سەرەکی » راپۆرت » زانكۆی سلێمانی، 29 باڵەخانە بۆ بەشە ناوخۆییەكان تەرخاندەكات

زیاتر لە 7500 خوێندكار گەڕاونەتەوە

زانكۆی سلێمانی، 29 باڵەخانە بۆ بەشە ناوخۆییەكان تەرخاندەكات

کەنار قاسم

زانكۆی سلێمانی، 29 باڵەخانە بۆ بەشە ناوخۆیییەكان ئامادە دەكات و لەهەفتەی داهاتووەوە زیاتر لە 7500 خوێندكار تێیدا نیشتەجێدەبن بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكەش دەڵێت هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابینكراوەو كارەبایان 24 سەعاتەو غازو پێداویستییەكانی تریشیان بە بەردەوامی هەیە.

دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لە خوێندن، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا-وە، خوێندکاران روویان کردۆتەوە ناوەندکانی خوێندن، خوێندکارانی دەرەوەی شاریش روویان لە بەشە ناوخوییەکان کردەوە.

لە سلێمانی نزیکەی 6 هەزار خوێندکار ئێستا لەناو بەشە ناوخۆییەکاندا نیشتەجێ بوونە، هەفتەی داهاتووش کە 1500 بۆ 1700 خوێندکارێک ماون ئەوانیش ژووری خۆیان وەردەگرن .

لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی بەشە ناوخۆیییەکانەوە، د. پێشرەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران وتی: هەر وەکو ساڵانی پێشوو ژمارەیەک باڵەخانەمان ئامادەکردووە، کە ژمارەیان 29 باڵەخانەیە، خوێندکارەکان کۆلێژ بە کۆلێژ لەناو باڵەخانەکان جیاکراونەتەوە، هەتاکو بتوانرێت، خوێندکارانی یەک کۆلێژ دەخرێنە ناو یەک باڵەخانەوە، تەنانەت لەناو یەک بیناشدا خوێندکارانی ناو یەک قۆناغ لەناو یەک ژووردا دەبن، بۆ نمونە خویندکارانی کۆلێژی یاسا دەکەونە ژوورێکەوە، تا رادەیەکیش ئارەزوومەندانەشی تیداهەیە، خوێندکارێک ئارەزوو بکات بچێتە ژوورێکەوە بۆ لای چەند هاورێیەکی خۆی ئاساییە و دەتوانێت.

خوێندکاران بە خۆشحاڵیەوە روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کردۆتەوە، دیدەن ئیسماعیل لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێین دەرگای زانکۆکان بکرێتەوە بەسەرماندا، بەخۆشحاڵیەوە ئیستا گەڕاومەتەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکەی خۆم و هەم ژوورەکەی تێیدام و هەم خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و لێێ رازین.

خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی باشدایە
بەشەناوخۆییەکان ئامادەکراوە بۆ خوێندکاران و بۆ ئەم ساڵی خوێندن خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەو بارەیەوەیەوە جێگرەکەی سەرۆکی زانکۆ وتیشی: کارەبای 24 سەعاتیان هەیە، لە ژوورێکدا بۆیلەر و ئاوی گەرمیان هەیە، سیستەمی گەرمی ئیش دەکات بەردەوام، ئەگەر لە باڵەخانەیەکیشدا سیستەمە گەرمیەکە ئیش نەکات زۆپا و نەوتی بۆ دابینکراوە، بەردەوام غازیان بۆ دابینکراوە بۆ چێشتخانەکانیان، تەنانەت هەوڵدەدەین لە بڕی بوتڵی غاز سیستەمی LPG واتە مەرکەزی بۆ چێشتخانەکان دابینبکرێت. هەروەها پاسەوان و چاودێریان هەیە ، کارمەندی هونەرییان بۆ دانراوە کە شەو تا بەیانی کاردەکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی هەر کێشەیەک لە سیستەمە گەرمیەکە وگازییە یان ئاگرکەوتنەوە چارەسەریان لەکاتی پێویست بۆ بکرێت. هەروەها پاکەرەوەیان بۆ ئامادەکراوە و بەردەوام قاوشەکانیان بۆ پاکدەکرێتەوە و خۆڵ و خاشاکەکەش دەبەنە خوارەوە.

وەزارەتی دارایی کەمتەرخەمە
ئەمانەش هەمووی لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بووە و پارەی پاککەرەوە و پارەی چاککەرەوە بۆ زانکۆی سلێمانی دابین نەکردووە، بەڵکو زانکۆی سلێمانی بەو پارە کەمەی کە لەبەردەست خۆیدایە لەگەڵ وەرگرتنی هاوکاری کارەکانی خۆی بەڕێ دەکات.

هاوکات لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە خوێندکاران دەبێت رۆژەکانی پشوو بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رەتی دەکاتەوە کە بڕیارێکی وەها درابێت و ئەو دەڵێ دوورە لە راستیەوە، خوێندکاری زانکۆ دەبێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت، دەبێت هێندە وشیار بێت گۆڕانکاری لە ووڵاتدا بکات نەک بەدوای وتی وتیدا بڕوات.

دەزگای مرۆیی مام هاوکاری بەشەناوخۆییەکان دەکات
بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، د. پێشڕەو وتیشی: لەلایەن (دەزگای مرۆیی مام)ەوە هەوڵمان داوە ماسک و هەندێ پێداویستی تایبەت بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دابینکراوە بۆ ئەوەی رووبەرووی نەخۆشیەکە ببینەوە، ئێستاش خوێندکاران ئاسایی دەوامی خۆیان دەکەن.

 169 جار بینراوە