سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » لە دوای پەلامارەكان

شوخت

لە دوای پەلامارەكان

هێشتا سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا سەبارەت بەعیراق و سوریا روون نییە، هەموو لێكدانەوەكان بە ئاراستەی سیاسەتێكی نوێی سەرۆكی نوێی ئەمریكا جۆ بایدن-ە لەناوچەكە، بەڵام لەو پرس و بابەتانەی كە پەیوەندیی بەشكۆ و هەژموونی ئەمریكاوە هەیە، سیاسەتی ئەمریكا جێگیرە و خێرا وەڵامی هەر پەلامارێك دەداتەوە كە بزانرێت مەترسییە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەکەو جیهاندا.

هەردوو ئۆپراسیۆنی بە سەرەتای ساڵی 2020 و ئەو پەلامارەی چەند رۆژی رابردوو روویدا لەلایەن ئەمریکاوە لەیەكتر دەچوون. چونکە هەردووكیان كاردانەوەی پەلاماردانی باڵیۆزخانە و ناوچە سەربازییەكانی ئەمریكا بوون، هاوكات هەردووكیشیان بە ئیمزاو فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا لە دوو ماوەی سەرۆكایەتی (ترەمپ و بایدن) جێبەجێ كران. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەمریكا سیاسەتێكی جێگیری هەیە لە پەلاماردانی بەرژەوەندییە هەستیارەكانیدا.

كاتێك پەلاماردان و موشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بووە جێی مەترسی، لەڕێی ئۆپراسیۆنێكی تایبەتەوە لە سەرەتای 2020 واشنتۆن ئامانجێکی لە فرۆکەخانەی بەغدا بۆردومانکرد لەرێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە. ئەو پەلاماردانە خێراو كاریگەرەیان بۆ گەیاندنی پەیامێك بوو كە ئەمریكا لەدروستبوونی مەترسیی سەر بەرژەوەندیەكانی، لەكاردانەوە سڵ ناكاتەوە و ناوەستێت، ئێستاش دەبینین دوای چەند رۆژێك لە پەلاماردانی هێزەكانی ئەمریكا لە هەولێر، دیسان ئەمریكا خێرا وەڵامی پەلامارەكەی دایەوە، چەندین بنكەو بارەگایەکی گروپە شیعەكانی لەناو خاكی سوریادا بۆردومان كرد و لەلایەك پەیامی گەیاندە بكەرانی پەلامارەكە و زیانێكی گەورەی پێگەیاندن، لەلایەكی دیكەوە پەیامێكیش بوو بۆ ئەو لایەنەی كە ئەمریكا پێی وابوو پشتیوانیی جێبەجێكارانی پەلامارەكەی هەولێری كردووە.

بەهۆی مەترسی لەسەر باڵیۆزخانەکەی لەبەغدا، ئەمریكا بەشێك لەدیپلۆماتكار و كاروبارەكانی گوێزایەوە بۆ هەولێر، بەوپێیەی ناوچەیەكی ئارامترە و دەكرێت وەك ناوچەی بەدیل بەكاربهێنرێت و دیپلۆمات و كارمەندە باڵاكانی پارێزراوبن لەوێ، بۆیە كاتێك پەلاماری كونسوڵخانە یان هێزەكانی دەدرێت لەهەولێر، كاردانەوەی ئەمریكا خێراو توند دەبێت.

رووداوەكەی سەرەتای 2020 لە كوردستان دووربوو، بەڵام ئەو رووداوەی هەولێر لەدوو رووەوە پەیوەندی بەكوردستانەوە هەبوو، یەكەمیان پرسی ئاسایش و ئەمنیەت لە هەرێمی كوردستان، چونكە یەكەمجارە لەژێر ركێف و قەڵەمڕەوی هەرێمی كوردستاندا هێزێكی بیانی مووشەكبارانی بەرژەوەندیی ئەمریكا و تەنانەت مەترسی لەسەر ئارامی كوردستان دروستبكات. دووەمیشیان هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ رووداوێكی ئاوها هەستیار كە پەیوەندیی بەململانێی ئیقلیمییەوە هەیە، ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، گرفتی دیكەی بەدواوە دەبێت كە رەنگە لێدوانێكی رۆژنامەوانیی هەرێمی كوردستان بخاتە بەرەیەك و سەرەنجام زیانێكی گەورە بەهەرێم بگەینێت.

 200 جار بینراوە