سەرەکی » راپۆرت » سه‌نته‌ری میترۆ: پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر میدیا و میدیاكاران زیادیكردووه‌

سه‌نته‌ری میترۆ: پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر میدیا و میدیاكاران زیادیكردووه‌

كوردستانی نوێ –ی هه‌فته‌

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ساڵانه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ ساڵی 2017، له‌و ساڵه‌دا پێشێلکاریەکان دەرھەق بەڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن زیادیان کردووەو ٤١٩ حالەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣٣٨ ڕۆژنامەنوس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراون.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ ساڵی 2009 له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نوسه‌وه‌ به‌هاوكاری په‌یمانگای رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی دامه‌زراوه‌. به‌ ئامانجی ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاوه بۆ كاری رۆژنامه‌نوسی له‌هه‌رێمی كوردستان و تاكو ئێستا شه‌ش راپۆرتی سالاَنه‌ی له‌سه‌ر ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له‌ هه‌رێمی كوردستان بلاَوكردۆته‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی دواهه‌مین راپۆرتی سه‌نته‌ره‌كه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ 2017 دا به‌رامبه‌ر دامه‌زاروه‌ میدیاییه‌كان و میدیاكاران كراوه‌ له‌و ساڵه‌دا كێرڤی پێشێلكارییه‌كان روه‌و هه‌ڵكشان چووه‌. و له‌ راپۆرتی سه‌نته‌ره‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌:
«یاسا میدیاكاران ناپارێزێتو سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دیموكراسییه‌ت و ئازادی رۆژنامه‌نوسی ده‌كات». به‌و پێیه‌ی وه‌ك میترۆ خستوویه‌ته‌ روو: له‌ ساڵی 2017 دا، (419 ) پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ( 338) رۆژنامه‌نوس و ده‌زگای راگه‌یاندن تۆماركراون. كه‌ به‌مجۆره‌ بووه‌: 4 حاڵه‌تی كوژران، 2 حاڵه‌تی تیرۆر كردن، 14 حاڵه‌تی برینداركردن له‌ كاتی روماڵی ئاساییدا، هه‌روه‌ها 10 حاڵه‌تی بریندار بوون له‌ كاتی رماڵكردنی به‌ره‌كانی جه‌نگدا. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش 206 حاڵه‌تی رێگری كردن له‌ كاری رۆژنامه‌نووسان تۆمار كراوه‌، له‌گه‌ڵ 12 حاڵه‌تی شكاندنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی و 25 حاڵه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی، هه‌روه‌ها 33 حاڵه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی میدیاكاران به‌بێ بڕیاری دادگاو 10 حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن و فه‌رمانی ده‌ستگیركردن به‌ بڕیاری دادگاو 58 هێرش و لێدانی میدیاكاران و 18 هه‌ڕه‌شه‌ و 2 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن له‌ میدیاكاران و 2 حاڵه‌تی پڕ كردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌ به‌ میدیاكاران.
ده‌رباره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانیش كراون له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ: 3 حاڵه‌تی ته‌شویش و هێرشی ئه‌لیكترۆنی ئه‌نجام دراوه‌، له‌گه‌ڵ 8 حاڵه‌تی هێرش و تاڵانكردن و سوتاندنی ئۆفیسی ده‌زگای راگه‌یاندن و 7 راگرتنی په‌خش و 5 داخستنی نوسینگه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندن.
له‌ راپۆرتی سه‌نته‌ره‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵوێست و راگه‌ینراوه‌كانیدا داوای له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایانانه‌ كردوه‌ له‌كاتی بوونی كێشه‌ له‌ نێوان ئه‌وان و رۆژنامه‌نوساندا په‌نا بۆ دادگاكان به‌رن، به‌ڵام هه‌ندێك داوای یاسایی جێگه‌ی سه‌رنج و ره‌خنه‌ بوون نمونه‌ی ته‌وقیفكردنی په‌یامنێری كه‌ناڵی NRT له‌ كفری بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ و ته‌وقیفكردنی به‌ڕێوبه‌ری NRT بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر.
سه‌رباری ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر میدیا و میدیاكاران كراون، سه‌نته‌ری میترۆ، گرنگی زۆری به‌و پێشێلكارییانه‌ش داوه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌نجام دراون، به‌ تایبه‌تیش له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك و دۆخی كاری میدیایی له‌و ناوچانه‌ پاش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.
له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی میترۆدا هاتووه‌: پاش ئه‌وه‌ی هێزی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی كه‌ركوك و ده‌روره‌به‌ره‌كه‌یان كۆنترۆڵكرده‌وه‌، كاتێك ئۆفیسی كه‌ناڵی میدیایی سوتێنرا و قه‌ده‌غه‌ كرا، به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كاری میدیاكاران كرا. ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌ری له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری یاساشكێنی گه‌وره‌یان كردوه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و كار به‌ یاساكانی هه‌رێم ناكات له‌ بواری ئازادی رۆژنامه‌نوسان راده‌ربڕیندا. له‌ نێو ئه‌م په‌شێویانه‌دا ژیانی زۆرێك له‌ رۆژنامه‌نوسان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
سه‌باری ده‌ستنیشان كردن و خستنه‌ رووی پێشێلكارییه‌كانیش، سه‌نته‌ری میترۆ له‌ كۆتایی راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا چه‌ندین راسپارده‌ی خستووه‌ته‌ روو له‌ پێناو هه‌رچی زیاتر فه‌راهه‌م بوونی ئازادی كاری میدیایی له‌ هه‌رێمی كوردستان راسپارده‌كانی میترۆ بریتین له‌:
•پێویسته‌ داموده‌زگا حكومی‌ و حزبییه‌كان گره‌نتی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بكه‌ن كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ رێكخراوه‌ له‌پاڵ یاسای‌ مافی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ربه‌ست نه‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئازادی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسان.
•ئازادی‌ بیروڕا و راده‌ربڕین به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نییانه‌ مافێكی‌ سروشتی‌ و یاساییه‌ ناكرێت به‌هیچ پاساوێك پێشێلبكرێت.
•ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ و داواكاری‌ گشتی‌ پێویسته‌ رۆڵی‌ خۆیان بگێڕن له‌ پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا و دادگاییكردنی‌ سه‌رپێچیكه‌ران به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان.
•ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ بونه‌ته‌ هۆی‌ برینداركردن، ده‌ستگیركردن، داخستنی‌ ئۆفیسی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن و تاڵانكردنیان، شكاندن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ رۆژنامه‌وانی‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێن و كۆتایی‌ به‌دیارده‌ی‌ ده‌ربازبون له‌سزا بهێنرێت و قه‌ره‌بوی‌ زیانه‌كانی‌ رۆژنامه‌نوس بكرێته‌وه‌. هه‌وڵبدرێت بۆ باشتركردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و راگه‌یاندن و هه‌ردولا هانبدرێن له‌سه‌ر رێزگرتن له‌سه‌روه‌ری‌ یاسا و كاركردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رپرسیارانه‌.
•پێویسته‌ كۆسپه‌كانی‌ به‌رده‌م كاری‌ رۆژنامه‌نوس له‌گه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌ی‌ زانیاری‌ لاببرێت، هه‌موو زانیارییه‌ حكومییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ نهێنیدا پۆلێن نه‌كرێت، به‌ڵكو به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕگه‌كانی‌ یاسای‌ مافی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ كارئاسانی‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان بكرێت.
•له‌كاتی‌ لادان و تاوان و خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن كارمه‌ندی‌ بواری‌ گشتی‌ یاسا رێگه‌ی‌ داوه‌ ئه‌و كارانه‌یان بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرابكرێت، بۆیه‌ باشتره‌ له‌بری‌ سانسۆر و رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ رێگه‌ی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌ڵبژێرن، با به‌رپرسانی‌ حكومی‌ و حزبی‌ ره‌خنه‌ قبوڵ بكه‌ن و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ باشتركردنی‌ كاره‌كانیان لێی‌ بڕوانن.
•ناكرێت «ناپیشه‌یی‌ بوون»ی‌ رۆژنامه‌نوسان بكرێته‌ بیانو بۆ ئه‌نجامدانی‌ توندوتیژی‌، یان ئاماده‌بون له‌خۆپیشاندانی بێ‌ مۆڵه‌ت بكرێته‌ پاساو بۆ پێشێلكردنی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌.
•پێویسته‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و ئیتیكی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ كاره‌كانی‌ خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و هاوسه‌نگی‌ و بێلایه‌نی‌ له‌داڕشتنی‌ هه‌واڵ و به‌رنامه‌كانیاندا بپارێزن.
•پێویسته‌ جیاكاری‌ له‌نێوان كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندندا نه‌كرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌، به‌ڵكو رێگه‌ به‌هه‌موو میدیاكان بدرێت به‌بێ‌ به‌ربه‌ست روماڵی‌ ئه‌و هه‌واڵ و روداوانه‌ بكه‌ن كه‌ جێی‌ بایه‌خی‌ خه‌ڵكن. خۆ ئه‌گه‌ر هۆكاری‌ ئه‌منی‌ هه‌ن بۆ رێگریكردن له‌ روماڵ ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و رێوشوێنانه‌ بۆ هه‌موان بێت نه‌ك رێگه‌ به‌چه‌ند كه‌ناڵێك بدرێت و بۆ ئه‌وانی‌ تر رێگه‌ دابخرێت و به‌ربه‌ست دابنرێت.
•پێویسته‌ راگرتن (ته‌وقیفكردن)ی‌ رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌مێنێت.
•جگه‌ له‌پۆلیس هیچ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ بۆی‌ نه‌بێت رۆژنامه‌نوس بانگ بكات، ئه‌ویش ته‌نها به‌فه‌رمانی‌ دادوه‌ر بێت.
•راپۆرته‌كانی‌ رێكخراوه‌ بیانی‌ و ناوخۆییه‌كانی‌ داكۆكیكار له‌مافی‌ رۆژنامه‌نوسان و مافه‌كانی‌ مرۆڤ كه‌ تایبه‌تن به‌پێشێلكاری‌ و لادان، له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و له‌جیاتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌، كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنیان بكرێت.
•ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن كه‌لوپه‌ل و پێداویستی‌ پاراستن بۆ رۆژنامه‌نوسان دابینبكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك بتوانرێت ژیانیان له‌مه‌ترسی‌ بپارێزرێت.
•كێبڕكێكی‌ كه‌ناڵه‌كان له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ روداو و هه‌واڵه‌كان نابێت له‌سه‌ر حسابی‌ پیشه‌یی‌ بون و بێلایه‌نی‌ بێت، ده‌بێت كه‌ناڵه‌كان ره‌چاوی‌ وردی‌ و راستگۆیی‌ بكه‌ن و كاره‌كانیان دوربێت له‌بزواندنی‌ هه‌ست و سۆز و هاندان و به‌لاڕێدابردنی‌ خه‌ڵك.
•هاندانی‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كان بۆ به‌دیهێنانی‌ ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و، ته‌رخانكردنی‌ پانتایی‌ گونجاو بۆ ئه‌و ده‌نگ و لایه‌نانه‌ی‌ پارێزگاری‌ له‌ئاشتی‌ ده‌كه‌ن و كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن.
•هه‌وڵدان بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ و دانیشتنی‌ به‌رپرسانی‌ میدیا له‌كوردستان له‌پێناو داڕشتنی‌ ستراتیژیه‌تی‌ كاری‌ هاوبه‌ش كه‌ بتوانێت بۆ قۆناغه‌كانی‌ داهاتو گونجاو بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

راپۆرتێك: لە عیراق سیغە لەگەڵ كچانی منداڵدا دەكرێت

تۆڕی (BBC)ی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا، ئاماژەی بە بڵابوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی ...