ئاگرەکە بێ ئەوان ناکوژێتەوە

10:14 - 2022-09-08
هیوا محەمەد
433 خوێندراوەتەوە

یەکبێژ

لەچەند رۆژی رابردوودا دۆخێکی نەخوازراوی مەترسیدار باڵی بەسەر بەغدا و شارەکانی دیکەدا کێشا، خەڵکی خستە دڵەڕاوکێ و نائارامییەوە، زۆرێک ماڵەکانیان بەجێهێشت و روویان لە شارەکانی هەرێم کرد، ئێران گەشتەکانی بۆ عیراق راگرت، کوەیت داوای لە هاووڵاتیانی کرد عیراق جێبهێڵن، سەفارەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا خرانە ژێر ئینزارەوە، کۆشکی سپی هوشداریی دا لە تێکچوونی دۆخەکە.
هێزی چەکدار کەوتە ناو خۆپیشاندەران و جۆرێک لە یاخیبوونی چەکداری دروست بوو، ئەگەرچی لەسەر داوای موقتەدا سەدر، ئەو خۆپیشاندەرانە ماوەی مانگێک دەبوو لە ناوچەی سەوزدا مابوونەوە، بەڵام دوابەدوای راگەیاندنی سەدر بە کشانەوەی لە کایە سیاسییەکان و مانگرتن لە خواردن لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سۆزی ئەو خەڵکە زیاتر بەرەو سەر هەڵکشا و خراپتر لەمەشی لێکەوتەوە.
پێدەچێت سەدر ویستبێتی لە رێگەی جۆرێک لە یاخیبوونی مەدەنییەوە، گوشار بخاتە سەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەجێهنانی خواستەکانیان، بەڵام هەروەک خۆی وتی شۆڕشە مەدەنییەکەی بوو بە پێکدادان لە نێوان خۆیاندا وەک دوو لایەنی شیعی، ئیتر داوای کشانەوەیانی کرد و لۆمەی خۆشی و هەوادارەکانیشی کرد.
باجی ئەم بگرەوبەردەیە ژمارەیەک قوربانی و گەیاندنی زیانێکی زۆری مادی بوو، کەچی هێشتا وەک بەغدا نە بای دی بێ و نە بۆران، باس لە کەی و چۆن بەستنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، بێ ئەوەی لایەنێک داوای سزادانی ئەوانە بکات کە بە چەکی قورس هێرشیان دەکردە سەر دامودەزگا حکومییەکان.
ئەمە زیاتر عیراق بەرەو وڵاتێک دەبات کە تێیدا یاسا پێشێل دەکرێت و لایەنێک بە کۆمەڵێک چەکدارەوە( کە لەم جۆرەمان زۆرن) دەتوانێت رۆڵی هێزە ئەمنییەکان نادیدەبگرێت و کۆنتڕۆڵی هەر گردبوونەوەیەک بکات ئەگەر بیەوێت. 
پێویستە لەسەر لایەنە ناکۆکەکان، ئەو گروپانەی چەکیان بەکارهێناوە سزایان بدەن، دەنا ئەمڕۆ لەوان سبەینێ لەوانی دیکە دەبێت، پێویستە بەهەر جۆرێک بێت ئەو گروپانە ببەستن بە حکومەتەوە و بە فەرمانی ئەوان بجوڵێنەوە، تاوانە هەر حزب و لایەنێک چەکداری تایبەتی خۆی هەبێت و هێزە ئەمنییە رەسمییەکانی وڵات نەتوانن پێشیان پێبگرن.
سیاسییەکانی عیراق، دەزانن چی روودەدات، بەڵام پێشی پێناگرن، کاتێکیش لەدەست کۆنتڕۆڵ دەردەچێت دێن و هانا بۆ یەک دەبەن و باس لە پاراستنی ریزەکانیان دەکەن، دەڵێن با دەستمان سوور نەبێت بە خوێنی یەکتر!
کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر داوای مستەفا کازمی، هیچ بەرهەمێکی باشی نابێت، چونکە لایەنی سەرەکی کێشەکان کە سەدرییەکانە، بەشدارییان تێدا نەکردووە و هێشتا مەترسیی جووڵاندنی شەقامیان هەیە.
ئەگەر ئەمڕۆ ئەوان ئەمان پەسەند نەکەن، سبەینێ ئەوانیش دان بەماندا نانێن، بەم هەموو چەکەشەوە کە لەدەستی لایەنە ناکۆکەکاندایە، دەکرێت تاکی عیراقی ئومێدی بە دوارۆژێکی سەقامگیر و ژیانێکی مسۆگەر نەبێت بەتایبەتی لە بەغدای پایتەخت.
کۆبوونەوەکان بەردەوامن، تا رێکەون لەسەر ئەوەی رێنەکەون! دەنا دەبوا کۆتایی بەم دۆخە چەقبەستووییە بهاتبایە، ئەگەر بە پێی لێدوانی هەریەک لە کەسایەتییە ناکۆکەکان بوایە کە لە پێشبڕکێی پەرۆشیدان بۆ خەڵک و خاکی عیراق. 

وتارەکانی نوسەر