بەردەوامی هەوڵەکان بۆ چاکسازی

10:25 - 2022-09-06
هەستیار مارف ئاغا
474 خوێندراوەتەوە

 چاکسازی و چاککردنەوەی چەوتی و کەموکووڕییەکان، سەرەڕای بوونی بەهای ئایینی، رەهەندی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەریشی هەیە. چاکسازی ماناکەی ئەوەندە جوانە، هەموو کەس حەز بە بیستنی دەکات، زایەڵەیەکە رووناکی دێنێت و تاریکی و نەزانین دەڕەوێنێتەوە.
هەر بە ناوهێنانی چاکسازی و هەنگاونان بۆی، دیاردەی دێزی گەندەڵی نامێنێت و ناتوانێت چیتر بەردەوامبێت. 
کەسی چاکساز گەندەڵ نییە، چاکسازییش بە گەندەڵکار ناکرێت. 
بەرنامە و دروشمی چاکسازی هەرکەس بەرزی کاتەوە، مانای ئازایەتی و خۆنەویستی و نەترسانە لە دەرەنجام، چونکە چاکسازی بۆ هێنانی چاکە و بەرەنگاربوونەوەی هێزی گەندەڵی دەکرێت، چاکسازی بۆ لێدان و پووچەڵکردنەوەی فێڵ و تەڵەکەی گەندەڵکاران دادەنرێت.
 ئەگەر دروشمی چاکسازی جێبەجێبکرێت، بکەری چاکساز سەرەڕای ئاسوودەبوونی ویژدانی خۆی، پایەی بەرزدەبێت و لە کۆمەڵگەدا ستایشدەکرێت، هەتا هەتایە ناو و ناوبانگی بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە، کەس ناتوانێت رۆژێک لە رۆژان بە خراپە ناوی ببات. 
کوڕانی مام، لەسەر بنجی خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال روواونەتەوە و هەڵگری مەشخەڵی چاکسازین، چاکسازی ئەمڕۆ شۆڕشە، ئەو شۆڕشە نوێیەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپایکرد بۆ ئازادی کۆمەڵانی خەڵک و ئازادکردنی خاک و نیشتمان.
 هەرزوو سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە بڕیاری قەدەغەکردنی ناونیشان و پلەوپۆستی حزبی بۆ وەرگرتنی بەرژەوەندی کەسی، هەنگاوی گەورەی نا بۆ چاکسازی و ئەم بڕیارە بوو بە قەلغانێکی پتەو بۆ داکۆکیکردن لە کارمەند و بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی حکومەت لە سلێمانی تاوەکو بە ئازادی و بە باشترین جۆر فەرمانەکانی خۆیان پیادەبکەن و کەس نەتوانێت رێگریان بێت، ئەم بڕیارە گەورەترین خزمەت بە دامودەزگاکانی حکومەت دەکات و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان هاندەدات بۆ نەترسان و نەسڵەمینەوە لە بڕیاردان. 
هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، وەک بەرنامەی لە پێشینەی خۆی لە حکومەتدا، هەمیشە داکۆکیکار بووە لە جێبەجێکردنی چاکسازی و شەفافیەت و بەدواداچوون بۆ کاروباری هاووڵاتیان و کەمکردنەوە و نەهێشتنی رۆتین لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا، دایم و دێرم، گفتوگۆ و لێدوان و سیمینار دەکات لەگەڵ پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی بواری I.T لەسەر بە دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت و نە‌هێشتنی نووسراوی دەستی و کاغەز و کتاب لە دامودەزگاکاندا و گۆڕینیان بۆ فایلی ئەلیکترۆنی، تاوەکو سیستمی کارگێڕی بە مۆدێرن بکرێت و داتاو زانیارییەکان ببن بە ئەلیکترۆنی و هەڵگرتن و بەکارهێنانیان ئاسان بێت و هاووڵاتیان بەگشتی مامەڵەکانیان خێرا بێت. 
ئەوەی لەسەرشانی کاربەدەستانی حزب و نوێنەرەکانمان لە حکومەتدا بووە، کراوە، بۆیە دەبێت بۆ لەمەودوا لە هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا، حزب هاوکاری حکومەت بێت و بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی پلە و پۆست بۆ مەرامی کەسی، بە وێنەی سلێمانی بکرێت. 

 ئەگەر دروشمی چاکسازی جێبەجێبکرێت، بکەری چاکساز سەرەڕای ئاسوودەبوونی ویژدانی خۆی، پایەی بەرزدەبێت و لە کۆمەڵگەدا ستایش دەکرێت

وتارەکانی نوسەر