‌ریش ئامرازێكه بۆ گۆڕینه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی، كه‌واته هونه‌ر ئامرازێكه بۆ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی نێوان مرۆڤ)(6).
ژنه فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكی سۆزان لانجه‌ر (1895-1975 ز) ده‌ڵێ: هونه‌ر هێما و واتایه، هونه‌ر داهێنانی فۆرمه كه قابیلی ئیدراكه له‌لایه‌ن هه‌سته‌كانمانه‌وه، له هه‌مانكاتدا ده‌ربڕی شعوری مرۆڤه. رۆڵی فۆرمی ده‌لاله‌تدار و وێنه‌ی خاوه‌ن مانا له كاری هونه‌ریدا به‌رز راده‌گرێت، چونكه به‌بێ فۆرم و وێنه، به‌رهه‌می هونه‌ری، له‌لایه‌ن هه‌سته‌وه، قابیلی د‌رك كردن نییه. مه‌به‌ستی له‌وه‌یه كه مرۆڤی هونه‌رمه‌ند ئه‌و ئاره‌زووه نه‌ستییانه‌ی كه هه‌یه‌تی به‌شێوه‌ی بابه‌تێكی هونه‌ری به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، واتا داهێنانی شتێكی تازه( 7).
بیرمه‌ندی به‌ریتانی هێربرت رید ( 1893 – 1968 ز) ده‌ڵێ: هونه‌ر هه‌وڵدانێكه بۆ داهێنانی فۆرمی چێژبه‌خش، ئه‌و فۆرمه‌ش هه‌ستی مرۆڤ به‌جوانی تێرده‌كات( 8).
زۆربه‌ی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندان له‌سه‌ر هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی هونه‌ر كۆكن. ئه‌و خه‌سڵه‌تانه چین كه به‌رهه‌می هونه‌ری له به‌رهه‌می ناهونه‌ری جیا ده‌كه‌نه‌وه. یه‌كێك له‌و خه‌سڵه‌تانه ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌می هونه‌ری خاوه‌نی خه‌سڵه‌تی جوانییه. پێناسه‌كردنی جوانیش، تاكو ئێستا جێگای مشتومڕه، پێناسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نییه. بۆیه تا ئێستاش پێناسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هونه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی گیروگازه. جوانیی دوو جۆره، جوانی سروشت و جوانی هونه‌ر، جوانی سروشت ده‌ستكردی خودا و سروشته، جوانی هونه‌ر ده‌ستكردی مرۆڤه.
خه‌سڵه‌تێكی تری هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌می هونه‌ری چێژبه‌خشه. كاتێك چێژ له به‌رهه‌مێكی هونه‌ری وه‌رده‌گرین، هه‌سته‌كانمان ده‌جووڵێنێت و تووشی هه‌ڵچوونێكی ستاتیكی ده‌بین، ئه‌ویش له رێگای ئه‌وه‌ی كه هونه‌رمه‌ند شێوه‌یه‌كی تازه ده‌داته مادده‌كه، یاخود نووسه‌ر چنینێكی زمانی تازه بۆ نووسینی ده‌قه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌لاله‌ت له شتی تازه ده‌كات.
خه‌سڵه‌تێكی تری هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه هونه‌ر ده‌ستكردی مرۆڤه و لاساییكردنه‌وه‌ی سروشت نییه، نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ جید (1869 – 1951 ز) ده‌ڵێ: (تاكه شتێ له جیهاندا ناسروشتی بێت، كاری هونه‌رییه)(9 )
هه‌روه‌ها نووسه‌ری فه‌ره‌نسی جان لاكۆست ده‌ڵێ: (هونه‌ر دروستكردنی شتێكه كه له بووندا نییه) (10) ئه‌م دوو پێناسه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هونه‌ر لاسایی و دووباره‌كردنه‌وه نییه، به‌ڵكو داهێنان و دروستكردنی شتی تازه‌یه. داهێنان شتێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه له بووندا وجودی نییه.
خه‌سڵه‌تێكی تری هونه‌ر ئه‌وه‌یه، هونه‌ر فۆرمه، بیرمه‌ندی به‌ریتانی هێربرت رید ده‌ڵێ (له‌سه‌ره‌تاوه ده‌توانین بڵێین شتێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌موو كاره هونه‌رییه‌كاندا هه‌یه، ئه‌ویش فۆرمه) ( 11). هه‌روه‌ها د.محه‌مه‌د كه‌مال ده‌ڵێ: (هونه‌ر فۆرمه نه‌ك ماته‌ر)(12) بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی هونه‌ری له به‌رهه‌مێكی ناهونه‌ری جیا بكه‌ینه‌وه ده‌بێ فۆرمێكی تازه بده‌ینه ماتهرهكه، ماته‌ر هه‌میشه هه‌یه و له‌به‌ر ده‌ستی هه‌موو كه‌سێكدایه، به‌ڵام چۆن ئه‌م ماته‌ره ده‌كه‌ینه هونه‌ر، ئه‌ویش به‌وه‌ی فۆرمێكی تازه‌ی بكهینهبهر، كه جوان و چێژبه‌خش بێت. نووسه‌ری عه‌ره‌ب عمرو الجاحظ ( 776 -868 ز) ده‌ڵێ: (ماته‌ر (ناوهڕۆك) له قه‌راغ رێگاكه هه‌ڵڕژاوه، ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌یه چۆن فۆرمێكی هونه‌ری ده‌كاته به‌ر و ده‌یكات به شیعر (هونه‌ر.))
خه‌سڵه‌تێكی تری هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌می هونه‌ری ده‌بێت رێك‌وپێك بێت، سازان و گونجان له نێوان پێكهاته‌كانیدا هه‌بێت، ته‌رازووی نێوان شێوه و ناوهڕۆك یاخود روح و مادده رابگرێت، ده‌بێت هارمۆنی و خاوه‌ن ئیقاع بێت، به وردی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وشه و ده‌نگ و ره‌نگ و جووڵه بكات بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی مانادار و چێژبه‌خش پێشكه‌ش به هه‌ستی وه‌رگر بكات.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند راو بۆچوونێكی جیاوازی فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندانن له‌گه‌ڵ هه‌ندێ راوبۆچوونی گشتی له‌سه‌ر هونه‌ر و پێناسه‌ی هونه‌ر.
پەراوێز:
( 1) سید احمد بخیت علی/ تصنیف الفنون العربیو و الاسلامیو/ المعهد العالمی للفكر الاسلامی-فیرجینیا/ الطبعة الاولی-بیروت- 2012/ ص46.
( 2) د. مصطفی عبدة/ المدخل الی فلسفة الجمال/ مكتبة مدبولی-القاهرة/ الطبعة الپانیة- 1999/ ص 55.
( 3) دكتورة امیرة حلمی مطر/ مدخل الی علم الجمال وفلسفة الفن / دار التنویر-بیروت/ گبعه 2013/ ص25.
( 4) د. زكریا ابراهیم/ فلسفة الفن فی الفكر المعاصر/ مكتبة مصر-القاهرة/ الطبعة- بلا تاریخ/ ص 100.
( 5) دكتور امیرة حلمی مطر / مدخل الی علم الجمال وفلسفة الفن / دار التنویر-بیروت/ طبعه 2013/ ص26.
(6 ) د. زكریا ابراهیم/ مشكلة الفن/ مكتبة مصر-القاهرة/ الطبعة – 1977/ ص 13 و 14
( 7) د. زكریا ابراهیم/ فلسفة الفن فی الفكر المعاصر/ مكتبة مصر-القاهرة/ الطبعة / ص 307.
( 8) د.شاكر عبدالحمید/ التفضیل الجمالی / سلسلة عالم المعرفة-الكویت / الطبعة الاولی -2001 / ص23.
( 9) نفس المصدر/ ص 24.
( 10) جان لاكوست/ فلسفة الفن/ ترجمة ریم الامین/ دار عویدات للنشر و الطباعة-بیروت/ الطبع الاولی- 2001/ ص 7.
(11 ) هیربرت رید/ تعریف الفن/ ترجمة د.ابراهیم امام/ دار هلا للنشر و التوزیع-بیروت/ الطبعة الاولی- 2002 /ص10.
( 12) د.محه‌مه‌د كه‌مال/ فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م-سلێمانی/ چاپی یه‌كه‌م- 2017/ ل 10.
176 جار بینراوە