تەقە و قاقا: 6

كێخوا: 3

10:39 - 2022-11-16
رەهبەر سەید برایم
342 خوێندراوەتەوە

كێخواش هێند بێئارام بوو، ئاو لە جلكو بەرگمان دەهاتە خوار، پێش دانیشتن و خۆ وشك كردنەوە كێخوا، ئەوجا بەپەلە قسە دەكات و دوو بارەشی دەكاتەوە، پیرەژن جارێ بەخێرهاتنی نەكردبووین، كێخوا گوتی: (دۆ، دۆ، دۆ) بەپەلە و بەخێرایی یەك سەلیە دۆی گوت، پیرەژنەكە گووتی: بەو نیوەشەوە، بەو سەرمایە، بەو زستانە، كوڕی بێوەژنێ مەعیدەی چەند سازە، ئەوجا كێخوا باوكی كۆچی دوایی كردبوو، دایكی مابوو، بەڕەحمەت بن، من و مامۆستا ئازاد تێر پێكەنین.
جارێكی دیكە لە بەحرێ پەڕینەوە بۆ بناری كۆسرەت، لەناو بەلەمەكەدا بووین، ئاوەكە سامی هەبوو، شەپۆلی دەدا كێخواش لە ئاوەكە دەترسا توند هەردوو دەستی بە بەلەمەكەوە گرتبوو، دلێری حاجی قەڵایش دەیزانی كێخوا لە ئاوەكە دەترسێ، ئاوی پێدا دەكرد، كێخواش مشەوەش بووبوو، دلێریش وازی لێ نەدەهێنا، كێخواش لە مشەوەشیان بە كابرای مەلەوانی گوت: رایگرە، رایگرە، دادەبەزم لە ناوەندی بەحریش بووین!
ساڵی 1981 لەگەڵ كێخوا كەوتینە دەشتی كۆیە ئەو كرا بە فەرماندەی كەرت، منیش لێپرسراوی ناوچەی كۆیە، نێوانمان خۆش و بە برایەتی بوو هەر پێكەوە دابەش دەبووین لە ماڵان، جارێك لە گوندی (ئالیقە)ی بناری كۆسرەت بووین، لە ماڵێك دابەش بووین گوتمان پیاوتان لە ماڵە، كچێكی باڵابەرزی ڕووخۆش گوتی: فەرموون، من و كێخواش دانیشتین بە گەرمی بەخێرهاتنی كردین و ژنێكی دیكە و چەند منداڵێكی لێ بوو، گوتمان ئەی كوا پیاوەكەتان، كچە جوانەكەش گوتی: وەڵڵا لێرە نییە پێشمەرگەیە، ئێمەش گوتمان دەڕۆین مادام پیاوتان لە ماڵ نییە، سوێند و قورئانیان خوارد كەوا نەڕۆین، گوتمان ئاخر جوان نییە، پیاوتان لە ماڵ نەبێ!!، كچەكە دەیگوت مێردەكەم هێندە قۆز وئازایە واپێی هەڵدەگوت دەیهێنایە سەر سەرو سیماو شێوەی وەك كوێخا. بە ئەو دەچوو، كچەكە چەند پرسیارێكی دەكرد و دەڕۆیشتە ئەو دیو، دەبووە قاقای پێكەنین ئێمەش نەماندەزانی بەچی پێدەكەنن!! دوایی دایكی كچەكە هات و گوتی: ئێوە بەڕاستی فەقیر حاڵن، كچەكەم شووی نەكردووە، چۆن ئێوە نازانن ئەو ئافرەتە كچە یان ژنە!! ئێوە هێندە فەقیرن (هێلكەی كوڵاو و نەكوڵاو)لێك ناكەنەوە.
كێخوا لە ژیانی پێشمەرگایەتی چوارجار برینداربووە، زۆربەی ژیانی پێشمەرگایەتی لە دەشتی كۆیە و دۆڵی سماقوڵی بووە، كێخوا لە كۆنەوە ناسیاوەتی لەگەڵ خەڵكی گوندی داوداوەی دەشتی كۆیە هەبووە فەرماندەی (كەرتی دوو) بوو لە تیپی 93ی كۆیە، زۆر لە گوندی داوداوە دەمایەوە و ماڵیشی لەوێ دانابوو زۆر دەچووە ئەوێ، بۆیە پێشمەرگەكان كە بەڕێ دەكەوتن بۆ گوندی داوداوە هاواریان دەكرد:
كێخوا بڕیاری داوە
كەرتی دوو بۆ داوداوە

وتارەکانی نوسەر