هەواڵی کردنی رۆمانی «سەد ساڵ تەنیایی» نووسەری کۆڵۆمبی گابریێل گارسیا مارکیز لەلایەن نێت فلیکسەوە بۆ زنجیرە دراما کەمێک تووشی شۆکی کردم، چونکە لەلایەک ئەو رۆمانەی مارکیز جێیەکی تایبەتی هەیە لەلام و کاتێک لە قۆناغی ناوەندی بووم ئەو رۆمانەم خوێندەوە و یەکێکە لە رۆمانەکانی مارکیز کە زۆر پێی سەرسامم، لەلایەکی دیکە ئەزموونی لەو جۆرەم هەیە کاتێک چێژێکی زۆر لە خوێندەنەوەی رۆمانێک دەبینیت کە دەکرێتە فیلم بە جۆش و خرۆشەوە تەماشای دەکەیت، بەڵام دەبینیت کارێکی سارد و رووکەشی لێدەرچووە و هەموو ئەو هەستانەی لە کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە ئەزموونت کردووە لە تەماشاکردنی فیلمەکەدا هەستی پێناکەیت و تووشی نائومێدی دەبیت، نموونەش رۆمانی کۆدی داڤینشی نووسەر دان براون بوو کە رۆن هاوەرد کردی بە فیلم و ئەستێرەی ئەمریکی تۆم هانکس رۆڵی پاڵەوانەکەی گێڕا، کاتێک تەماشامکرد چاوەڕێی کارێکی زۆر مەزنم دەکرد، بەڵام بەداخەوە فیلمەکە لە ئاستی سەرکەوتوویی و چێژی رۆمانەکەدا نەبوو، لەبیرمە ساڵی 2007 بابەتێکی رەخنەیی و بەراوردکردنم لە نێوان فیلمەکەی رۆن هاوەرد و رۆمانەکەی دان براون نووسی و لە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێدا بڵاوکردەوە، لەبەرئەوە کاتێک ئەو هەواڵەم خوێندەوە ترسام لەوەی نەتوانرێت ئەو هەموو هەست و وردەکارییە جوانەی لە رۆمانەکەی مارکیزدا هەیە لە زنجیرە درامایەکدا بەرجەستە بکرێت، چونکە زۆرجار نووسەر و دەرهێنەری ئەو جۆرە فیلمانە تەنیا هێڵی گشتی رووداوەکانی ناو رۆمانەکە وەردەگرن و دەیکەنە فیلم یان دراما و لەبیریان دەچێتەوە جوانی رۆمانەکە و بەسەرهات و چیرۆکەکانی ئەو وەسف و وردەکاریی و وێنانەیە کە نووسەر بەتایبەتی یەکێکی وەکو مارکیز دایدەڕێژێت و واتلێدەکات خەیاڵت بجووڵێت و چەندین وێنەی ئەفسووناوی لەبەرچاوت بەرجەستە ببێت کە هیچ دەرهێنەر یان کامێرا و ئەکتەرێک ناتوانێت بەئاسانی لەسەر ئەرزی واقیع و بەردەم کامێرا بەرجەستەی بکات، بە پێچەوانەشەوە جاری وا هەیە رۆمانێک دەکرێتە فیلم وادەکات ئەو جوانی و فانتازیایەی لەو کتێبەدا هەیە و ئەوەی خوێنەر حەزی پێدەکات بە چاوی خۆی و بەوێنە بیبینێت لە فیلمێکدا بەرجەستە دەکرێت و ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە زۆر بە جوانی کاراکتەر و رووداوەکانی نێو رۆمانەکە دەکەنە وێنەی زیندوو بە تایبەتی ئەو رۆمانانەی خەیاڵی و فانتازیان وەکو نموونەی زنجیرە فیلمەکانی هاری پۆتەر، زە لۆرد ئۆف زە رینگ، هۆبیتەکان..هتد، دواجار من کە خولیام خوێندنەوەی رۆمان و تەماشاکردنی فیلم و دراماکانە بەتایبەتی ئەوانەی جێی مشتومڕن بێگومان خۆم پێناگیرێت و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زنجیرە درامای سەد ساڵ تەنیای تەماشای دەکەم لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەرئەوە دەبێت بزانم ماکوندۆ-کەی نێت فلیکس بەقەدەر ماکوندۆ-کەی مارکیز جوانە؟!