سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بازەپەڕە 25

فلاش فیکشن

بازە

بیست وپێنج ساڵ زیاترە نۆكەری میران ئاغایت. باوكیشت نۆكەری ئاغای باوكی بووە. یانی هەر بە خزمەتكاریی هێناوتانە. خۆشت نازانێ ناوی ئەسڵیت چییە و بۆچی پێت دەڵێن بازە. رەنگە لەبەرئەوە بێت بەهۆی ماكی ئاوڵەوە دەم و چاوت بەڵەكە. دەشێ بنەماڵەی ئاغا سەگێكی بەڵەكی بەئەمەكیان هەبووبێت و لە كیسیان چووبێت. بەهەربار، لای میران ئاغا شیرینیت، چونكە لە حەوشە و بانی خۆیاندا گەورە بوویت و وا هەستدەكات گەمژەیەكی خەمخۆریت و لە وەفادا پێشی سەگت داوەتەوە. ئەمما، زۆڵی وەك خۆت نییە، سەركزی دڵ وریایت. بەكورتی سندوقە رەشەكەی ماڵی ئاغایت و سڕ و تڕی خاو و خێزانی ئاغات لە ژێر چنگدایە. بەڵان بە تەوریش لەسەرت بدەن هیچیت لێهەڵناكڕێنن و رازی دڵت بۆ ژێر گڵە.

میران ئاغاش گەرچی وەكو چۆلەكە دەپەڕێ و درێغی لە نەفسی خۆی ناكات، بەڵام هەر لیمۆ خانم ژنێتی و سوێندی گەورەی خواردووە، هەتا دەمرێت هەر لیمۆ ئاغاژن بێت. ئاغا چاوی برسی بكەوێتە سەر هەر ژنێك یان كچێكی گوندەكانی خۆی نەخشەیەكی بۆ دادەنێت و بە ئاواتی دڵی دەگات. ئەمما بۆ نەگبەتی، دواجار ئاغا لە تەمەنی شەست ساڵیدا عاشق دەبێت، كچێكی گوندەكەی خۆی شێت و هاری دەكات. پیرە هەڵۆ هەرچەند دەكات نازانێت بە چ نەخشەیەك بیخاتە داوەوە و كەف و كوڵی دڵی پێ كپ بكاتەوە. ئاخری پلانێكی شەیتانیی بە خەیاڵدا دێت. دەیەوێت لە تۆی مارە بكات و لە نزیكی خۆی داتمەزرێنێت و… بە یەك چەقەنە، ئاغاژن قایل دەكات كە دەیەوێ ژنت بۆ بێنێت و چاكەت بداتەوە، سووك و ئاسان كچێكی پانزە ساڵ بخاتە باخەڵی تۆی چل ساڵەوە. لەگەڵ ئاغاژندا دادەنیشن. تۆش بە شەرمێكی زۆڵانەوە بەرامبەریان دادەنیشیت.

«بازە گیان، ئەوە لەگەڵ لیمۆدا بڕیارمان داوە ژنت بۆ بێنین.»

«ئاغا گیان تۆ و ئاغاژن خۆشبن، ژنم بۆ چییە؟»

 91 جار بینراوە