پەروەردەی تایبەت بۆ کێیە؟

10:10 - 2022-09-06
هاوژین عەبدولواحید
2574 خوێندراوەتەوە

کاتێک باس لە پەروەردەی تایبەت دەکەین  بیرمان بەلای کۆمەڵێک پرسیاردا دەچێت:
٭کێن ئەوانەی پێویستیان بەم جۆرە پەروەردەیە هەیە؟
٭ئەم پەروەردەیە لەناو خێزانە یان دەرەوەی خێزان؟
٭چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بکەین کە پێویستیان بەم جۆرە پەروەردەیەیە؟
٭ئامانج چییە لە پەروەردەی تایبەت؟
پەروەردەی تایبەت ئەو جۆرە پەروەردەیەیە کە جیاوازە لە هەر پەروەردەیەکی تری منداڵی ئاسایی، بەشێوازێکی جیاواز و گرنگی پێدانێکی تایبەت دەستپێدەکات، منداڵ فێری بەرنامە و  پڕۆگرامە جۆراو جۆرەکانی ژیان دەکات.
بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت یاخود ئەو منداڵانەی گەشەی ژیریان دواکەوتووە لەچاو گەشەی جەستەییاندا. 
لێرەدا ئەرکی  دایک و باوک هەر لەگەڵ هەستکردنیان بە رەفتاری نامۆی منداڵەکانیان  پشتگوێی نەخەن و هەوڵی چارەسەربدەن و گرنگی تایبەتیان پێبدەن.

نموونەیەک
لێرەدا نموونەیەکی زیندووی خێزنێک دەهێنینەوە، کە دایکێک لەبەر کەمتەرخەمی و ئاسوودەیی خۆی نەیتوانیوە گرنگییەکی تایبەت بەکچەکەی خۆی بدات. 
لارێ، کچێکی جوان و شیرینە تەمەنی یانزە ساڵە، پوری باسی ژیانی بۆ کردین وتی براکەم خاوەنی سێ منداڵە، یەکەم و سێیەم منداڵی ئاسایین، بەڵام لارێ منداڵێکی نائاسایی بوو،  ئێمە زوو هەستمان پێی کرد و چەندین جار دایکیمان ئاگادار کردەوە کە ئەم منداڵە جیاوازە، زیاتر گرنگی پێبدە و هەوڵی زیاتری لەگەڵ بدە، بەڵام ئەو کەمتەرخەم بوو، گرنگی پێ نەداو لەپێناو ئاسوودەیی خۆیدا ئالوودەی تیڤی و ئایپاد و مۆبایلی کردبوو تەنها بۆئەوەی لەگۆشەیەک دانیشێت و زۆر نەجووڵێ،  بەڕادەیەک لەبری ئەوەی بەرەو باشتربوون بچێت رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبوو.
وەک دایکێکی میهرەبان بەسۆزەوە سەیری نەدەکرد بەشێوەیەک بیری دەکردەوە کە کچەکەی خۆشی ژیانی لێ تێکداوە، هەستی بە بەرپرسیارێتی نەکرد بەرامبەری و  تا لەکۆتاییدا بڕیاری جیابوونەوەیدا و وتی ئیتر توانای بەرگەگرتنم نییە و ناتوانم ئەو منداڵە بەخێو بکەم لەکاتێکدا دایکی راستەقینەی خۆی بوو، دوای ماوەیەک براکەم ژنی هێنایەوە ئێستاکە ژیانی لارێ بەجۆرێک گۆڕاوە کە خەریکە نەناسرێتەوە، ئەم باوەژنەی بەجۆرێک  سیستەمی ژیانی گۆڕی و جوانتریکرد کە هەموومانی تووشی شۆک کرد بەرنامەیەکی تایبەتی دانا بۆ سیستمی خەوی خۆراکی رەفتار و جووڵەی بەهەماهەنگی لەگەڵ سەنتەرەکان لارێ خەریکە رەفتار و تەرکیزی کۆنترۆڵ دەکرێتەوە ئێستا لارێ لە ژووری تایبەتی خۆیەتی و لەگەڵ خوشکەکانی  تێکەڵبووە و له تاکڕەفتاری نامۆی دەرچووە ئەو پەروەردە و گرنگی پێدانە تایبەتە بووە فریادڕەسی ژیانی لارێ.
ئەم نموونەیە بۆمان رونەکاتەوە دایک چ رۆڵێکی گرنگی هەیە لە گۆڕین و کۆنترۆڵکردنی رەفتاری منداڵەکەی لەگەڵ تەرخانکردنی کاتی پێویست بۆی هەروەها راوێژکردن بەکەسی شارەزا و پسپۆڕ.
تەنها خێزان بەس نییە بۆ ئەم جۆر پەروەردەیە و بۆ گێڕانەوەی تەرکیزی منداڵ ئەمڕۆ سەنتەرەکان رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە گەشەپێدان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.
بەئامانجی ئەوەی ئەم منداڵانەش ببنەوە بەتاکێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە و لە خوێندن و گەشەی مەعریفی دوانەکەون.

چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ ئەم منداڵانە؟
٭
گرنگترین شت بەرگەگرتنیانە و نەرمی رەفتارە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا.
٭غافڵ نەبوونە لێیان بۆ کەمێکیش بێت هەمیشە چاودێری وردیان پێویستە.
٭دووریان بخەینەوە لە ئالوودەبوونی تیڤی و ئایپاد و مۆبایل.
٭تێکەڵی منداڵانی تری بکەین با یاری بەکۆمەڵ بکەن و لە نزیک و دوور چاودێریان بکەین.
٭پشت به راوێژکار و پزیشکی دەروونی ببەستین بۆ فێربوونی چاودێریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیان.
٭بەرنامەی تایبەتیان بۆدانێن با  هەڵسوکەوێکی هەڕەمەکی نەنوێنن.
٭زۆر دووبارە کردنەوەی هەرشتێک کە دەمانەوێت فێریان بکەین لە رۆژێکدا.
٭هەوڵبدەین ئەو کاتانەی قسەیان بۆ دەکەین تەرکیزیان لای ئێمە بێت و سەیری چاومان بکەن.
٭فێری بکەین بەشێک لە کارەکانی رۆژانەی پشت بەخۆی ببەستێت وەک خۆگۆڕین، پێڵاو لەپێ کردن، ددان شۆردن، دەست شۆردن، 
٭بەزمانێکی پاراو قسەیان لەگەڵ بکەین، زمانی دایک وشەکانی ئەو بەکار نەهێنینەوە کاتێک کە هیچ واتایەک نادەن، هەوڵ بدەین وشە هەڵەکانی بۆ راست بکەینەوە.

بەپەروەردەی تایبەت منداڵەکان دەکرێنە کەسانی ژیر

 

وتارەکانی نوسەر