پیرۆزیی مامۆستا

09:43 - 2022-10-02
رۆزا دڵشاد مەریوانی
645 خوێندراوەتەوە

لە دوای دەستپێکردنی قەیرانە ئابوورییەکان و دواکەوتن و پاشەکەوتکردن و کەمکردنەوەی مووچە زۆرێک لەو بابەت و کەسانەی بە سیمبول دادەنران و پیرۆزیی خۆیان هەبوو شێوێنران یان کاریگەرییان لەبیر کرا، یەکێک لەوانەش پیرۆزیی مامۆستایە، نەوەی ئێمە لەسەر پیرۆزیی و گرنگی و کاریگەری مامۆستا پەروەردە بووین، بەڵام بەداخەوە زۆرجار دەبینین زۆریی قەیرانەکان وایانکردووە چ ئێمە و چ مامۆستایان خۆیان گرنگی و پیرۆزیی ئەو پیشەیەیان لەبیربکەن بەوەی چەندە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هەر کەسێک هەیە وانەی پێدەڵێنەوە بەتایبەتی مامۆستای قۆناغی سەرەتایی، چونکە هەستیارترین قۆناغە لە ژیانی مرۆڤدا و پێویستی بەوەیە لەسەر دەستی مامۆستاکانیشی فێری ئەو رەوشت و وانانە بێت کە بۆ ژیان گرنگن، رەنگە زۆرێک لە مامۆستایان نەزانن چەندە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خوێندکارەکانیان هەیە و چۆن دەتوانن بە وشە یان رەفتارێک ژیانی خوێندکارێک بۆ ئەبەد بەرەو باشتر بگۆڕن یان وێرانی بکەن.
بە داخەوە زۆربەمان لە هەر سەردەمێکدا بووبێت بە ئێستاشەوە ئەو مامۆستایەمان هەبووە وامان لێبکات نەک هەر بێزاربین و بترسین لەو وانەیە، بەڵکو بێزاربین لەو ساتانەشی تێیدا ئەو وانەی پێوتوین و چەندە گرێی لە دڵ و دەروونماندا جێهێشتووە و چەندین ساڵمان ویستووە تاوەکو تێیپەڕێنین، بەڵام خۆشبەختانە هەمیشە لە بەرامبەردا ئەو مامۆستایەی وشەی پیرۆزی پیشەکەی پاراستووە دێت و ژیانی خوێندکارەکانی باشتر دەکات و ئەو کاریگەرییە باشەی بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە، لە ماوەی پێشوودا لە بۆنەیەکدا ئەو مامۆستا بەڕێزەی لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی کردم چاوم پێی کەوت، بەڕاستی بە بینینی و ئەو چەند وشەیەی گۆڕیمانەوە دڵ و چاوم روون بۆوە، چونکە ئەو مامۆستایە بوو وایلێکردم حەزم لە وانەی کوردی بێت کاتێک بەقسە خۆشەکانی و دەباشیرە رەنگاو رەنگەکانی حەزمانی بۆ وانەکە زیاتر دەکرد، مامۆستایەکی خۆشەویستی وەکو ئەو دەبێت کاریگەرyی باشی لەسەر چەند نەوە جێهێشتبێت؟ بۆیە هیوادارم لەم سەردەمەدا لەگەڵ زۆریی قەیرانەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پیرۆزیی مامۆستا، مامۆستایان لەبیری نەکەن و بزانن ئەو ئەرکەی لەسەر شانیانە زۆر قورسە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی یەکە بە یەکەی هەر خوێندکارێک هەیە وانەی پێدەڵێن، هەروەها خۆیان بڕیاردەربن بەوەی پارێزگاریی لە ناوی پیرۆزیی پیشەکەیان دەکەن و وادەکەن خوێندکارەکانیان عەشقیان بۆ خوێندن زیاتر بێت یان ژیان و ئەو وانەیەی پێیان دەڵێن لە بەرچاو تاریک و قورس بێت.  

وتارەکانی نوسەر