لەناو رووداوەکاندا

ئۆکرانیا، زەمیلەکەی ئەوروپا

10:15 - 2022-08-22
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
345 خوێندراوەتەوە

بۆ جیهان جێگەی دڵخۆشییە کاتێک هەواڵی جووڵەکردنی کەشتی پڕ لە گەنمی ئۆکرانیا دەبیستین بەرەو بازاڕەکانی جیهان. ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی یوئێن رایگەیاند بیست و یەک کەشتی کە گەنمی هەڵگرتووە، ئۆکرانیای بەجێهێشتووە.
 ئەم هەواڵە مایەی هەڵوەستەیە وڵاتێک دوای شەش مانگ جەنگ، هێشتا وەک فریادڕەسی گەنم و دانەوێڵەی بازاڕەکان دەبینرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکەوتنەی 22-07-2022 ی تورکیا لە نێوان هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکرانیا بۆ ناردنی گەنم بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەم رێکەوتنەدا هەردوو لایەنی یوئێن و تورکیاش زەمانەتی ئەوەیان بۆ رێکەوتنەکە کردووە کە هەموو کەشتییەکی ئۆکرانیا کە باری گەنم بێت، بپارێزرێت تاکو شوێنی مەبەست.
 لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەدا، دەزگا جیهانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن سەردانەکەی ئەردۆغانیش بۆ ئۆکرانیا بە ئاگایی روسیا بووە و بۆ بەردەوامیدانە بە رێکەوتنەکەی ئەستەنبوڵ. 
بەپێی رێکەوتنەکەی نێوان حکومەتی روسیا و ئۆکرانیا رێگە دەدرێت بە خستنە بازاڕی بڕی (20) ملیۆن تەن گەنمی ئۆکرانیا.
پێش ئەوەی روسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێ بکات، بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بەرهەمهێنانەوە کە دەگاتە 80 ملیۆن تەن لە دانەوێڵە، ئۆکرانیا پێیدەوترا زەمیلەی نانی ئەوروپا، چونکە ئەم زەمیلەیە بۆ ماوەی شەش مانگ بەشی 400 ملیۆن کەس خۆراکی دەکرد کە دابەش دەبوو بەسەر ئەوروپا و ئاسیادا، بەڵام لە ساڵی 2022 دا ئەم رێژەیە دابەزی بۆ نیوە. 
سەرەڕای ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە بەسەر ئۆکرانیادا هاتووە، هێشتا چاوەکان لەسەر زەمیلەکەی ئۆکرانیایە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری نرخی گەنم و دانەوێڵە لە بازاڕدا، هەر لە دوای ئەوەی رێکەوتنەکەی نێوان ئۆکرانیا و روسیا لە ئەستەنبوڵ، راستەوخۆ نرخی گەنم 4.35 %ی بەهاکەی لەدەستدا و 35.10 دۆلار دابەزی.  
گرنگی ئەم رێکەوتنە تەنها بۆ خودی روسیا و ئۆکرانیا نییە و بۆ تەواوی بازاڕەکانی جیهانیش سوودبەخش دەبێت، چونکە هەردوو وڵات زۆرترین رێژەی گەنم دەنێرنە دەرەوە و دەتوانن کاریگەریی راستەوخۆیان بۆسەر نرخی گەنم هەبێت لە جیهاندا کە پێكەوە 25 %ی گەنمی هەموو جیهان دابین دەکەن.
 ئۆکرانیا پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە کە گەنم دەنێرێتە دەرەوە، بەم پێوەرەش بێت رێژەی نانی چواریەکی جیهان لەلایەن روسیا و ئۆكرانیاوە دابین دەكرێت، بەڵام لەگەڵ دەسپێکی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە 24-02-2022 نرخی گەنم لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بۆوە.
سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئەمنی ئەم جەنگە بە سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم دەزانن، بەڵام رێکەوتنی ناردنە دەرەوەی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئاسۆیەکی باش دەبێت تاکو لە ئایندەدا رێکەوتنی ئاگربەست لەنێوان هەردوولادا ئیمزا بکرێت و گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن بەردەوامیان هەبێت.

وتارەکانی نوسەر