سەرەکی » راپۆرت » لە ژێر قەڵای هەولێردا وێنەی گەشتیاران دەكێشێ

لە ژێر قەڵای هەولێردا وێنەی گەشتیاران دەكێشێ

هەولێر، كوردستانی نوێ

لە دامێنێ قەڵای هەولێر لەبەر سێبەری درەختە سەوزەكان وێنەكێشێك بەرچاو دەكەوێت كە ماوەی بیست و پێنج ساڵە وێنەی گەشتیاران و رێبواران دەكێشێت، ئەو وێنەكێشە بەبێ ئەوەی هیچ دوكان و شوێنێكی تایبەتی هەبێت، بە وێنەكێشان لەسەر شۆستەی شەقامێكی قەڵا ئاسودەیە و بەو شێوازە زیاتر تێكەڵی هونەرەكە بووە، دەشڵێت وێنەی بەشێكی زۆر لە كەسایەتیە جیهانیەكانی كێشاوە، لەلایەن هەندێكیانەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەكراوە.

ئازاد رەشید ناسراو بە (ئازاد تەنیا) تەمەن پەنجاو یەك ساڵ ماوەی زیاتر لە سی و پێنج ساڵە فێری وێنەكێشان بووە و زیاتر لە بیست وپێنج ساڵە لە ژێر قەڵای هەولێر خەریكی وێنە كێشانە بۆ كوردستانی نوێ دەڵێ: لەساڵی 1970 لە شاری هەولێر لە دایكبووم، لە ساڵی 1984، واتا لە تەمەنی چواردە ساڵیەوە فێری وێنەكێشان بووم ، فێربونەكەش ئەكادیمی نەبووە، بەڵكو بە خۆرسكی فێربووم و بەهرەیەكی خواییە.

لەساڵی 1996ەوە لە ژێر قەڵای هەولێر وێنە دەكێشم
وتیشی: بۆئەوەی زیاتر تێكەڵی ئارەزوومەندانی وێنەکێشان بم، لەساڵی 1996ەوە لە ژێر قەڵای هەولێر وێنە دەكێشم، ئەویش لەسەر خواستی رێبواران كە زۆربەیان داوای وێنەی كەسی خۆیان دەكەن، هەروەها لە تەنیشت وێنەكێشان لەرووی شیعر و موسیقا و نواندن بەهرە و توانایەكی تایبەتی خۆم هەیە، جگە لەوەی پێشانگای وێنەکێشانم کردۆتەوە، هەروەها ئامێری سازم بۆ زۆر لە هونەرمەندەكانی هەولێر ژەنیووە، بەڵام خولیای سەرەكیم وێنەكێشانە و ئەو هونەرە لایەنی سەرەكی ژیانی من پێكدەهێنێ.

هونەرمەند (كازم ساهیر) سەرسامی خۆی دەربڕیووە
ئەو هونەرمەندە وتیشی: لەبارەی وێنەكێشان جگە لە خەڵكی شارەكە و كوردستان، زۆر لەو گەشتیارانەی سەردانی هەولێر دەكەن لە كاتی بەسەركردنەوەی قەڵای هەولێر هەڵوەستەیەك لەلای من دەكەن كە دەبینین بەوێنەكێشانی كەسایەتی و خەڵكی ئاسایی خەریكم، هەندێك لەوانە داوای دەكەن و منیش بەخۆشحاڵیەوە داخوزاییەكەیان جێبەجێ دەكەم، وەك لە تابلۆكانم دیارە وێنەی بەشێكی زۆر لە كەسایەتیەكانی سیاسی و هونەری و وەرزشییم كێشاوە، هەندێك لەوانە وێنەی خۆیان لە رۆژنامە جیهانیەكان بینیوەتەوە، لەوانە هونەرمەند (كازم ساهیر) كە سەرسامی خۆی دەربڕیوە و سوپاسی بۆناردووم، هەروەها خۆشاحاڵبووە لە شاری هەولێر هونەرمەندێك بەوجۆرە وێنەی كێشاوە.

زۆربەی وێنەكان هەر لە ژێر قەڵا دەكێشم
لەبارەی کەرەستە و ماوەی كێشانی وێنەكانی وتی: بۆ وێنەكێشان قەڵەم و كاغەزی تایبەت بە كاردەهێنم كە هەندێكیان لە دەرەوە دەستەبەری دەكەم لێرە نیە، لەبارەی ماوەكەی ئەوا هەر وێنەیەك بە گوێرەی قەبارەكەی دەگۆرێت، بۆنموونە وێنەیەكی ئاسایی لەماوەی دەخولەك تەواودەكەم، نرخەكەشی لە نێوان دەهەزار تا پەنجا هەزاردینارە، زۆربەی وێنەكانیش هەر لەو شوێنە واتا ژێر قەڵا دەكێشم، بەهۆی ئەوەی شوێنەكەم سەر رێگایە و خەڵكێكی زۆر جگە لە داواكاران سەردانم دەكەن، تەنانەت بەشێكی زۆر لە دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی دیداریان لەگەڵ سازكردووم.

لەبارەی ئاستی وێنەكێشان و لێكچووی لەگەڵ وێنەیەكی ئاسایی ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەكات: بەشێكی زۆر لەوانەی وێنەیان دەكێشم رازین لە ئاستی وێنەكە تاكو ئێستا گللەیان نەبووە، چونكە ئەو وێنەی بەدەست بۆیان دەكێشم بەرێژەیكی زۆر لەخۆی یان لەو وێنەیە نزیكە كە بەكامیرا و ئامێرەكانی سەردەم گیراون، هەر ئەمەش وایكردوە بەردەوابم لە پیشەکەم و داواكاری لەسەر وێنەكانم هەبێت.

چەند نامیلكەیەكم چاپكردووە باس لە هونەری وێنەكێشان دەكات
وتیشی: جگە لەوێنە كێشان بە دەستی خۆم، هەوڵمداوە خولی تایبەت بۆ بەهرەدارانی وێنەكێشان بكەمەوە و فێری ئەو پیشەیەیان بكەم، هەروەها چەند نامیلكەیەكم چاپكردووە كە باس لە هونەری وێنەكێشان دەكات وەك رێنشاندەرێك بۆ فێربوونی ئەو هونەرە، هەرچەندە من ئەكادیمی نیم، بەڵام بەهۆی شارەزاییم و حەزوو و ئارەزووم بۆ هونەری وێنەكێشان خەڵكێكی زۆر سوود لە بەهرەكەم وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنی پەیوەندار هیچ هاوكارییەكم بكەن، ئێستاش دەخوازم بەردەوامبم لەسەر وێنەكێشان و مانەوەم لە ژێر قەڵای هەولێر، چونكە ئەوەی سەردانی هەولێر بكات بێگومان سەردانی دەوروبەری قەڵا دەكات یەكێكیش لەوانەی سەرنجی رادەكێشت وێنەكێشانە.

 79 جار بینراوە