سەرەکی » ئابووری » عیراق پێنجەم وڵاتی جیهان و دووەمی وڵاتانی عەرەبییە لە یەدەکی نەوتدا

عیراق پێنجەم وڵاتی جیهان و دووەمی وڵاتانی عەرەبییە لە یەدەکی نەوتدا

یەکەی ئابووری

لە ریزبەندییەکدا، دامەزراوەی (GFP)ی جیهانیی رایگەیاندووە، عیراق پلەی پێنجەمی لە وڵاتانی جیهان و دووەمی لە وڵاتانی عەرەبیدا گرتووە لە بوونی زۆرترین یەدەکی نەوت بۆ ساڵی 2021.

لە راپۆرتی دامەزراوەکەدا کە تایبەتە بە بوونی یەدەکی نەوت لە ساڵی 2021دا ئەوە بڵاوکراوەتەوە، یەدەکی نەوتی خاوی عیراق لە ساڵی 2021دا دەگاتە 148 ملیار و 800 ملیۆن بەرمیل، بەمەش پلەی پێنجەمی وڵاتانی جیهان دەگرێت لە دوای هەریەکە لە وڵاتانی ڤەنزوێلا کە یەکەم گەورەترین وڵاتی یەدەکی نەوتە بە بڕی 302 ملیار و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەک، دوای ئەویش وڵاتی سعودیە لە پلەی دووەمدایە بە بوونی 266 ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەک، کەنەدا پلەی سێیەمە بە 170 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت، ئێران چوارەم وڵاتە بە بڕی 157 ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەک.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، عیراق لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدایە بۆ بوونی یەدەکی نەوت لە دوای وڵاتی سعودیە کە پلەی یەکەمی گرتووە، کوێت لە پلەی سێیەمدایە و ئیماراتیش پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە بۆ بوونی زۆرترین نەوتی یەدەک.

راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، ئەسیوبیا کەمترین بڕی یەدەکی نەوتی هەیە لە جیهاندا و بڕەکەی دەگاتە 428 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها پێش ئەو، وڵاتی مەغریبە 684 هەزار بەرمیل نەوتی یەدەک، پێش ئەوانیش ئەردەن دێت بە بوونی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەک لە کۆی 92 وڵاتی جیهان کە خاوەنی نەوتی یەدەکن.

 63 جار بینراوە