لێکەوتە نەرێنییەکانی دۆخی سیاسی عیراق

09:59 - 2022-09-04
عەتا تەها
713 خوێندراوەتەوە

وەک دەزانین عیراق لە دۆخێکی ناهەمواردایە و هێز و لایەنە سیاسییەکان لەبری سازان ناکۆکییەکان قووڵتر دەبن و بە ئاراستەی لە یەکترازان دەڕۆن. 
دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ  خۆپیشاندان و توندوتیژی، هەرئەوەش هۆکاری بەریەککەوتنی هێز و لایەنە سیاسییەکانە چ لەناو حکومەت و چ لە دەرەوەی حکومەت.
سەرەتای دروستبوونی ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و دژوارە دەگەڕێتەوە بۆ دوایین هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی رابردوو، کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق هاتەکایەوە، بە جۆرێک کە تا ئەم ساتەوەختەش هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق نەگەیشتوونەتە سازانن.
بێگومان هۆکارەکان زۆر و جۆراوجۆرن  لە ناوخۆی وڵات و کاریگەری هەژموونی دەرەکیشی بەسەرەوەیە، لێکەوتە و هۆکارە سەرەکییە نەرێنیەکانیش فرە رەهەندن یەک لەوانە بریتییە لەشڵەژانی باری دەروونی تاک و کۆمەڵگە کە ئەمە بۆ خۆی کاریگەری لەسەر تەندروستی تاک هەیە و وا دەکات سترێس و دڵەڕاوکێ لەدڵی خەڵکدا بچێنێت، دواجار ئەمەش دیسان هۆکاری کوشتنێکی لەسەرخۆ و درێژخایەنە.
 لە لایەکی ترەوە هۆکاری لاوازبوونی بۆنە کۆمەڵاییەتییەکان و لەیەکترازانی نێوان هۆز و تاکەکانی کۆمەڵگەیە و لەوێشەوە بۆ لەدەستدانی متمانەی نێوان مەزهەب و تایەفە و حزب و حکومەت. خاڵێکی نەرێنی تری بەردەوامی ئەو بارودۆخە ئەوەیە بۆشایی ئەمنی و سەربازی دروست دەکات، کە ئەمەش دوورنییە زیاتر دەرفەت بە نەیاران و ناحەزانی گەلی عیراق بدات  بۆ جمووجۆڵ و چالاکی کردەوە تیرۆرستییەکانیان، هاوکات زەرەر و زیانێکی زۆریش بە بواری ئابووری دەگەیەنێت لە چەند رەهەندێکی جیاوازەوە.
عیراق خاوەنی سامانێکی زۆری یەدەگی نەوتی ژێر زەوییە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رێژەییەکی زۆر نەوت هەناردە دەکات، جا بەردەوامی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بێگومان مەترسی گەورە دەکەوێتە سەر ئەم پڕۆسەیە.
لەدەستدانی متمانەی کۆمپانیا زەبەلاح و گەورەکانی جیهان بەدوایدا دێت لەوانەی کاری دەرهێنان و هەناردەکردن دەکەن، چونکە ئەگەر ئاسایشی نیشتمانی و ئارامی تێکبچێت، ئەوا ئامادەنین لەباردۆخێکی ناسەقامگیردا کاربکەن.
خودی کێڵگە نەوتیەکانیش دەکەوێتە مەترسی و بەر هەڕەشەی تیرۆر.
ئەگەر بارودۆخی ئەمنی سەقامگیر و گونجاو نەبێت، ئەوا ئەوکات کڕین و فرۆشتنی کاڵا و بازاڕ و بازرگانییەکان پاشەکشە دەکەن. 
هەموو سێکتەرە ئابوورییەکان تووشی مت بوون و وەستان دەبن، بەمەش جووڵەی بازرگانی تەواو کەمدەکات و خواست نزم دەبێت و سەردەکێشت بۆ ئیفلاسکردنی بەشێک لە کۆمپانیاکان، دەرئەنجام وڵات لەبری پێشکەوتن بەرەو پاشەکشە دەڕوات.

وتارەکانی نوسەر