کێ باس لە گەندەڵی و چاکسازی دەکات؟

10:03 - 2022-08-08
شوان کەریم کابان
370 خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینە سەرکەوتوو نەبوو، دواتریش پەرلەمانتارانی رەوتی لە پەرلەمان کشانەوە، سەید موقتەدا سەدر رایگەیاند چیتر سیاسەت ناکات و ئامادە نییە لەگەڵ «گەندەڵکاران»دا کار بکات و واز لە هەموو شتێکیش دەهێنێت. 
پاش ئەوەش لەگەڵ پەرلەمانتارەکانیدا چوو بۆ سعودیە بە مەبەستی حەج، لەپاش گەڕانەوەی داوای نوێژێکی بە کۆمەڵی کرد و لە هەینی رابوردووتردا ئەندام و لایەنگرانی رەوتی سەدر نوێژێکی بە کۆمەڵیان لە بەغدا لە شاری سەدر کرد و لەوێشەوە ژمارەیەکیان بە رێنمایی بەرەو ناوچەی سەوز بەرێکەوتن و پاش ئەوەی کەس بەری پێنەگرتن چوونە ناوچەی سەوز و لەوێشەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان و بە قەولی خۆیان رزگاریان کرد کە پێچەوانەکەی راستە، لەوێوە داواکاریی رەوتی سەدر  راگەیەندرا کە خۆی لە هەموارکردنەوەی دەستوور، گۆڕینی سیستمی حکومڕانی بۆ سەرۆکایەتی و سزادانی گەندەڵکاران و نەھێشتنی پاشکۆیەتیدا دەبینییەوە. 
پاش چەند رۆژێک لەسەر فەرمانی سەدر، ئەندامانی رەوتەکە ھۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و لە بەشێک لە میدیاکانی هاوسۆز لەگەڵ رەوتی سەدر لە میدیا سوننە و کوردییەکانیشەوە ئومێد لەسەر ئەو بزاوتە جەماوەرییەی لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵچنرا. 
ئەگەر کەسێک لە دوورەوە چ لە هەرێم یان عیراق، یاخود دەرەوە، بڕوانێتە ئەم جموجۆڵەی رەوتی سەدر، وا هەست دەکات ئەم رەوتە غەدری لێکراوە و لە دەرەوەی دەسەڵات هێڵراوەتەوە و بەشدار نییە لە بەڕێوەبەردنی عیراقدا لە رابوردوو و ئێستادا، لەکاتێکدا هەمیشە لە نێو کایەی دەسەڵاتدا کارەکتەرێکی سەرەکی بووە.
ئێستاش لە کاتێکدا ئەم نمایشە دژی دەسەڵات دەکات، ئەم پۆستانەی بەدەستەوەیە: جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەر لە دەست لەکارکێشانەوە و جێگری یەکەمیش لە خولی پێشووی پەرلەمان، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق، پارێزگاری میسان، زیقار، نەجەف، بەسرە و جێگرەکەی.
 باڵێوزی عیراق لە بەریتانیا و روسیا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دووی رەسافە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاکسازی لە بەغدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە رەسافە، واست، زیقار، میسان، دیوانیە، بابل، نەجەف، دیالە، مشخاب. بەڕێوەبەری پەروەردە لە خالس، دیالە، دیوانیە، واست.
 بەڕێوەبەری کارەبا لە زیقار، مشخاب، نەجەف، بابل، بەسرە. سەرۆک یا بەڕێوەبەری شارەوانی لە خالس، خان بەنی سەعد، سەعدیە، مشخاب، بەسرە. بەڕێوەبەری ناحیە لە هب هب، ئەسکەندەرییە.  بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری ئیداری، بریکاری وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ بریکاری چەند وەزارەتێکی تر، زیاتر لە 100 بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە بەسرە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاکسازی لە بەغدا، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی دیالە، بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دیالە، راگری کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی بەغدا و جێگرەکەی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و بەڕێوەبەری ئیداری و بەکارخستن و چاککردن لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نەخشەسازی بەدواداچوون لە هەیئەی حەج  و عومرە. 
بریکاری سەرۆکی هەیئەی حەج و عومرە بۆ کاروباری ئیداری، بەڕێوەبەری زۆربەی نووسینگەگانی حەج و عەمرە لە شارەکانی باشووری عیراق. 
راوێژکاری پارێزگاری دیوانیە، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای سکیوریتی فڕۆکەخانەی نەجەف، بەڕێوەبەری چاودێریی نەجەف، فەرماندەی پۆلیس و هەواڵگریی نەجەف، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی عیراق و نەجەف. 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆڕەکان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای رافیدەین و بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەکانی بەسرە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بەڕێوەبەری خەستەخانەی غازی لە شاری پزیشکی بەغدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەکارخستن لە بەسرە، جگە لە چەندین پلە و پۆستی تر لەگەڵ چەند وەزارەتێک پێش هەڵبژاردنە پێش وەختەکە.
رەوتی سەدر هەمیشە لەناو کایەی حکومڕانی عیراقدا بووە و هەیە، بۆیە ناکرێت وەک ئۆپۆزسیونێکی ناڕازی سەیر بکرێت.

 


دیمەنێک لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوزی بەغدا

وتارەکانی نوسەر