کار و کاردانەوە لە مامەڵە سیاسییەکاندا

10:15 - 2022-11-07
عەتا تەها
396 خوێندراوەتەوە

لە کار و کاردانەوەدا، دەکرێت کارەکە ئەرێنی بێت یاخود نەرێنی بەڵام دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت کە کاردانەوە پەرچەکرداری کارەکەیە یاخود فەرمانەکەیە، بەنموونە لە ئەنجامی کارێکی باش دەکرێت جۆری کاردانەوەکە ستایش و سوپاسگوزاری بێت، خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە کارێکی سلبی کرا، ئەوکات وەڵامی کاردانەوەش سلبی دەبێت. 
هەڵبەتە مەبەستمان لە باسکردنی ئەو بابەتە شوبهاندنیەتی بە دۆخی سیاسی هەرێم، بەتایبەت خراپیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی حکومڕانی هەرێمی کوردستان واتا یەکێتی و پارتی، کە خەریکە دەگات بە مریشکە رەشە. ئەگەر ئەم جۆرە لە سیاسەت و حکومڕانییە بەردەوامی هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکان باش نابن.
دروستبوونی ئەو دۆخە لە ئەنجامی کارەکانی حزبی بەرامبەرە کە دواجار کاردانەوەکان دەرهاویشتەی سلبی لەخۆ دەگرێت، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە دەیان بەڵگەی دروست لەبەردەستدایە لەوانە داڵدەدانی کەسانی سەرپێچیکار و لە یاسا هەڵهاتووی ئەوەی کە پێی دەوترێ زۆنی سەوز هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بەخشینی تۆمەی ناڕەوا بە کەسایەتی و سەرکردایەتی یەکێتی. 
جیاوازی دەکرێت لە پیادەکردنی سیستمی حکومڕانی و لاسەنگی خزمەتگوزاری و کارگێڕیدا دواجار هەموو ئەمانەش لە لایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە قبوڵ نەکراوە، هەربۆیە دەرئەنجامی ئەوکارانە پەرچەکردار و وەڵامەکان بە ئەندازەی هەمان ئەو دەرهاویشتانەیە کە ئاراستەی دەکرێت. 
بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە و گۆڕانی هاوکێشەکە بە ئاراستەی باشبوون و ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، ئەوا پێویستی بەوە هەیە کە هەندێک لە کاراکتەرە بڕیار بەدەستەکانی نێو پارتی پێداچوونەوە بە سیاسەت و جۆری مامەڵەکردن و شێوازی حکومڕانیدا بکەنەوە، هەرچەندە ئەوە بەدیناکرێت ئەوە بەنادیدە بگیرێت کە رەنگە کەسانێک هەبن لەنێو پارتیدا تەنانەت لە ئاستی باڵاو هەرەمی دەسەڵاتیشدا خواست و جۆری مامەڵەکردنیان جیاواز بێت و حەز بە دروستبوونی ئاڵۆزی نەکەن، بەڵام رەنگە سنووری خواست و دەسەڵاتیان بە ئەندازەیەک بڕ بکات کە نەتوانێت سنووری خواستی هاوئاستەکەی تێپەڕبکات لەبەرامبەردا هاوئاستەکەی زیاتر ئامانجەکان بەدەست بێهێنێت .

وتارەکانی نوسەر