تاکڕەوی لە حکومڕانیدا رەتبکرێتەوە

10:09 - 2022-10-31
عەتا تەها
500 خوێندراوەتەوە

لەدوای راپەڕینی1991 وە و بەڕێوەچوونی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی لێکەوتەوە، تادەگاتە ئەمڕۆ پڕۆسەی حکومڕانی بە دەیان کۆسپ و قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا تا رادەیەک هەرێم توانیویەتی خۆی بەڕێوەببات. 
زۆرجار زەمینەیەکی لەبار و گونجاوی دادپەروەر بەپێی بەرکەوتە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەڕەخساوە، بۆیە هەندێک هێز و لایەن سازشیان لە ماف و بەرکەوتە و شایستەکانی خۆیان کردووە. 
هەڵبەتە تەنها بە ئامانجی یەکڕیزی و سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بووە کە لەو نێوەندەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەر لە هەموان زەرەرمەندی سەرەکی ئەو دۆخە بووە.
 ئەگەرچی وردبوونەوە لە رابردوو جگە لە هەڵدانەوەی برینەکان هیچی تر نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم خۆیان بە رابردووی خۆیاندا بچنەوە، ئەگەر باشیان کردووە ئەوا هەوڵی باشترکردنی بدەن بە پێچەوانەشەوە لە پیادەکردنی دەسەڵات و مامەڵەی خراپ، ئەوا بە هەڵوێست و حکومڕانی خۆیاندا بچنەوە.
لەماوەی سێ دەیە لە حکومڕانی خۆماڵیدا هەمیشە لایەنێک داخوازیی لەسەر پۆستە هەستیار و گرنگەکان بووە و توانیویەتی ئەوەی کە ویستی لەسەر بووبێت بەدەستی بهێنێت، هەر نەبووە یاخود زۆر کەم سازشی لەسەر شتێک کردبێت، لە بەرامبەریشدا بە پێچەوانەوە هێزە هاوتاکەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، هەمیشە یاخود زۆرجار سازشی لە مافە شایستە سیاسی و یاساییەکانی خۆی کردووە، هەڵبەتە تەنها مەبەست لێی پاراستنی ئەم هەرێمە بووە و ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بووە، کە ئەمە بۆخۆی زۆرجار هەم یەکێتی و هەم بەشێک لە لایەن و هێزە سیاسییەکان و هەم خەڵکی کوردستانیش باجی ئەم تاکڕەوییە خۆپەرستی و سەرەڕۆییەی هێزێکی سیاسی کوردستانیان داوە بەتایبەتی لە زۆنێکی دیاریکراودا. 
هەربۆیە پێویستە بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی تەواوی هێز و لایەنەکانی تر، چیتر رێگە نەدەن بە تاکڕەویی هێزێکی دیاریکراو و رێگریی لەو شێوازە حکومڕانییە بکەن، با ئیتر حکومەت ببێتە حکومەتی پرس و راوێژی بەشداربووی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان و چیتر هیچ هێزێک وا نەزانێت خێر بەهێزێک و لایەنێکی تر دەکات، با هەموان پێکەوە بەشدارێکی جدی و کارا و پرس و راوێژپێکراوی راستەقینەی کایەی حکومڕانی ئەم هەرێمە بن، بۆئەوەی دواجار هەموان پێکەوە خزمەتی خاک و خەڵک و نەتەوە بکەن.

وتارەکانی نوسەر