کۆبوونەوەیەکی پڕ بایەخ

12:37 - 2022-09-01
حەسەن ئیبراهیم
362 خوێندراوەتەوە

 لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە خۆشحاڵییەوە سەرجەم راسپاردەکانی دیداری یەکێتی پەسندکران، کۆبوونەوەکە ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد هەریەکە و لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بکات. 
یەکێتی و سەرۆک بافڵ هێدی هێدی هەنگاوەکانی بەرەو گۆڕانکاری و بنبڕکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی دەنێن، کە ئەمەش لە ئەولەویەت و ئەجێندا و بەرنامەی دیداردا هەبوو، کە ئێستا سەرۆک بافڵ بە کردار سەلماندوویەتی لێپرسینەوە و بەدواداچوون لە سەرجەم پرسە هەنووکەییەکانی حزب و کۆمەڵگەدا دەکات.
 ئەو هەنگاوانەی سەرۆک بافڵ و راسپاردەکانی دیدار و پەسندکردنی لە ئەرزی واقیعدا لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە، رەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لەناو کۆمەڵگەدا، بەڕاستی دڵی کادر و جەماوەر و لایەنگران و هەوادارانی یەکێتی خۆشکرد، کە لە رابردوودا بەڵێنیان بەکادر و سەرجەم چین و توێژە ئەکادیمی و مەعریفەکان دابوو، هەنگاوی ئەرێنی بۆ چاکسازی و رێکسازی لەسەرجەم جومگە و سێکتەرەکانی حزب و حکومەت دەنێن.
 ئێستا ئەم حزبە سۆسیال دیموکراتە هەنگاوەکانی بۆتە ئومێدی گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کادر و جەماوەر و لایەنگرانی یەکێتی، کە هەموو ئومێدێکیان لەسەر هەڵچنیوە، کە ئەمەش یەکەم بژاردەی سەرکەوتن و گەیشتنە بە ئامانج و ئایدیاکان، لەو دیدەوە یەکێتییەکان سەربەرزن و شانازی دەکەین کە بەردەوامین و بەردەوام دەبین لەسەر رێبازه پیرۆزەکەی مام.
 لەو سۆنگەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و کاک قوباد سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی، هەمیشە لەگەڵ ئازار و ناخۆشیەکانی میللەتەکەیاندا بوون، ئامانجی دیدار و پەسندکردنی راسپاردەکانی دیداریش بۆ هاتنەدی خەونەکانی کادر و لایەنگرانی یەکێتی بوو. بەڵام ئێستا هەنگاوی ئەرێنی دیکە ماون بۆ خزمەتکردنی زیاتری تاک و کۆمەڵگە، چونکە کێشە و گرفت هەیە، سەرۆک بافڵ بەم هەنگاوانەی یەکێتی دەخاتەوە سەر رێچکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکان. 
لەلایەکی ترەوە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران باشترین هەنگاوە، قۆرخکاری و پاشاگەردانی رابردوو سیمایەکی ناشیرینی خوڵقاندبوو، ئێستا کۆت و بەندەکان شکان، دەستبردن بۆ گەندەڵی و ناعەدالەتی بە ناوی پلەو پایە نەوەکو بڤەیە بەڵکو دەبێتە فۆبیا بۆمان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی یەکەبەیەکەی تاک و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە بۆ ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ. 
یەکێتی دیاری و ئەمانەتی مام جەلالە، پاراستنی ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقییە لەسەرشانی یەکە بە یەکەی کادر و جەماوەر و لایەنگرانی ئەو حزبە نوێخوازە، تا دەیگەیەنینە کەناری ئارامی و ئاسودەیی و یەکێتی ناو یەکێتی وەکو بیلبیلەی چاومان بیپارێزین .

وتارەکانی نوسەر