لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی مادەی هۆشبەر

09:19 - 2022-10-25
عەتا تەها
461 خوێندراوەتەوە

مادەی هۆشبەر چەندین جۆری هەیە، بەشێک لەو مادانە لە کاری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێن بەبڕی پێویست و جیاواز، هەڵبەتە بە مەبەستی چارەسەر و پاراستنی تەندروستی مرۆڤ بە رەچاوکردن و گونجاندنی لەگەڵ کەسی نەخۆش و لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ، بەڵام ئەوەی کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین، تەواو پێچەوانەی بواری پزیشکی و خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە ئەویش کە خۆی لە بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانەدا دەبینێتەوە لە دەرەوەی چاودێریی پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت. 
بەپێی هەموو ئەو ئامار و داتایانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و میدیاکان دەیخەنەڕوو، ئەوەمان پێدەڵێت کە بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بەردەوام لە زیادبووندایە و زۆر مەترسیدارە، هەربۆیە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەو بابەتە و چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی حاڵەتەکە، پێویستمان بە هەڵوێستەکردن و کاری جدی هەیە. بێگومان ئەمەش تەنها بە قسەکردن نابێت، بەڵکو هەوڵی هەمەلایەنەی وەک چالاکوانی بواری دەروونناسی و کۆمەڵناسی و کەرتی پەروەردە و خێزان و لەسەرووی هەمووشیانەوە حکومەت و یاسا هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و خستنەڕووی مەترسییەکانی مادە هۆشبەرەکان چونکە پەرەسەندنی ئەم دیاردە نامۆیانە دواجار دەبێتە مایەی لەناوبردنی سەرمایەی مرۆیی وڵات و سستبوونی تاک و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێئاگای بەکاربەر و تەمەڵ، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە کە لە ئایندەدا زیاتر هەست بە زیانەکانی دەکرێت، ئەگەرچی زیانەکان فرە رەهەندن چ لە رووی ئابورییەوە بە فیڕۆدانی سامانی خودی تاک و دواتریش بە هەدەردانی سامانی گشتیی وڵاتە، لەلایەکی دیکەشەوە تاکی بەکاربەر بێئاگا دەکات لە دنیای رۆشنبیری و دادەبڕێت لە کۆمەڵگە و کەرتی خوێندن و پەروەردە، هەموو ئەوانە وادەکات لای تاکی ئالوودە بوو، یاخود بەکاربەری مادەی هۆشبەر هەستی ئینتیمای لاواز بێت بۆ نیشتمان و نەتەوە و تەنانەت خێزان و خودی خۆشی، ئەمە جگە لە بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، باس لەوەش دەکرێت کە بەشێکی تر لە توێژی نەوجەوانان لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی دەستیان داوەتە کێشانی جگەرە و ڤایپ و رەنگە ئەمەش لە ئایندەدا سەربکێشێت بۆ بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان. 
ئەوەی زۆر گرنگە هەموان بیزانن ئەوەیە کە دەستی کار و سەرمایەی مرۆیی و هێزی ئابووری هەر وڵاتێک پەیوەستە بە هێزی گەنجان و تازە پێگەیشتوانەوە، هەربۆیە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئەو بابەتە ئەرکی لە پێشینەی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە لەپێناوی ئایندەیەکی گەش و کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

وتارەکانی نوسەر