سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״كۆبوونەوەی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو״

״كۆبوونەوەی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو״

هەولێر

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: هەر كاتێك پێویست بێت وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چاوەڕوان دەكرا ئەمڕۆ 25/2 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراق بكرێت، بەڵام دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو، وتیشی: بەشی زۆری پڕۆژەیاسای بودجە تەواو كراوە، ئەوەی ماوە پەیوەندیی بە پشکی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چاوەڕواندەكرێت دوای یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانە، كاتێك بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبكرێت بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە.

هەر سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: دوای چەندین سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە رەزامەندیی هەموو لایەنەكانە لەسەر پڕۆژەیاساكە و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدانە لەسەری، وتیشی: هەر كاتێك پێویست بكات وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە، لێرەشەوە دووپاتیدەكەینەوە كە دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین و ئامادەیی ئەوەمان نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پابەندیانەی دەكەوێتەسەر هەرێم لە بەرامبەر دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد كە لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، دوا پێشهاتەكانی تەواوی گفتوگۆكانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە خستەڕوو، هەروەك تەئكیدكرایەوە كە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بەردەوام دەبن، تا گەیشتن بە رێكەوتنێكی گونجاو.

لەبارەی ئامادەكارییەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێم، وتەبێژی حكومەت رایگەیاند: وەزیرانی پلاندانان و دارایی، تیشكیان خستەسەر دوایین ئامادەكارییەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم، كە زۆربەی داتاكانی وەزارەتەكان ئامادەكراون بەو ئامانجەی بودجەیەكی شەفاف ئامادەبكرێت، وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاساكە تەواوبكرێت، كە دواتر ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

 154 جار بینراوە