هەڵبژاردن و هەڵبژاردنێکی تر

10:09 - 2022-08-22
عەتا تەها
749 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە پیادەکردنی سیستمی دیموکراسی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە خۆی لەدادپەروەریدا دەبینێتەوە و هەل و مەرج و کەشێکی ئازاد دەڕەخسێنێ بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە بیانەوێت تواناو وزەی خۆیان لە پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا تاقی بکەنەوە.
بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کە تا ئەم ساتەوەختە بەشێکە لە پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانی لەعیراقدا، دە مانگە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام تائێستا حزب و لایەنەکان رێنەکەوتوون لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەکاتێکدا کرا کە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هێشتا ماوەی یاسایی خۆی دوو ساڵی مابوو، بەڵام لە ئەنجامی ئاڵۆزی دۆخی سیاسی و خۆپیشاندان و دەستێوەردانەکان و گوشارە ناوخۆی و دەرەکییەکان، بەناچاری بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە درا و پڕۆسەکە کۆتایی هات.
دۆخی ئێستا گەیشتووە بەوەی کە هەندێک لایەن داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر دەکەن، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەم دوو ساڵی مابوو لەماوەی تەواوبوونی یاسایی خۆی  هەڵوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەم کرا چ چارەسەرێکی پێ بوو بۆ دۆخی سیاسی عیراق؟  
خۆ ئەو هەڵبژاردنە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لایەنەکان نەگەیشتوون بە رێکەوتن، ئاخۆ هەڵبژاردنێکی تر دەتوانێت ئەو ئاڵۆزییە چارەسەر بکات؟ 
هەڵبژاردن لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەپێی کات و هەل و مەرج گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەش بەو مانایە نییە کە لە گرنگی و بایەخی هەڵبژاردن کەم بکەینەوە، بەڵکو هاوشانی هەڵبژاردن گونجاندنیەتی لەگەڵ ژینگە و هەلومەرەجەکەدا. هەڵبژاردن لە عیراقدا لە رووی کاتەوە هێشتا ساوایە بەراورد بە وڵاتێکی ئەوروپی و خۆرئاوا کە سەدان ساڵە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم پڕۆسەیە نەرم کردووە، بێجگە لە کەم ئەزموونی و ساوابوونی ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ ئەوەشدا هەڵکەوتەی سنووری جوگرافیا و بەرژەوەندی وڵاتان بەسەر ناوچەکانەوە کاریگەریی گەورە و گرنگی هەیە لەمەڕ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
پێموایە نەک هەڵبژاردنێکی تر بەڵکو دەیانی تر بکرێت، ئەگەر رێکەوتنی هێز و لایەنەکانی لەسەر نەبێت دەرەنجام هەروەک ئێستا و پێشووتر دەبێت.
 کەواتە ئەزموون ئەوەی سەلماندووە کە تاکە چارەسەر و سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانی لە عیراقدا پێش هەمووشت دانپێدانان و رێکەوتنە لەسەر قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

 

بردنی منداڵان بۆ خۆپیشاندان کارێکی نایاسایی و ناڕەوایە

وتارەکانی نوسەر