ئەمریكا یارییەكەی لە دژی توركیا هەڵگەڕاندەوە

09:42 - 2022-10-24
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
279 خوێندراوەتەوە

توركیا دەیویست گرفت بۆ رۆژئاوای كوردستان دروستبكات، كەچی ئێستا گرفت بۆ خۆی دروست بووە.
جموجۆڵەكانی توركیا بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ رژێمی سوریا و لێدوانی رەسمیی ئەردۆغان بۆ ئەگەری دیداری لەگەڵ بەشار ئەسەد، كێچی خستە كەوڵی ئەمریكا لە سوریا. پێناچێت بەبێ‌ كاردانەوە تێپەڕێت.
چەند مانگێكە باس لە گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەكرێت لەبارەی بارودۆخی سوریا، بۆ ئەم مەبەستە هاكان فیدان بەڕێوبەری دەزگای موخابەراتی توركیا سەردانی دیمەشقی كرد و لێپرسراوانی ئەو وڵاتەی بینی. 
هەروەك ئەردۆغان بەر لەچەند هەفتەی رابردوو رایگەیاند كە ئەو ئامادەیە چاوی بە بەشار ئەسەد بكەوێت لەسەمەرقەند. 
ئەم جموجۆڵ و لێدوانانە بەبێ هیوابوونی ئەردۆغان لە ئەمریكا و دژایەتی واشنتۆن لە سوریا لێكدرایەوە. بەوە لێكدرایەوە كە توركیا دەیەوێت لەڕێی روسیا و دیمەشقەوە گرفت بۆ رۆژئاوای كوردستان دروستبكات.
بەپێی ئەو جموجوڵانەی دەبینرێت، پێدەچێت روسەكان لە نزیک كردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە رۆڵی گرنگ ببینن. دەیانەوێت بە پێكهاتە یان تەشكیلەیەكی نوێی سیاسی لە ناوچەكە توركیا –سوریا گرفت بۆ ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان دروستبكەن، بەتایبەتی یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی توركیا بۆ هەر هەماهەنگیی و ئاساییكردنەوەیەك لەگەڵ دیمەشق، پەلاماردانی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەلایەن رژێمی سوریاوە لە خۆرهەڵاتی فورات.
لە سەروبەندی ئەم بارودۆخە نوێیەدا، ماوەی چەند رۆژێكە گروپی بەرەی تەحریری شام كە بە هاوكاریی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا لە 2017 پێكهێنرا و ژمارەیەك گروپی چەكداریی ئیسلامی توندڕەو لەخۆدەگرێت و دیارترینیان بەرەی نوسرەیە، پەلاماری عەفرین و جندرێس و چەند ناوچەیەكی دیكەیاندا و بەشێكیان كۆنترۆڵكردووە. 
ئەم بارودۆخە نوێیە ئاماژەی گۆڕانێكی جیاوازە لە ناوچەكە كە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی توركیا نییە، چونكە ئەو ناوچانەی ئێستا بەرەی تەحریری شام هێرشیان دەكاتە سەر لەلایەن گروپە توندڕەو و تیرۆرسیتییەكانی نزیك لە توركیاوە كۆنترۆڵ كراوە وەك عەفرین و دەوروبەری، ئەگەر بەرەی تەحریری شام بە تەواوی لەژێر چنگی ئەو گروپانەی دەربهێنێت، ئەوا توركیا لەو یارییە نوێیەدا زیانی پێدەگات. 
بەرەی تەحریری شام، ژمارەیەك گروپی توندڕەوی ئیسلامی لەخۆدەگرێت كە پێشتر گروپی قاعیدە بوون و دژی داعش وەستانەوە، ئەم گروپانە راستەوخۆ لە دژی ئەمریكا نین، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا، یاخود لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات رەتناكەنەوە، پێدەچێت وڵاتانی كەنداویش دوور و نزیك لە دژی توركیا هاوكارییەكیان بكەن.
ئەم یارییە نوێیەی ئەمریكا لەبەری خۆرئاوای فورات، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لەلایەن گروپەكانی توركیاوە هاوكارییان دەكات، توركیا دەخاتە بارودۆخێكی نوێوە، لەوانەیە بەشێك لەو ناوچانە لەدەست بدات كە بە زەبری هێز لەناو سوریادا داگیریكردن. 
هێشتا دیار نییە ئەنجامی ئەو جموجۆڵە نوێیەی ناوچەكە چی دەبێت. نازانرێت بەرەی تەحریری شام كە عەفرین و ناوچەكانی دیكەیان كۆنترۆڵكردووە، دەتوانن پارێزگاریی لێبكەن یان نا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ناوچەكە گرژیی نوێ‌ بەخۆیەوە دەبینێت کە لە بەرژەوەندیی توركیادا نییە. 
واتە توركیا دەیویست لەڕێی رێكەوتنەوە لەگەڵ دیمەشق گرفت و گرژی نوێ‌ بخاتە خۆرهەڵاتی فوراتەوە واتە ئەو ناوچانەی لەژێر ركێفی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، بەڵام ئەمریكا ئەم یارییەی هەڵگەڕاندەوە و گرژی و ئاڵۆزیی خستە ئەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی توركیادان لەناو خاكی سوریادا.

(ئەحراری شام) چرای سەوزی چوونە ناو عەفرینیان بۆ هەڵکرا

وتارەکانی نوسەر