سەرەکی » راپۆرت » هۆشداریی له‌ هاتنی شه‌پۆلێكی تری كۆرۆنا ده‌درێت

هۆشداریی له‌ هاتنی شه‌پۆلێكی تری كۆرۆنا ده‌درێت

ئه‌سرین محه‌مه‌د

له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ی عه‌لی ناجی_م له‌ شاری سلێمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشكنینی كۆرۆنا، هه‌ر هاووڵاتییه‌و له‌ شوێنی جیاوازه‌وه‌ دێن بۆ پشكنینی كۆرۆنا هه‌ندێكیان به‌ ئه‌نجامی پۆزه‌تیڤ و هه‌ندێكی تریان به‌ ئه‌نجامی نێگه‌تیڤه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

سه‌رخێڵ ئازاد به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی عه‌لی ناجی به‌ كوردستان نوێی راگه‌یاند «به‌راورد به‌ مانگی رابردوو ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی بۆ پشكنین روو له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌رزبووه‌ته‌وه‌«.

چه‌ند حاڵه‌تێكی نەوەی نوێی کۆرۆنا تۆماركراوه‌
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ شه‌پۆلێكی تری كۆرۆنا رووی له‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق كردووه‌ و حاڵه‌تی توشبوون به‌ ڤایرۆسی نەوەی نوێی كۆرۆنا تۆماركراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی مه‌رجدار جێبه‌جێده‌كرێت.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند حاڵه‌تێكی توشبوون به‌ نەوەی نوێی کۆرۆنا تۆماركراوه‌ و به‌رپرسانی ته‌ندروستی هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی توشبوون به‌ كۆرۆنا.

سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند «پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاردا شه‌پۆلێكی تری كۆرۆنا روو له‌ هه‌رێم بكات»

ئێستا له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان له‌ 11 نه‌خۆشخانه‌ توشبووانی كۆرۆنا خه‌وێنراون و 10 نه‌خۆشخانه‌ی تریش كه‌ پێشتر تایبه‌تكرابوون به‌ توشبووانی كۆرۆنا ئێستا نه‌خۆشیان تێدا نییه‌و له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان.

لێپرسینه‌وه‌ له‌ بازگه‌كان زیاتر ده‌كرێن
تا ئێستا راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی گشتی و داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان بژارده‌ی سه‌ره‌كی نین بۆ رێگری له‌ كۆرۆنا، به‌ڵام لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌یدا، بڕیاریدا‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی توندتربكرێنه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هاتنی خه‌ڵك و گه‌شتیار له‌ شاره‌كانی عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئاسۆ حه‌وێزی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند « پێویسته‌ رێگه‌ نه‌درێت هیچ كه‌سێك به‌بێ پشكنین داخڵی شاره‌كانی هه‌رێم ببێت».

له‌ شه‌پۆلی پێشووی كۆرۆنادا به‌شێك له‌ توشبوانی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كراو ئه‌وه‌ش بارگرانی خستبووه‌ سه‌رشانی هاووڵاتیان لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دۆخی كۆرۆنا كردووه‌ و بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت كۆببنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌گه‌ری هاتنی شه‌پۆلێكی نوێی كۆرۆنا.

لوقمان وه‌ردی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند.» كه‌رتی گشتی ته‌ندروستی له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ و چاودێریی وه‌زاره‌تیش بۆ كه‌رتی تایبه‌ت زۆر لاوازه‌«.

هاتنی ڤاكسینه‌ چینییه‌كه‌ نزیكه‌
به‌پێی لێدوانی حه‌سه‌ن ته‌میمی وه‌زیری ته‌ندروستی عیراق بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی بگاته‌ عیراق و به‌شی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدایه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ وته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم بێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ڤاكسین بكڕن و كۆماری چینیش بڕیاریدراوه‌ بڕی پێنج هه‌زار ڤاكسین بۆ هه‌رێم دابین بكات و پاش ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی گه‌یاندن ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان.

پێدانی ژه‌مه‌ ڤاكسین له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دیاریكراوه‌ و به‌پێی لێدوانێكی وه‌زیری ته‌ندروستی سه‌ره‌تا پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و دوای ئه‌وانیش كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كانیان هه‌یه‌ ڤاكسینیان پێ ده‌درێت و دواتر ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیانه‌.

له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشكنینی كۆرۆنا له‌ رێگه‌ی لوت و ده‌ستنیشانكردنی به‌رگری له‌ش و رێژه‌ی هه‌وكردن له‌ خوێندا ده‌ستنیشان ده‌كرێن و له‌ به‌رامبه‌ردا ته‌نها پاره‌ی بلیت بڕین له‌ هاووڵاتیان وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و هاوڵاتییانه‌شی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن بۆ پشكنینه‌كه‌ بڕی 60 هه‌زار دیناریان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانیش به‌بڕه‌ پاره‌ی جیاواز پشكنین بۆ توشبووانی كۆرۆنا ده‌كرێت.

جه‌خت له‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی ده‌كرێته‌وه‌
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ پلانیدایه‌ له‌ رێگه‌ی زیادكردنی ژماره‌ی پشكنین و زوو ده‌ستنیشانكردنی توشبووانی كۆرۆنا رێگری بكات له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ستنی ماسك سه‌ره‌كیترین رێكاره‌ بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ كۆرۆنا و هێواشكردنه‌وه‌ی هه‌ر شه‌پۆلێكی تری ئه‌و ڤایرۆسه‌ كه‌ روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكات.

له‌ مانگی ئازاری ساڵی رابردوو یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركرا و به‌پێی دوایین راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تا ئێستا یه‌ك ملیۆن و 159 هه‌زار و 199 پشكنین بۆ هاووڵاتیان كراوه‌، 108 هه‌زار و 62 كه‌س توشی كۆرۆنا بوون، 103 هه‌زار و 78 كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه‌، سێ هه‌زار و 510 كه‌س به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زار و 474 كه‌سیش له‌ژێر چاره‌سه‌ردان كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ توشبوانی كۆرۆنا خه‌وێنراون و ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان له‌ هۆبه‌كانی چاودێری چڕدان.

 163 جار بینراوە