سەرەکی » وەرزش » مینی مۆرینهۆ بۆ جێگای زیدان

مینی مۆرینهۆ بۆ جێگای زیدان

یانەی ریاڵ مەدرید زۆر نیگەرانن لە ئاستی تیپی تۆپی پێیەكەیان و ئەو ئەنجامانەی بەم دواییە بەدەستیانهێناوە و ئێستا هەموو بۆچوونەكان لەوەدا یەك دەگرنەوە كە زەینەدین زیدان هیچ پاڵپشتێكی نەماوە تا لەگەڵ تیپەكەیان بەردەوامبێت.

بەم دواییە یانەی ریاڵ مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستی ئەتلتیك بیلباو كرایە دەرەوە، دواتریش لە جامی شای ئیسپانیاشدا بەدەستی یانەیەكی پلە سێ لە قۆناغی 32 یانەوە كرانە دەرەوە، لە خولی ئیسپانیاشدا بەجیاوازییەكی زۆر لەدوای ئە.مەدریدی یەكەمەوەیە.

هەموو ئەمانە لە یەك بۆچووندا كۆبوونەتەوە كە فلۆرینتینۆ پێرێز زۆر بەجدی بیر لە دوورخستنەوەی زیدا دەكاتەوە، ئەگەر تا كۆتایی ئەم وەرزەش لێی بوەستێت، ئەوا كۆتایی ئەم وەرزە دوا وێستگەی راهێنانی زیدان دەبێت لە یانەی شاهانە.

سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئیسپانیا باسی ئەوە دەكەن كە پێرێز جێگرەوەی زیدانی دیاریی كردووە، جولیان ناگڵسمانیش ئەو ناوەیە كەلەسەر مێزی سەرۆكی یانەی شاهانە دانراوەو ئەم وەرزەش نەبێت ئەوا وەرزی ئایندە ئەركی راهێنانی یانەی شاهانە دەگرێتە دەست.

ناگڵسمان لەدایكبووی 1987 ی ئەڵمانیایە، ئێستا راهێنەری یانەی لایبزیگی ئەڵمانیایە، تەمەنی وەك یاریزان زۆر كورت بووە، بەهۆی پێكانە بەردەوامەكانییەوە هەر لەتەمەنی 19 ساڵییەوە وازی لە یارییكردن هێناوە.

لە ساڵی 2015 -ەوە وەك لاوترین راهێنەر لە تەمەنی 28 ساڵیدا ئەركی راهێنەری هەڵدەبژێرێت و دەبێتە راهێنەری یانەی هۆفنهایم،لەبەر ئەوەی پلانی راهێنانی زۆر نزیكە لە شێوازی مۆرینهۆوە، بە مینی مۆرینهۆ واتە مۆرینهۆی بچوك ناوی دەبەن.

 75 جار بینراوە