سەرەکی » وتار » تیرۆریزم له‌ سه‌ده‌ی نوێدا

سه‌رهه‌ڵدانی داعش

تیرۆریزم له‌ سه‌ده‌ی نوێدا

شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی

ناوی نوێی بەدری هەر لە خۆوە دیاری نەكرابوو، ئەبوبەكر ناوی باوكی خێزانی پێغەمبەری ئیسلام بوو و یەكەمین خەلیفەی موسڵمانان و بەغدادیش ناوەندی خەلافەتی عەباسییەكان بوو.

عەباسییەكان لە سەرەتای سەدەی هەشتەمدا لە رێگەی بانگەشەی دوارۆژ (اخر زمان) و شۆڕش دژی خەلافەتی ئەمەوی لە دیمەشق بە دەسەڵات گەیشتبوون.

بەغدادی بەئاشكرا پەیڕەویی لەو شێوەیە دەكرد، ناوی ئەو بەهەمان شێوە پێگەی ئەوی وەك هاووڵاتییەكی عیراق پشتڕاست و بەهێز دەكرد.

نوێكردنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی

دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2007دا كە لەوپەڕی دەسەڵاتدا بوو، كۆمەڵێك كێشەی جددی هەبوو. دەوڵەتی ئیسلامی هیچ خاكێكی تایبەت بەخۆی نییە، ئەوان ئەو بێ چانسییەیان دەخستە گەردەنی ئەمریكا و ئەو هۆزە سوننانەی كە ژەنەڕاڵ پاتریۆس (بەئاگایی) هێنابوونەوە تا شەڕ لەگەڵ تیرۆریستاندا بكەن.

بە بەدەسەڵات گەیشتنی بەغدادی لە ساڵی 2010، دەوڵەتی ئیسلامی بەڵێنی بەخۆی و لایەنگران و دوژمنانی دابوو كە خۆی دەبووژێنێتەوە.

بەرنامەی دەوڵەتی ئیسلامی تەنیا سەرنجیان لەسەر لێدان لە ئەمریكا نەبوو، لەبەرئەوەی ئەوان خەریك بوون دەكشانەوە، (كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق- وەرگێڕ). لە جیاتی ئەوان ئامانجیان هێزەكانی عیراق بوو كە ئەمریكاییەكان ئەوانیان بۆ بەرنامەی بەڕێوەبردنی وڵات جێهێشتبوو.

ئەوان مەبەستیشیان بوو پارە و چەك بە سەرۆكی هۆزە سوننەكان بدەن، واتە هەمان ئەو كارەی كە ئەمریكا بۆ پێكهێنانی هێزی»كوڕانی عیراق» كردیان.

لەوێدا كە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە دەستی عیراقییەكان بوو، رق و كینەی كۆن لەبیر كرا. دەوڵەتی ئیسلامی دەیویست ترس و تۆقاندن بەسەر عیراقییەكاندا زاڵ بكات. ئەوان ئەو كارەیان بە دروستكردن و پەرەپێدانی ستراتیژی راگەیاندن ئەنجامدا تا شێوە دڕندانەییەتییەكەیان نیشانی هەمووان بدەن.

بەغدادی هەموو كارەكانی زەرقاوی موو بە موو دووبارەكردەوە. لەم رووەوە شیعەكان هێشتا ئامانجی هێرش و خۆكوژەكانی ئەو بوون.

حكومەتی بەغدادی

دەوڵەتی ئیسلامی لەژێر دەسەڵاتی بەغدادی بەهێزتر بوو. ئەو دەوڵەتە فراوان بوو و هەزاران توندڕەوی بەرەو ئامانجەكانی خۆی راكێشا، بەوپێیەی بۆ هەر بڕیار و یاسایەكی گرنگ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە پەیڕەوی لە شێوەی پێغەمبەر (د.خ) یان سوننەت دەكەن.

دەوڵەتی ئیسلامی دەستبەكار بوو، بۆ داگیركردنی جیهان، هەر كەسێك لەبەرامبەر دەسەڵاتی رەهای ئەواندا وەستابایەتەوە، دەیانكوشت.

زانینی ئەوەی كە چەند كەس بە دەستی داعش كوژراون ئەستەمە، بەڵام ژمارەی كوژراوان بەردەوام لە زیادبووندایە. (بەئێستاشەوە شانە نووستووەكانی داعش لە عیراق و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامن لەو كوشتوبڕەی كە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسلامی بوو-وەرگێڕ)، لەو ژمارەیەش زۆرێك لە قوربانییەكان ئەو موسڵمانانە بوون كە نەیاری ئامانجەكانی داعش بوون.

زۆرێك لە رێكخراوە ئیسلامییەكان لەو باوەڕەدابوون كە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تەعبیر لە ئیسلام ناكات، بەغدادی دەستی لەو مەسیحییانە دەپاراست كە رووبەڕووی نەدەبوونەوە- هەڵبەتە ئەمە تا كاتێك بوو كە باج و سەرانەیان دەدا.

لەگەڵ دەستبەكاربوونی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، هەزاران توندڕەوی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهانەوە كۆچیان كرد بۆ ناوچەی ژێر قەڵەمڕەویی دەوڵەتەكە، لەوانە فەرەنسا، بەریتانیا، بەلجیكا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیا، ئیندۆنیسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

ئەو پیاو و ژنانە دەیانەوێت بۆ داعش شەڕ بكەن و لەوەش زیاتر لە رێگەی باوەڕەكەیان گیانیان بەخت بكەن.

بۆ راكێشانی توندڕەوە دەرەكییەكانی داعش، ئینتەرنێت رۆڵێكی سەرەكی هەبووە، توندڕەوە نەریتخوازەكان لە ماڵەكانیاندا دەتوانن ببنە ئەندامی داعش و دواتر ئامادەی هاتن بن بۆ عیراق و سوریا.

زۆرێك لە موسڵمانانی زۆر رادیكاڵ بەغدادییان بە خەلیفەی شەرعیی دەزانی. بەو واتایەی كە ئەو لە نەوەی قوڕەیشە و بەرجەستەكەری ئەخلاقە و بە تەواوی بوونی خۆی، بەختی ئیسلام كردووە و دەسەڵاتی پێویستی هەیە.

پێویستیی دەسەڵات، بوونی قەڵەمڕەوییە كە یاسای ئیسلامی تێدا جێبەجێ بكەن، بەغدادی و لایەنگرانی بۆ بەدەستهێنانی قەڵەمڕەویی دەوڵەتەكەیان كارەكەیان بە داگیركردنی ناوچەكانی سوریا و عیراق و دەوروبەری دەستپێكرد و هەر كەسێكیش هاتبایە سەر رێگەیان بەبێ یەك و دوو دەیانكوشت.

سەرچاوە: کتێبی تیرۆریزم لە سەدەی نوێدا

                     کارۆلین کێنۆن

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تەحسین تەها چۆمانی

 79 جار بینراوە