لە رۆژئاڤاوە

نەخشەكانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای فورات

12:02 - 2022-08-15
فەتحوڵڵا حوسێنی
299 خوێندراوەتەوە

نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای فورات، هەمیشە پڕ لە ئاژاوەو پیلانگێڕێییە، زۆرترین پیلانگێڕیش لەلایەن توركیاوە كراوە، رەنگە ئەم جارەش توركیا بە سەودایەك لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی زامنی سوریا، بە نیاز بێت هێرش بكات، دوای چوار هێرشی داگیركاریی بۆ سەر خاكی سوریا و داگیركردنی حەوت شاری كوردی و عەرەبی، توركیا جارێكی دیكەش دەهۆڵ بۆ جەنگ دەكوتێ، جیهانیش فزەی لێوە نایەت.
توركیا ئامانجەكانی دەستنیشان كردووە، ئەویش هێرشكردنە بۆ سەر مەنبەج و تەل رەفعەت لە پارێزگای حەڵەب، بیانووەكەشی ئەوەیە كە ئاسایشی نەتەوەییان لە مەترسیدایە. 
قسە زۆر دەكرێت لەسەر هێرشی پێنجەمی توركیا، ئەگەری هەیە توركیا زیاتر دەست لە كاروباری سوریا وەربدات و ئۆپۆزسیۆنێكی كارتۆنی پەروەردە بكات و بیباتە نێو كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانەوە و هێندەی دیكە كورد پەراوێزبخات بە بیانووی ئەوەی كە گوایە جوداخوازن، پاشان خۆی بكاتە خاوەنی دۆزی سوریا و خۆی بكاتە هاوشانی روسیا و ئێران.
توركیا هەموو گەلانی سوریا بەكاردەهێنێت، وەك كارتێك، هەر واشیكردووە لە كۆبوونەكانی مۆسكۆ و تاران و ئەنكەرەدا، كە بەبێ بەشداری خەڵكی خودی سوریا بەڕێوەچوون، دواتریش لە جنێڤ و ئاستانەو سوچی بە هەمان شێوە، خەڵكی سوریای لێ نەبوو، بەڵكو كەسانێكی لێ بوو بە دەمامكی سوریاوە، كە لە پشتیانەوە ئەجێندای توركی و روسی هەبوون.
لەم دۆخە پڕ لە ئاژاوەیەی سوریادا ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا جۆرێك لە رێكخستنی بەخۆوەبینیوە، كە پێكهاتەكانی لەگەڵ یەكتردا گونجاندووە، ئەمە هەنگاوێكی زۆرباشە، بەڵام هێشتنەوەو پەراوێزخستنی رێكخەرانی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی كۆڕو كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان و پلانی هێرشكردنە سەر ناوەچەكەشیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی پیلانگێڕییەكی گەورە هەیە، كە زۆر لە توانای خەڵكی سوریا گەورەترەو وادیارە پلان بۆ كێشانی نەخشەی نوێ بۆ ناوچەكە لە ئارادایە، ئەگەر هێرشەكەی توركیاش سەر بگرێت و ناوچەكەیەكی دیكەش لە خاكی سوریا داگیربكات، رەنگە لە داهاتوودا هەموو سوریاش داگیر بكات، ئەوكات دەیكاتە بەشێك لە توركیا وەك ئەوەی لە قوبرس و یۆنان و داگیركارییەكانی پێشووی لە سوریا كردوویەتی.
ناوچەكانی باكوورو خۆرهەڵاتی سوریا، لە رووی سەربازییەوە پەیوەندی كارای هەبووە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەو هاوپەیمانییە دانی بەوەدا ناوە كە ئەو پەیوەندییە سەربازییە كارایە ئەنجامی باشی هەبووە بۆ جێگیركردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە، بەڵام پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆجێیی ناوچەكەو حكومەتی دیمەشق ناڕوونە، هەرچەندە لێكگەیشتن هەیە، بەڵام تا ئێستا بە هیچ ئەنجامێكی دیاریكراو نەگەیشتوون.
مەترسی دەرەكی و ئەو جەنگەی وا بەڕێوەیە، هاندەرە بۆ لێك نزیكبوونەوەو گفتوگۆی نیشتمانی لە سوریا، هاوكات پەیامی ئەمریكا بۆ توركیا كە داوای لێدەكات هێرشی پێنجەم نەكات و بێدەنگی روسیاو ناڕەزایی دیمەشق و ئامادەكارییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ شەڕ، رەنگە وڵاتە زلهێزەكانیش ئامانجی نوێ دەستنیشان بكەن و سەركێشی ئیقلیمیش لەلایەك هەموو ئەمانە ئەزموونی تاڵن بەسەر گەلانی سوریادا دێن، بە تایبەت ئەگەر چارەسەرێكی سیاسی لەگۆڕێ نەبوو.

وتارەکانی نوسەر