سەرەکی » ئاراستە » سریانییەكان كێن؟لە كوێ دەژین و زمان و رەچەڵەكیان چییە؟

سریانییەكان كێن؟لە كوێ دەژین و زمان و رەچەڵەكیان چییە؟

ئامادەكردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)

سریانییەكان بە زمانی ئارامی دەدوێن، دوو جۆر زمانی سریانی هەیە، یەكێكیان تایبەتە بە كڵێسا و ئەویتریان تایبەتە بە شەقام. ئیلیای كەشیش روونی دەكاتەوە كە زمانی پوخت(فوسحا) لەسروتەكانی كڵێسادا بەكاردەهێنرێ، لەكاتێكدا بەشی زۆری سریانییەكان بە تۆرانی قسە دەكەن كە بنزارێكی سریانییە و دەگەڕێتەوە بۆ چیای تورعابدین لە باشووری توركیا كە پێشتر زێدی بزووتنەوەیەكی كەلتووری و ڕەبانی بووە.

ڕەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە بۆ ئارامیەكان، رێوڕەسمی مەسیحیەتی خۆرهەڵاتی ئەنجام دەدەن، بەئەرتەدۆكس و كاسۆلیكەكان رێژەی 15%ی هەموو مەسیحیەكانی سوریا پێكدەهێنن، چەند ڕاپۆرتێك لە سوریاوە دەریدەخەن كە كەمتر لە سی هەزار كەسێكیان لەسوریا ماونەتەوە.

دەسەڵاتدارانی عوسمانی لەنێوان ساڵانی 1914-1915ز كۆمەڵكوژی سریانییەكانیان ئەنجامداو كە بە كۆمەڵكوژیەكانی (سیفۆ) ناسراوە كە وەسفێكە لە وشەی سەیف واتە شمشێرەوە وەرگیراوە ، ئەمە پێش جینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان روویداوە، بەڵام جینۆسایدكردنی سریانییەكان ناوبانگی جیهانی بەدەست نەهێناوە، ئەگەر چی قوربانیەكانی بەسەدان هەزار مەزندە دەكرێت. هەروەها لە سەردەمی بەعسیەكانی سوریاشدا كە هاتنە سەر حوكم دەستیان كرد بە چەوساندنەوەی سریانییەكان و خوێندنگە و كارگە و تەنانەت زەویە كشتوكاڵیەكانی سریانییەكانیان خۆماڵی كرد و هێرشیان كردە سەر ناسیونالیستە سریانییەكان و هەوڵی بەعەرەبكردنیان دانو كاریان كرد بۆ سڕینەوەی كەلتووری سریانی و خوێندن بە زمانی ئارامی تەنیا لە کڵێسەدا رێگەێ پێدرا، ئەمەش وایكرد بەكۆمەڵ كۆچ بكەن بۆ ئەوروپا.

سەرەڕای بەعەرەبكردنی زمانی سریانی لە سوریا، بەڵام كتێبە تازەكان ئەوە بۆ خوێندكار رووندەكەنەوە كە سریانی زمانێكی سەربەخۆیە و شوناسێكی جیاوازە لە عەرەبی و ژمارەیەكی زۆر لەو لەڕێ لابردنە مێژووییانەیان راستكردۆتەوە كە كتێبەكانی بەعس و پرۆگرامەكانی رژێمی سوریا لە خۆیان گرتبوو، كە هەردوو ژیاری تەدمورو باخچە هەڵواسراوەكانی بابلیان بە ژیاری عەرەبی لە خوێندكار گەیاند بوو.

ئەوەی شایەنی باسە لە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری كوردستانی رۆژئاوا، پارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە هاوپەیمانی كرد لەگەڵ پارتی نیشتیمانی سریانییەكان و بەشداریكردنیان لەبەڕێوەبردنی ناوچەكاندا. حەننا تۆغلات ئەندامی لیژنەی مەركەزی پارتی نیشتیمانی سریانییەكان دەڵێت: جەنگاوەرانی سریانی بۆ ماوەی 30-40 ساڵە لەڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستاندا(پەكەكە) دەجەنگن دژی رژێمی توركیا، هەروەها بەشداری شەڕەكانیان كردووە دژی جەبهەی نوسرەو داعش و گروپە توندڕەوەكانی ترو نزیكەی چل شەهیدیان داوە. بەڵام لەناو سریانییەكانیشدا ناكۆكی هەیە، بێجگە لەناكۆكی ئایینی تەنانەت ناكۆكی سیاسیش هەیە، جۆزێف موسا ئیلیای كەشیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە کڵێسەی سریانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دایە، وەسێتنامەیەك لە ئینجیل دا هەیە دەڵێت: دەبێت نوێژ بۆ دەسەڵاتی حازر بكرێت.

 67 جار بینراوە