ئه‌ردۆغان له مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی نوێژ ده‌كات؟
له‌م دواییانه‌دا مه‌ولود چاوش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاشكرای كرد، له دیدارێكی وڵاتانی بێلایه‌ندا كه له به‌له‌گرادی پایته‌ختی سربیا به‌ڕێوه‌چووه، دیدارێكی كورتی له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لمیقداد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریادا هه‌بووه، ئه‌م زانیارییه‌ی له په‌راوێزی كۆنگره‌ی 13 -یەمی باڵیۆزانی توركیا ئاشكراكرد كه له ئه‌نقه‌ره به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه دوای ئه‌وه دێت كه روسیا داوای له توركیا كردبوو په‌یوه‌ندیی بكات به حکومەتی دیمەشقەوە و دیدارێك له نێوان ئه‌ردۆغان و ئه‌سه‌د دا رێك بخرێت، ئه‌مه‌ش ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و سه‌ربازیی سوریای ناچاركرد هه‌ڵوه‌سته بكه‌ن، چونكه ئه‌وان له 2011وه هاوپەیمانی ئه‌نقه‌ره-ن، به دروستبوونی په‌یوه‌ندیی له نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شقدا، ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌وێته به‌ر سێره‌ی تفه‌نگی سوپای سوریا، یان له باشترین دۆخدا ده‌چنه‌وه ژێر باڵی دیمەشق، كه به كه‌یفی خۆی مه‌رجیان بۆ داده‌نێت.
ئه‌و ناوچانه‌ی سوریا كه له‌لایه‌ن توركیاوه داگیركراون و خۆیان به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن، داوایان له توركیا كرد له‌گه‌ڵ حکومەتی سوریادا ئاشت نه‌بێته‌وه، به خه‌یاڵی خۆیان توركیا گوێیان لێ ده‌گرێت، له راستیدا ئه‌وانه به ته‌واوی چوونه‌ته باوه‌شی توركیاوه كه مافی خۆیه‌تی چۆن و بۆ كوێیان فڕێ ده‌دات، ئه‌وان كه هه‌میشه به خواستی ئه‌نقه‌ره جووڵاونه‌ته‌وه كاتێك خاكه‌كه‌یان له جه‌رابلوس و ئه‌لباب و ئه‌عزاز و مارع داگیركرا، پیرۆزباییان له ئەنقەرە كرد.
ئاشتبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا له‌لایه‌ك و دیمه‌شق و ئەنقەرە‌ش له‌لایه‌كی دیكه‌وه، پێویستی به گۆڕانكاریی و سه‌راوبنكردنی زۆرێك له هاوسه‌نگییه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانه، چونكه دیمەشق توركیا به تاوانباری سه‌ره‌كی ده‌زانێت له قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی سوریادا، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی تورکیا باوه‌شی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا كرده‌وه و له رووی دارایی و لۆجستی و سه‌ربازیشه‌وه پشتیوانیی لێ‌كردن و یارمه‌تی پێشكه‌ش كردن، ئەنقەرە‌ش سوریا به‌وه تۆمەتبار ده‌كات كه به ئاگرو ئاسن وه‌ڵامی ئۆپۆزسیۆن ده‌داته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، سازانی ئه‌سه‌د و ئه‌ردۆغان پێویستی به ته‌بایی و چه‌ند پێوه‌رێكی دیكه‌ش هه‌یه، واته پێوه‌ری سیكولاریزم كه دیمه‌شق په‌یڕه‌وی ده‌كات، له‌گه‌ڵ پێوه‌ری ئایینی كه ئەنقەرە ناڕاستەوخۆ په‌یڕه‌وی ده‌كات، كه‌واته ئه‌گه‌ر توركیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و حکومەتی دیمەشقیش بیانه‌وێت ئاشت ببنه‌وه، به‌ڵام ئارامی و چاره‌سه‌ری سیاسی له ناوچه‌كه به‌دی نایه‌ت، چونكه پێوه‌ره‌كانیان یه‌ك نین.
له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریاوه، توركیا دۆسێی ئەو وڵاته‌ی گرته ده‌ست و ئاواره‌كانی په‌نا دا‌و دواتریش كردنییه چه‌كداری به‌كرێگیراوی خۆی، پاشان هه‌ندێك له لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی ئیسلامی چوارچێوه‌یه‌كیان بۆ داڕێژرا به ناوی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی، كه به دڵی توركیا بوو، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی گه‌لانی سوریاوه بێزراو و چاره‌گرانه، بۆیه تائێستا نه‌گه‌یشتوون به‌هیچ چاره‌سه‌رێكی سیاسی و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئاگری شه‌ڕ له‌زۆر ناوچه‌ی سوریادا خۆش كرا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایانگەیاند کە چەندین گروپی چه‌كداری دژ بە سوریا له توركیاوه ئاودیوی ئەو وڵاتە كراون.
كاتی خۆی ئه‌ردۆغان رایگه‌یاندبوو، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌چێت له مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی له دیمه‌شق نوێژ ده‌كات، كه مه‌به‌ستی له‌وه‌بوو حکومەتی دیمەشق بەزوویی ده‌ڕووخێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ئه‌م دواییه، ره‌نگه ئه‌ردۆغان بچێت بۆ مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی، بەڵام لەوێ لەگەڵ بەشار ئەسەددا نوێژ بكات.