پەشمەک

ژنانی براوە

10:00 - 2022-09-04
ڤینۆس فایەق
477 خوێندراوەتەوە

66

تۆ بڵێی هەر بەتەنها بێمتمانەیی ناوەندی ئەدەبیی جیهانی بەتایبەت لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی خەڵاتە ئەدەبیەکان بێت لە ئاستبەرزیی بەرهەمی ئەدەبیی ژنان کە هەتا ئێستا بەشداری وخەڵاتکرنی ژنان کەمە؟ خەڵاتێکی جیهانیی وەکو بوکەری نێودەوڵەتی کە هەتا ئێستا زیاتر بە رۆماننووسە پیاوەکان بەخشراوە، یەکەمجارە ئەمساڵ ژنێک وەریدەگرێت کە «جیتانجالی شێری»ی هیندیە بۆ رۆمانی «گۆڕی لم» کە وەرگێڕدراوە بۆ ئینگلیزی، ئەوەش دووجار دەسکەوتە، یەکەم وەکو ژن ودووەم وەکو هیند کە یەکەمجارە بەشداری دەکات. هەڵبەت سەلمان روشدی دوو جار وەکو بەریتانی ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە و رۆمانەکانی وەرگێڕدراونین. لەگەڵ گەورەیی ئەو خەڵاتەدا، بەڵام چیرۆکی رۆمانەکە مقۆمقۆیەکی زۆری نایەوە هەتا گەیشتە هەڵوەشاندنەوەی مەراسیمی ئیمزاکردنەکەی لە هیند بە پاساوی ئەوەی لە رۆمانەکەدا سووکایەتی بەهەستی هیندۆسەکان کراوە. بەڵام ئەوە باسەکە نییە. باسەکە خەڵاتەکەیە کە بەهەموو پێوەرەکان دەسکەوتە بۆ ئەو خانمە. 
واسینی ئەلئەعرەجی رۆماننووسی جەزائیری، خاوەنی خەڵاتی کەتارا لەسەر رۆمانی (مەملەکەتی پەپوولەکان) لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکانەوە دەڵێ: «ئەوەی هانم دەدات بنووسم خەونی وەرگرتنی خەڵات نییە، بەڵکو شتێک لە قووڵاییمدایە دەبێت بینووسمەوە. زۆرن ئەوانەی خەڵات وەردەگرن دوای ئەوە وەکو نووسەر دەمرن، چونکە دوای خەڵاتەکە خۆیان لا دەبێتە شتێکی نائاسایی».
بە دیوێکیدا هاوڕایم، رۆماننووسین زۆر لەوە گەورەترە گرەوی خەڵاتی لەسەر بکەیت کە خۆشییەکەی دوای چرکەساتی خەڵاتەکردنەکە کۆتاییدێت، بەڵام لە حاڵەتی «جیتانجالی شێری»دا دیوێکی تری تیادا دەبینم، چونکە هەر ئەمساڵ بۆ ئەو خەڵاتە یەکەمجارە پێنج رۆماننووسی ژن لە چەند وڵاتێکی جیهانەوە لەگەڵ تەنها رۆماننووسێکی پیاو کە نەرویجی بوو لەسەر لیستی کورتی خەڵاتەکە کاندید کرابوون، کە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی نوێی خەڵاتەکەیە بۆ گێڕانەوەی متمانە بە ژنی داهێنەر لە بواری ئەدەبدا. 
دیوێک لەمجۆرە خەڵاتانەدا ناکرێ نکوڵی لێبکەین، وەک کە رۆماننووسێکی بەڕەگەز کوردی وەکو یەشار کەمال چەندین خەڵاتی رێزلێنانی جیهانی پێدەبەخشرێ و چەندجارێک کاندیدی خەڵاتی نۆبڵ دەبێت وجارێکیش دەگاتە دوا لیست و یەکێک دەبێت لە چوار رۆماننووس، کە لە دوا پێشبڕکێدا مانەوە، رەنگە خۆشی هەموو ئەمانە بۆ یەشار کەمال تەنها رۆژێکی خایاندبێت، بەڵام بۆ تەواوی گەلێکی بێ ناونیشانی وەکو کورد شانازییەکی گەورەیە کە لە مێژووی ئەدەبیاتی میللەتەکەیدا تۆمار دەبێت. 
دواجار بەشداربوون لە خەڵاتێکی جیهانیی لەوجۆرە پلە وپایەیەک نییە بە تەزکیەی حزبی وپاڵپشتیکردنی پیاوان ژنان ببرێنە پێشەوە ومەحسوبیەت ومەنسوبیەت رۆڵی تیادا بگێڕێت و حزب وراگەیاندنی حزبی کۆنترۆڵی بکات، بەڵکو پرسێکە تەواو پەیوەستە بە ئاستی دەق و بەهای ئەدەبیی شاکارەکەوە کە پێویستیی بە لیژنەیەکی پڕۆفیشناڵ وبێلایەنە. لە راستیدا لە وڵاتێکدا کە لیژنەکانی فێستیڤاڵ وخەڵاتەکان یان میدیاکاران کە رەنگە بەرهەمەکەشیان نەخوێندبێتەوە و لە پشتەوە ئاڕاستەدەکرێن، یان تەنانەت دەزاگاکانی چاپ وبڵاوکردنەوە، هیچی ئەمانە نین بتوانن بەرهەمێک دوور لە بنەما و پێوەرەکانی داهێنان هەڵسەنگێنن، بەڵکو ئەوە خوێنەری ئاسایی راستەقینەیە کە لەدەمی خۆی دەگرێتەوە بۆ ئەوەی کتێبێک بکڕێت، ئەوە ئەو خەڵاتەیە کە لە کۆتاییدا نووسەر دەبێت گرەوی لەسەر بکات. 

وتارەکانی نوسەر