سەرەکی » راپۆرت » ئاهەنگ گێڕانی ژنهێنان لەکاڵبوونەوەدایە

ئاهەنگ گێڕانی ژنهێنان لەکاڵبوونەوەدایە

کەرکوک، ھێمن ئەحمەد

پێکهێنانی ژیانی ژن و مێردایەتی و بڕیاردان بۆ ئەو پرۆسەیە قۆناغێکی نوێیە لەژیانی هەموو کەسێک، بۆ چوونە ناو ئەو قۆناغەش کۆمەڵێک دابونەریت هەیە لەوانە سازدانی ئاهەنگ، ئێستاش لە شاری کەرکوک ئەو نەریتە خەریکە بەرە و کاڵ بوونەوە دەچێت.

رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە
هۆشیار سەعید، تەمەن 34 ساڵ، نەمانی زەماوەندی ژنهێنان بۆ چەند خاڵێک دەگێڕێتەوە یەک لەوانە گرانی نرخی هۆڵەکان و تیپی مۆسیقا و ئەو پێداویستیانەی لەم رۆژانەدا بەکاردێت، وەکو کراسی بوک و جوانکاری، کەنزیکەی دوو ملیۆن دیناری تێدەچێت، زۆر جار هەردوولا هەوڵدەدەن کەمترین بڕە پارە خەرج بکەن و خۆیان نەخەنە ژێر باری قەرزەوە، لایەنێکی تریش بە بۆچوونی ئەو هۆکاری دوورکەوتنەوە لە سازدانی ئاهەنگ لە رۆژی زەماوەنددا، بوونی کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتییە، یاخود زۆربەی ئەو هۆڵانەی کە لە شاری کەرکوکدا زەماوەندی تێدا دەکرێت دەکەوێتە رێگای گشتی و شوێنە سەرەکیەکان کە ئەگەری رووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە و زۆرجاریش رووداوەکانمان لە کەناڵەکان بینیوە یان بیستووە.

زەماوەند لەم سەردەمەدا نەکردنی باشترە
فەرمانبەر ئازاد محەمەد، تەمەن 29 ساڵ، ماوەی چەند ساڵێکە ژنیهێناوە و زەماوەندی نەکردووە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: من بۆیە زەماوەندم نەکرد، نەمویست لەم شارە پڕ لەکێشە و نەبوونییەدا خۆم بخەمە ژێر بارێکی ناهەموارەوە، کەسێک بەرنامەی زەماوەندکردنی هەبێت چەند کەس دەناسێت دەبێت بانگهێشتیان بکات ئەمە جیا لەخزم و کەسەکەی خۆی، دەبێت هەموو راوبۆچوونە جیاوازەکان لەیەک نزیک بکاتەوە و نەیەڵێت کێشە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبێت، کوردیش لەسەر سەرچۆپی هیچ شتێکی بیر نامێنێت، بەبڕوای من زەماوەند لەم سەردەمەدا نەکردنی باشترە.

ژنهێنان خۆی بەرەوکەمبوونەوە دەچێت
ئازاد باسی لەوەشکرد ئێستا خەڵکێکی کەم ژن دەهێنن، چونکە ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، منیش ئەگەر فەرمانبەر نەبوومایە نەمدەتوانی ژن بهێنم، هەروەها هۆشیاری گەنجانیش هۆکارێکن بۆ کاڵ بوونەوەی زەماوەند، چونکە ئێستا جیاوازتر لەخەڵکی پێشوو بیردەکەنەوە، وەک بیستوومانە جاران ئەگەر یەکێک ژنی بهێنایە دەبوایە هەر زەماوەندی بکردایە، بەڵام ئێستا ئەوە زۆر ئاسایی بووەتەوە.

لەبری زەماوەند گەشت دەکەین
سارا عەدنان، کچێکی گەنجی مارەبڕە، لە بری زەماوەند و هەڵپەڕکێ بەرنامەی گەشتکردنیان داناوە، ئەو وتی: هەردوو لامان بیرمان لەسەفەرێک کردووەتەوە لەجیاتی ئەوەی زەماوەند بکەین و خۆمان تووشی کۆمەڵێک کێشە بکەین، ئێمە لەکاتی مەراسیمی مارەبڕیندا ئاهەنگێکی بچوکمان لەنێوان خزم وکەسەکانی خۆماندا سازکرد، بەڵام بۆ گواستنەوە بەنیازی زەماوەندنین، چونکە ئاهەنگ گێڕان تێچوویەکی زۆری دەوێت و بەرپرسیارێتی ئەو هەموو کەسەشمان پێ هەڵناگیرێت لەم شارەدا، کە نازانیت چ کات و ساتێک روداوی نەخوازراو روودەدات.

حەوت رۆژ وحەوت شەو شاییمان دەکرد
مام رەحیم پیاوێکی بەساڵاچووی شاری کەرکوکە بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئێستا هەموو شتێک پێچەوانە بۆتەوە، لەسەردەمی ئێمەدا ئەگەر کەسێک بەنیازی ژنهێنان بووایە بۆ کوڕەکەی ئەوا کەسێکی رادەسپارد و خزم و کەسوکارەکەی کۆدەکردەوە کە بەنیازە فڵانە کچ بۆ کوڕەکەی بهێنێت، تا بزانێت راوبۆچوونی کەسوکارەکەی چۆنە بەرامبەر بە کوڕەکەی خۆی و ئەو کچەشی کە داوای دەکات، کۆمەڵێک پیاوی ریش سپی و ماقووڵ دەچوونە داوای کچەکە، بەڵام ئێستا ئەمە نەماوە، سەیردەکەیت تەلەفۆنێکت بۆ دەکەن دەڵێن فڵانە رۆژ لەخزمەتداین مارەی کچێکمان بۆ کوڕەکەمان بڕیوە و پێمان خۆشە لە گواستنەوەکەیدا ئامادەبیت، ئیتر نازانیت خانەوادەی کچەکە کێیە و خەڵکی کوێن و ئەسڵیان چییە، بێ ئەوەی رای تۆ وەربگرن، بەڵام بانگهێشتت دەکەن، لەسەردەمی ئێمە ئەگەر کچەکەیان بدایەتە ئەو کوڕە ئەوە حەوت شەو و حەوت رۆژ لەو دێیە زەماوەند و خۆشی دەبوو، ئیتر خەریکی ئامادەکردنی زاوا و چێشتکردن و شایی و هەڵپەڕکێ و هاتنی خزم وکەسو کار و ئەم شتانە بوو، بەڵام ئێستا هەمووشتێک بەشەو و رۆژێک تەواو دەکەن.

قەیرانی دارایی کاریگەری هەیە
گۆران فەخرەدین بەڕێوەبەری کارگێڕی هۆڵی های لایڤ سەبارەت بە ئاهەنگ گێڕانی ژنهێنان بەکوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوای ساڵی 2014 و دروستبوونی قەیرانی ئابووری عیراق، تەنگەژەکانی ئەم دواییە و کاریگەری دابونەریتی کۆمەڵایەتی لەسەر تاک هۆکاریکە بۆ کاڵبوونەوەی ئاهەنگ گێڕانی هاوسەری. سەبارەت بەو کەسانەی لەهۆڵەکان ئاهەنگی هاوسەری دەگێڕن کێن؟ بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەو هۆڵە وتی: زیاتر چینی دەوڵەمەند و رۆشنبیرەکان لەهۆڵەکان ئەمە دەکەن. باسی لەوەشکرد ئێمە تەنیا لە وەرزی زستاندا ئەو چینەی کەباسمان کرد لەهۆڵەکان ئاهەنگی زەماوەند دەگێڕن چینی هەژارەکەش زیاتر لەوەرزی بەهاردا زەماندە دەگێڕن بۆ ئەوەی لەدەرەوەی هۆڵەکان ئاهەنگی زەماوەند بگێڕن مەبەستم دەشتاییەکانە.

 67 جار بینراوە